Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ” گەشەی دیموکراسی “تان باش!

” گەشەی دیموکراسی “تان باش!

حەمە غەفور

دەستەواژەی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ درووست بوونی بزووتنەوەی گۆڕاندا لە کوردستان قورساییەکی پەیداکرد. پێش لەو ڕووداوە، حزبە پاشکۆکانی دەرەوەی بازنەی ڕەسمی پارتی و یەکێتی پێیان دەووترا، حزبی مووچەخۆری دەسەڵات یاخود مووچەخۆری پارتی و یەکێتی. تەنانەت کار بە شوێنیک گەییشت ئەو حزبانە دابەش بوون بەسەر دەڤەری زەرد و سەوزا! ئێمە بینەری حزبی زەحمەتکێشانی سەر بە یەکێتی یاخود نزیک لە پارتی بووین! ڕێکخستنەکانی ناوچەی دهۆک و بادینانی یەکگرتووی ئیسلامی زۆرتر گوێڕایەڵی پارتی بوون تا سەرکردایەتی یەکگرتوو! هەر بە ناو سەر بە یەکگرتوو بوون. حاڵی حزبەکانی دیکەش لەمان باشتر نەبوو! ئیسلامییەکان خۆیان دایە پاڵ نەعرەتەی ئەنتی پارتی بوونی بزووتنەوەی گۆڕان و ڕەنگی هەمان ئۆپۆزیسیۆنیان لە خۆیان دا. نەتیجە بینیمان گۆڕان کرایە دەرەوەی بازنەی گەمەی سیاسی و ئیسلامییەکانیش تووشی سەرەگێژە بوون. حزبەکەی حەمەی حاجی مەحمود چونکە گوێڕایەڵی ئێرانە لە دەڤەری سلێمانی نیشتەجێیە و زیاتریش بە موزیکی پارتی سەما دەکا، ئەو جارێ بۆی لواوە لە ناڵیش ئەدا و لەبزماریش!

بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی داعش و قەیرانەکانی دواتردا حزبەکانی جووڵانەوەی ناسیونالیستی کوردی دەرگیری چەندین کێشەی سیاسی و حکومەتی و ئابووری کۆمەڵایەتی بوونەوە، تا بەرهەم ساڵح و شاسوار عەبدولواحدیش یەکی حزبێکیان بە پارە و پوولی باهاوردەی ئەزموونی گەندەڵی دەسەڵاتی کوردی لە شەو و ڕۆژێکا قوت کردەوە. ڕایان گەیاندبوو گوایا بۆ ئەوەی ببنە بەدیلی دەسەڵات! ویستیان وا نیشانی خەڵکی کوردستان بدەن گوایا ئەم حزبانە سەربەخۆن، کەوتنە دەنگە دەنگ و تەقەی هەوایی بەسەر پارتی و یەکێتیدا، تا بەرەیەکی بەناو “ئۆپۆزیسیۆن”یان درووست کرد! ئەم بەرە تازەیە کە کۆمەڵێک ئیدیعای قەبەی لەخۆی بارکرد بە ئەکشنێکی بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری عێراق هەڵوەشایەوە! نەوەی نوێش ئەگەر چی نەچووە ناو ئەو بەرەیەوە، بەڵام بەو هەوایە دەژی کە لای ئەمریکاوە دێ! بۆیە تەحەدای جێگرتنەوەی پارتی و یەکێتی سەرکێشانیەتی بە دیواری واقعدا!

ئێستا ئیتر دوای مایەپووچ بوونی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی چوار حزبە ناڕازییەکە، هەر لە جێی خۆیاندا، هەموو لایەک دەبێ ئەو ڕاستییە حاڵی بووبێتن، ئۆپۆزیسیۆن و خەونی دەستا و دەست کردنی دەسەڵات و بەدامەزراوە کردنی دەسەڵات و سیاسەت، تا بگا بە چاکسازی و گۆڕانکاری لە ئەدای دەسەڵاتدارێتی کوردستانا لە قسەیەکی بێ ناوەرۆک زیاتر نەبووە و نابێ!

ماوەتەوە بڵێین؛ ئامانجی بەرهەم ساڵح لە بنەڕەتەوە بۆ درووست کردنی حزبەکەی ئیحتیوای ناڕەزاییەکان بووە بە هەمان شێوەی بزووتنەوەی گۆڕان، تا قاچێکی شاراوەی یەکێتی بباتە نێو پارلەمانی مەوعودی داهاتوو! بەڵام ڕەنجی ئەو ڕۆشنبیرانە بێ وەر بوو کە پەیتا پەیتا دەیاننووسی و دیمانەی تەلەفزیۆنی دوای دیمانەی ڕادیۆیی ئەنجامیان ئەدا و بە تاک و بە جووت باسی گەشە کردنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسییان دەکرد لە کوردستان! ئێستا بە کەوتنەلاوەی ئەم بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە نوێیە ئەو بەڕێزانە دەستێکیان کەوتۆتە ئەملا و دەستەکەی تریشیان کەوتۆتە ئەولا! ڕەنگە تا بەسەرهاتێکی تری هاوشێوە قەڵەمەکانیان پارکین بکەن!

هەڵوەشانەوەی خشکەییانەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن دەریخست لە کوردستان نە فرەیی و نە یەکتر قبوڵکردن و نە پرۆسەی پارلەمانی و دیموکراسی وەعدەدراو هیچیان چکۆلەترین ڕۆڵیان نەبینی لە ڕاستای گۆڕانکارییەکی واقعی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و پەرەسەندنی ووڵات و گەشەی کۆمەڵگە، بەڵکو زیاتر ڕۆڵی دەمامکێکیان دەبینی بۆ جوان کردنی ڕووی ناشیرینی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی! دابەش کردنی پۆستە سیادییەکانی عێراق و کوردستان لە لایەن سیای ئەمریکا و ئیتڵاعاتی ئێرانی و موسادی ئیسرائیلی و میتی تورکییەوە بەهەر عەقڵێکی دەسەلمێنێ لەم دەڤەرە دیموکراسی و دەستا و دەست کردنی دەسەڵات بە شێوەی ئاشتیانە گەورەترین درۆی مێژووە ! بۆیە هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستانیش مەسخەرەتر دەبێ لە هی عێراق و ڕەنگە بایکۆت ئەم جارە جەماوەرێکی گەورە لەخۆی کۆبکاتەوە تا هەنگاوی کرداری بۆ گۆڕانکاری لە داوێنی نزاڕەزاییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەست پێبکاتەوە!

About hkkk

Check Also

نامەی ناڕەزایەتی گەورەترین سەندیکای بەریتانیا …

بۆ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسان و هەموو دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان لە کوردستان کلیل لێرەدا بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *