Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 یادکردنەوەی ٨مارس هەنگاوە بۆچەسپاندنی یەکسانی…

یادکردنەوەی ٨مارس هەنگاوە بۆچەسپاندنی یەکسانی…

عبدالرحمن رسول …

یادکردنەوە ٨ی ئازار واتە ٨ی مارس گرینگی و تایبەتی زۆری هەیە، یەکێک لەو گرینگییانە ئەوەیە کە ئەوانەی یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە بەجۆرێک لەجۆرەکان باوەڕیان بە هەبوونی  یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان هەیە. لەبەرئەوەی ئەم ڕۆژە  ڕۆژێكە كە بووە بە ڕەمزی تێکۆشان و خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و ئازادیخواز بەرامبەر بە نەهێشتنی هەڵاواردنی جێندەری وجیاوازییەکان. ڕێزگرتن لە ٨ی مارس ڕێزگرتنە لە خەباتی مێژوویی ژنان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەیەك كە بە هۆی سیستەمی پیاو سالاری و نابەرابەری و چەوسانەوە بە سەریاندا داسەپاوە. تێکۆشانی ژنان پەیوەست نییە تەنها بەیادکردنەوەی  ٨ی مارسەوە، بەڵكو و ٨ی مارس بووە بەڕەمزی خەباتی ژنان دژ بە چەوسانەوەو نابەرابەری کۆمەڵگە.

٨ی مارس ئەم بۆنەیە زیاتر ھاندانی ژنانە بۆئەوەی بوێرانە ھەوڵبدەن و شان بەشانی پیاوان کاربکەن بەبێ بیرکردنەوە لە جیاوازی ڕەگەزی تا ژیانێکی باشتر بەدەستبھێنێت، لەڕێگای ئەو کارەی کە خۆیان خواستیان لەسەریەتی، کاربکەن بۆ شکاندنی بەربەستەکان، کەبۆیان سازدەبێ بەشێوازی جۆراوجۆر. لەلایەکی دیکەوە تێکۆشانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز ویەکسانیخواز دژی زوڵم و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان  کۆشش دەکەن بۆ نەمانی چەوساندنەوە و ستەمکردن بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ، و سەیرکردنی ژن وەک مرۆڤێک بۆتە ئەمری واقیع لە کۆمەڵگەکانی جیهانی مرۆڤایەتیدا. لە ژێر گەشەی بیروباوەرو فەلسەفەی مرۆڤایەتیدایە کە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیھان ئەم ڕۆژەکە ٨ی مارسە  پشووی فەرمیە و چالاکی گەورە سازدەکرێت، وەک وڵاتانی پێشکەوتوویی ئەوروپا وبەریتانیا و…هتد.

لەقۆناغی ئێستادا ڕەدکردنەوەی یەکسانی ژن  وپیاو بڕوانەبوون بە ژیری وعەقڵ بوونی ژنان دەبێتە مایەی شەرمەزاری  دواکەوتوویی لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا.  ئەگەرچی ژنیش شان بەشانی پیاوان لە ژێر سایەی سیستەم ویاساکانی سەرمایەداریدا دەچەوسێتەوە وبێ ماف دەکرێت، بەڵام بە هاوبەشی دەست بۆتێکۆشان دەبەن بۆڕزگاربوون وهێنانەدی مافەکانیان .

لەڕووی مێژووییەوە ھۆکاری گۆڕینی ٨ مارس وەک ڕۆژێکی جیھانی تایبەت بەژنان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٥٧، کە لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا سەرجەم کرێکارە ژنەکانی کارگەیەکی قوماش و دوورینی جلوبەرگ لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا لەپێناو زیادکردنی داھات و چاککردنی ژیان و گوزەرانیان و کەمکردنەوەی ماوەی کارکردنیان خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام بەھێز و زەبرێکی زۆر کەوتنە لێدانی ژنەکان و سوکایەتی پێکردنیان.

ئەم ڕووداوە کاریگەریەکی زۆری دروستکرد لەڕووی مرۆڤایەتییەوە و لە ساڵی ١٩٠٧ لەیادی پەنجاھەمین ساڵڕۆژی خۆپیشاندانی نیویۆرک لە ٨ی مارسدا خەباتی ژنان بۆ دابینکردنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ژنان خۆپیشاندانیان ‌ڕێکخست، پێشنیاریش کرا بۆ ئەوەی ڕۆژێک تایبەت بکرێت بەژنان، ئەم ھەوڵەش بەردەوام بوو لەلایەن چەندین ڕێکخراوی تری ئافرەتانەوە بەردەوام جەختی لەسەر دەکرایەوە وەک (ژنانی سۆسیالستی ئەڵمان، ئافرەتانی سوسیالیستی وەکو کلارا زتکین، ئافرەتانی سوسیالیستی ترەوە.

لە ٨ ی مارسی ١٩٠٨ دا دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٥٠ ساڵ ژنانی کرێکاری کارگەی رستن و چنینی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە، بەھۆی پەستانی زۆری کار لەسەریان و مووچەیەکی کەم دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایی کرد، خاوەنی ئەم کارگەکە بە ھاوکاری پاسەوانەکانی کارگەکە و بۆ ڕێگری لە ناڕەزایەتی بەشەکانی تری کارگەکە، بەهۆی دەربڕینی نارەزایەتی و بەرزکردنەوەی داواکاری بۆ هێنانەدی مافەکانی ژنان، بەڵام سەرمایەدارانی خاوەن کارگە ئەم ژنانەی لە شوێنی کارەکانیان زیندانی کرد، بە ھۆکارێکی نادیار ئاگر لە کارگەکەدا کەوتەوە و تەنھا ھەندێک کرێکاری ژنی دیلکراو توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، لەم کاتەدا ١٢٩ کرێکاری ژن لەم ئاگرەدا سووتان…

ڕۆژی ٨ی مارس بەم شێوەیە وەک ڕۆژێک بۆ نارەزایەتی ژنان لە بەرامبەر نابەرابەری و چەوسانەوەدا لە یادەوەری تەواوی خەڵکی دا مایەوە، لە ساڵانی دواتردا و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ناڕەزایەتی ژنان وەک خۆپیشاندان و دروستکردنی فشار لەبەرامبەر مافەکانی ژناندا بەردەوام بوو، پاشان لە ١٩ی مارسی ساڵی ١٩١١ ژنانی چەند وڵاتێک ڕژانە سەر شەقامەکانی وەک ئەڵمانیا، ئۆتریش، دانیمارک، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ئۆتریش ھێندە دەگاتە نزیکەی ٣٠ ھەزار کەس، لەئەنجامی ئەمەش ھێزەکانی پۆلیس ھێرش دەکاتە سەریان بە لێدان و دەستگیرکردن و توندوتیژی بۆ کۆتاییھێنان بە خۆپیشاندانەکە.

پاش ھەموو ئەم ھەوڵ و کێشە و کۆششکردنەوەی ژنان، لە ساڵی ١٩١٣ لەلایەن چەند دەزگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ڕۆشنبیری ژن ، ٨ ی مارس دەکاتە ڕۆژی جیھانی تایبەت بەژنان .

لەدوای ئەم بڕیاڕەش ئافرەتانی شۆڕشگێڕ لە چەندین وڵاتی دیکە لەم ڕۆژەدا لەپێناو بەدەستھێنانی مافەکانیان و نەھێشتنی زوڵم و ستەم خۆپیشاندانیان دەکرد، لە ساڵی ١٩٢١ دا “ئافرەتانی ئەنترناسیوناڵی سێیەمی کۆمۆنیستی مۆسکۆ ڕۆژی ٨ی مارس وەک رۆژی جیھانی ئافرەت پەسەند کرد، لەدوای جەنگی دووەمی جیھانیش پەرەی سەند و بۆ بەشێکی دیکەی وڵاتانی ئاسیا و ئەمریکا و چەندینی تر..

ڕۆژی ٨ی مارس بەمشێوەیە وەک ڕۆژێک بۆ نارەزایەتی ژنان بەرامبەر نابەرابەری و چەوسانەوە و توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە یادەوەری خەڵکیدا مایەوە، لە ساڵانی دواتردا و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ناڕەزایەتی ژنان وەک خۆپیشاندان و دروستکردنی فشار لەبەرامبەر مافەکانی ژناندا بەردەوام بوو.

یەکێک لە دیارترین داکۆکیکەرانی مافەکانی ژنان لە وڵاتی ئەڵمانیا کلارازێتکین (١٨٥٧-١٩٣٣) بوو، خواستەکانی ناڕەزایەتی ژنانی لە ئەڵمانیادا لەسەر بنەمای١- ٨ کاتژمێر کارکردن بۆ ژنان لەڕۆژێکدا،٢- مافی پشوو،٣- مافی مۆڵەتی لەدایکبوونی منداڵ،٤- یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا لەیاسادا خستە ڕوو..

لە ئەوروپا دووەمین کۆنفرانسی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی ژنان کە ١٠٠ ژن بەشدارییان تێدا کردبوو لە ١٧ وڵاتی جیھاندا، بە پێشنیاری کلارازێتکین لە ٢٧ ی ئابی ١٩١٠ لە کۆپنھاگن رۆژی ٨ ی مانگی مارس وەک ڕۆژی ژنان دەستنیشان کرا.

یەکەمین ڕۆژی جیھانی ژن لە مانگی مارسی ١٩١١ لە دانیمارک، ئەڵمانیا، ھۆڵەندا، نەمسا، سویسرا و ئەمریکا بەڕێوەچوو، ملیۆنان ژن لەم ڕۆژەدا بەشدارییان کرد، خواستە سەرەکییەکانی ژنان بریتی بوون لە یاسای پاراستنی کار بۆ ژنان، مافی دەنگدان و بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنەکاندا، یەکسانی مووچە لەگەڵ پیاواندا، ٨ کاتژمێر کارکردن لە ڕۆژێکدا، پاراستنی دایک و منداڵەکەی، زیادکردنی مووچە کەمەکان.

لە دوای شەڕی جیھانی دووەم، لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٩٤٦ بۆنەی ھەشتی مارس بەڕێوەچو، لەم وڵاتانە بە ڕەسمی لە لایەن دەوڵەتەوە شکۆدار بەڕێوەچو وەک نیشاندان خەمخۆری بۆ کێشەکانی ژنان.

ئێستا ٨ی مارس لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دونیا ھەموو ساڵێک شکۆدار بەڕێوە دەچێت، و وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت بەرامبەر بەنابەرابەری چەوسانەوە وکوشتن و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان. لە قۆناغی ئێستای مرۆڤایەتی دا مرۆڤەکان پێویستیان بەئامادەسازی وتێکۆشانی گەشەی شۆڕش و گۆڕانکاری هەیە لەسیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری دا کە لەجێگەی دا سیستەمێکی ئازاد و بەرابەر بنیادبندرێت. دژایەتیکردنی چەوسانەوە و کوشتن و توندوتیژ بەرامبەر ژنان و کەمکردنەوەی هەژاری و  بێکاری و دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە وباشتر بۆ هەمووان ئەرکی دەسەڵات و سیستەم بێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٦ بەرواری ١/٣/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

About hkkk

Check Also

پشتیوانی نامەی کراوەی …

پشتیوانی نامەی کراوەی  (کۆمیتەی داکۆکیکار لە مافو ئازادیەکانی/ هەرێمی کوردستان-عێراق) سەبارەت بە  دەستگیرکراوەکانی هەولێر و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *