کۆنگرەی ١٤ی پارتی، مانەوەی گرفتەکانی بەردەم دەسەڵات!

نووسینی: خەسرەو سایە

لەشانوگەریەکی تەشریفاتی چەند ڕۆژەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دوای١٢ ساڵ کۆنگرەی خۆی بەست. سەرەتا مەسعود بەرزانی لەوتەیەکیدا داوای کۆنگرەی بۆ وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتی پارتی قەبوڵ کرد و دواتریش گەڕایەوە بۆ سەرگوزشتەی ڕابردوی قارامانانەی “بەرزانی نەمر” و ئامۆژگاریەکانی و ئینجا نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری خۆیی و ئەویش مەسرور بارزانی وەک جیگیری دووەمی سەرۆکی پارتی پێشنیارکرد وکۆنگرەش بەبێ هیچ پرسیارو دەردەسەریەک لەبەردەم ئەم پێشنیارانەدا بەچەپڵە ڕێزان هەستایە سەرپێ. بەم جۆرەش “سێ کۆچکەی بەرزانی” لەلوتکەی دەسەڵاتی پارتیدا، جێگیرکرایەوە. بەڵام شانۆگەریەکی ئاوا چ ڕاستیەکمان پێدەڵێت؟

ئەگەر بۆ هەرحزبێکی سیاسی لەدونیای ئەمڕۆدا، تەنانەت ئەگەر ئەحزابی بۆرژوازیشبن، سیاسەت و بەرنامەی کار، لەسەر ئەو مەسەلانەی کەیەخەی بەخەڵک وکۆمەڵگە گرتووە، بنەمای هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی ئەو حزبە بێت و هەر ئەوەش سەرچاوەی مانەوەی یەکگرتویی ڕیزەکانی بێت، ئەوا بۆپارتی هیچ یەک لەم فاکتۆرانە پێوانە نییە، بۆ پارتی وەفاداری بۆ بنەماڵە ومانەوەی دەسەڵاتی باڵا لەدەست نەوەکانی بنەماڵەدا پێوانەی سەرەکیە و ئەگەر باسێکیش لەسیاسەت و کارنامەی حزب بکرێ ئەوا پاشکۆی ئەم بابەتەیە و یەکگرتویی و ئینسجامی ناوخۆی پارتێش لەیەکەم هەنگاودا هەربەم فاکتۆرەوە، بەستراوەتەوە. بەواتایەکیتر پارتی وەک هەر حزبێکی تەقلیدی بنەماڵەیی و قەومی، کەئیلهام لەڕابردوو وەردەگرێ، باسکردن لە”ڕێبازی نەمرانی ڕابردوی بنەماڵەوە”وە بەسە تا ئەم ئامانجە بەدەست بهێنێ و ڕیزەکانی خۆی لەدەور یەکبخات. ڕیبازێک کەیاخی بوونی چەکدارانەی دەرەبەگ و مەلاو شێخەکانی تیرەی بەرزان لەسەر ئەرزو ئاو وجێگیرکردنی دەسەڵاتە لۆکاڵی و بنەماڵەییەکان، لەمێژوودا شتێکی زیاتر لەمە ناخاتە بەرچاو. کۆنگرەی ١٤ی پارتیش کەبەپشت بەستن بەم ڕابردوەو بەم ڕێبازە سازکراوە و ئەرکی سەرەکی هەرئەوە دەبێت کەدەسەڵاتەکان لەباوانەوە بۆ وەچەکانی بگوازێتەوەو دەسەڵاتی بنەماڵە لەنێو حزبدا دوبارە بەرهەم بهێنێتەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا لەنێو ئەو هەزار نوێنەرەی کۆنگرەکەی پارتیدا، کەسێکی تر لەدەرەوەی “سێ کوچکەی خێزانی بارزانی” شایستە بۆ گرتنەدەستی پۆستە باڵاکانی ئەم حزبە لەئارادا نەبوو، تا لانی کەم لەکۆمەلگەدا وانیشان بدات کەپارتی گۆرانکاری لەخۆیدا کردوە؟ ئایا ئەسڵەن کەسێک دەیتوانی وەک بەدیلێک لەدەرەوەی “بنەماڵەی بارزان” خۆی کانید بکا، ئەگەرچی دەنگی کۆنگرەش نەهێنێتەوە؟.

لەڕاستیدا دانانەوەی مەسعود بەرزانی بەسەرۆکی حزب وکوڕانی بەرزانی لەباڵاترین پۆستەکانی دەسەڵاتی پارتیدا، تەنها ئەرک و ئامانجی سەرەکیە کە لەسەرشانی ئەم کۆنگرەیەیە، تا لەڕیگایەوە دوای ١٢ ساڵ جارێکیتر شەرعیەت بەدەسەڵات ونفوزی باڵای خێزانی بارزانی لەم حزبەدا بداتەوە. بەڵام مەسعود بەرزانی کەخولیای ڕابەری بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەردایە و پێشتر نەیتوانی خۆی وەک سەرۆکی هەرێم لەنێو خەڵکەوە هەڵبژێرێت وببێتە “ڕابەری ڕوحی بزوتنەوەی کوردایەتی”، لەگەڵ پاشەکشەیەک بەرەوڕووە، کاتێک کە ڕازیبوە بەوەی کەکۆنگرەی ١٤ میدالێ سەرۆکی حزبەکەی بەسنگەوە هەڵواسێ. بەتایبەتی کەئیتر نەتەمەن و نەفەزای سیاسی ڕیگەی ئەوەی پێنادات، ئەم خولیایەی لەئەرزی واقعدا، سەوز بکا.

لەپەردەیەکی تری ئەم شانۆگەریەدا، پێشنیاری مەسعود بەرزانی بۆ دانانی جێگرەکانی لەبرازاو کوڕەکەی، ئەگەر بۆئەوە بێت کە وانیشان بدات لە نێوان کوڕ و برازادا هیچ ناکۆکیەک نیەو پارتی لەدەوری ڕیبازی بەرزانی نەمر یەکگرتووە، ئەوا ئەوپرسیارە دێتەپێشەوە کەئایا ئەم یەکگرتوومانەوەیەی پارتی دەتوانی لەدەوری بنەماڵەی بەرزانی و ڕێباز ومێژوەکەی تاسەر بمێنێتەوە؟

بێگومان کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەیەکی شاری و سەرمایەدارییە ولەمێژە سەردەمی تیرەو هۆزەکانی تێپەڕاندووە، لەمێژە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی شاری و چینە کۆمەڵایەتیەکان بۆ بەدەستهێنانی داخوازی و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، سەردەمانی یاخی بوونی شێخ و مەلاو دەرەبەگ و سەرۆک عەشیرەتەکانی بارزان و تاڵەبانی، تێپەراندووە، ئێستا ئیتر خۆپیشاندان ومانگرتن، کۆبوونەوەی جەماوەری وبەستنی ڕێگای شارەکان.. لەلایەن خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش و ژنان و لاوان و مامۆستا و خوێندکار وکارمەندانی گرێبەستەوە، سیمای ناڕەزایەتیەکی کۆمەڵایەتی لەدژی سیستەم و دەسەڵاتێک هێناوەتە مەیدانەوە و تادێت فشارێکی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لەسەر حزبە تەقلیدیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دادەنێ و لەسەر چۆنێتی کۆنترۆڵکردنی ئەم بزوتنەوە نارەزایەتیە، زەمینەکانی سەرهەڵدانی درزو کەلێن و چەند دەستەگی لەناوخۆیاندا، پێکدێنێ. بەتایبەتیش لەدۆخێکدا کەناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی نەک هەر بەئامانجی خۆی لەگرتنەدەستی دەسەڵات گەیشتووە، بەڵکو دوای ٣٠ ساڵ لە ئەزمونی دەسەلاتدارێتی، کەپارتی و بنەماڵەی بەرزانی بەشی شێریان لەدەستدایە، ناتوانن چیتر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، لاوان و ژنان، بەخورافەی قەومی و نەتەوەچێتیەوە هەڵخەڵەتێنن و لەشەڕی یاخی بوونی سەرکردەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بۆ بەدەستهێنانی “مافەکانی نەتەوی کورد” لەدژی ڕژێم، لەژێر سێبەری دەسەڵاتەکەیاندا ڕایان بگرن. لەمەدا نەک هەرپارتی، بەڵکو هەمو ئەوحزبانەی کە “ئەزمونی کوردستان” بەدەستکەوت دەبینن و پەنا بۆ پڕوپاگەندەی کوردایەتی دەبەن، لەگەڵ دابڕانێکی کۆمەلایەتیدا بەرەوڕوون. خودی نارەزایەتیەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو کەخەڵکی کوردستانی خستۆتە بەرامبەر بەپارتی و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، نێشانەی ئەم دابڕانە کۆمەڵایەتیەیە، کەبەدڵنیایەوە، درزێکی لەپەیکەرەی حزبەکاندا پێکهێناوەو کەلێنێکی گەورەی خستۆتە ناو “یەکڕیزی حزبەکانەوە”.

بەڵام ئەمە هێشتا هەموو مەسەلەکە نییە. پارتی وەک ئەوەی کەحزبێکی دەسەلاتدارەو تێهەڵکێشە لەگەڵ دەسەڵاتی سەرمایەو بازاڕدا، بەپێویست پێگەی سیاسی هەر بەرپرسێکی حزبەکەی، تەعبیرە لە دەستڕاگەیشتنی ئابوری و بەرژوەندیەکان، لەم بازاڕەی سەرمایەدا کە دەیان هەزار کۆمپانیای حزبی و شەخسی خەریکی بەتالانبردنی داهات و ڕەنجی ملیۆنەها کرێکارو زەحمەتکێشە. بەم جۆرەش پلەو پایە لەحزبدا، ئەرکێک نییە، بۆ وەڵامدانەوە بەکێشەو مەسەلەکانی خەڵک و کۆمەڵگە، بەقەد ئەوەی پێگەیەکە بۆ دەستڕۆیشتویی لەبەدەستهێنانی قازانج و کۆکردنەوەی سەرمایەو ئیمتیازاتێک کەبتوانێ ژیانی فیرعەونی بۆ بنەماڵەی دەسەڵاتدارو سەرکردایەتی و پلەبەرزو نزمەکانی حزب فەراهەم بکات. نیگەرانی ئەندامانی کۆنگرە لەنەبونیان بەسەرکردایەتی لەم حزبەدا، نیگەرانییە لەوەی کە دەستیان ڕاناگات بەنانی چەوری سەرمایەو کۆمپانیاو ئیمتیازاتێک کەپارتی بە پلە حزبیەکانی بەخشیوە.

بەڵام خودی ئەوەی کەلەبازاڕدا مونافەسەی سەرمایەو کۆمپانیاکان، بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر دەکەونە جەنگێکی بەردەوامەوە، ڕەنگدانەوە لەسەر حزبەکان بەملشکاندنی یەکتر و مونافەسەی نیوخۆی سەرکردەو بەرپرسان لەشێوازی سیاسەتکردندا، دەخوڵقێنێ و عەشق بۆ دەسەڵات و پلەوپایە دەکاتە خولیای هەر بەرپرسێکی حزبی، تا بەهۆیەوە چنگی لەداهاتی زیاتر و ئیمتیازاتی دارایی و پڕکردنی گیرفانی گیر بکات. بێگومان لەمونافەسە و جەنگێکی ئاودا درەنگ یا زوو پیلانگێری وباڵباڵین تاسەرئاستی “گویزانەوەی سەنگەر لەم حزبەو بۆئەوی تر بەرهەمدێنێ و سەرەنجام شەپۆلێک بەڕی دەخات کە کوڕ لەبەرامبەر باوک و برا بەرامبەر ئامۆزادا دەخاتە دژایەتی بەرژوەندیەکانیانەوە. مێژوی دەسەڵاتە حزبیە بنەماڵەیەکان، مەلیک و شانسینەکان، هەر ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێن، کەپارتی بەوجۆرەی کەهەیە ناتوانێ سەرگوزشتەی ڕابردوی بنەماڵەو ڕێبازی نەمران تاسەر بکاتە چەسپێکی دوقلوو بۆ ڕاگرتنی ڕیزی یەکگرتووی خۆی.

لەمەش زیاتر، کۆنگرەی ١٤ جێگایەک نەبوو بۆ وەلام دانەوە بەکێشەکانی خەڵک، کەسی ساڵە لەگەڵ بێکاری و نەبوونیدا بەرەوڕوون، تەنانەت جێگایەک نەبوو بۆ باسکردن لەسەر ئەو کێشە سیاسی و ئابوری ودەرەکیانەی ڕووبەرووی دەسەڵات وسیستەمێک بۆتەوە کەبەدەست خودی پارتیەوەیە. هەربۆیە سەرانی پارتی درۆ دەبەخشنەوە کاتێک دەڵێن “سەرکەوتنی کۆنگرە سەرکەوتنی نەتەوەی کوردە” و لەقازانجی کوردستاندایە. بەلام سەیر لەوەدایە کە کۆنگرەی ١٤ی پارتی لەژێر دروشمی “ئازادی و دیموکراسی و دادەدپەروەری”دا بەڕێوەبرا بەبێ ئەوەی یەک ڕستەش لەبارەیەوە بوترێت. ئایا هێنانی ئەم دروشمە بۆ پارتی کەخۆی حزبی دەسەڵاتدارە بۆئەوەیە کەداوای ئازادی لەخەڵک بکات؟ ئایا کۆنگرە دەیەوێت دیموکراسی بەرین بکاتەوە ودادپەرەوەری بەئاستێکی باشتر لەنیوان زۆرینەی خەڵكی هەژارو برسی و بیکار وکەمینەی چینی دەسەڵاتدارادا، کەسەرکردایەتی و پارتی و کۆمپانیاکانی بەشێکن لێی، بەدێ بهێنێ؟ بەراستی دەبێ ئەوە ناو بنێت چێ کەحزبێک خۆی دەسەڵاتدارەو وەک دەڵێت “هێزی… یەکەم” ی کوردستان و عێراق وناوچەکەیە،.. کەچی دروشمی ئازادی بدەیت؟ ئایا کەس دەستی گرتون ئازادی سەقامگیر کەن؟ دیموکراسی و دادپەروەری زامن بکەن؟.

لەڕاستیدا ئەوەی پارتی مەبەستیەتی لەهێنانی ئەم دروشمەدا، هەرئەوەیە کەهەق بەخۆی بدا مامۆستای ناڕازی لەشەقامدا بداتە بەرشەق، هەڵسوڕاوانی بادینان زیندانی بکا و هەرکەس مەترسی لەسەر دەسەڵاتەکەی بوو بیخاتە ناو زیندانەوە. تانەنەت لەناوجەرگەی زانکۆدا خوێندکارو مامۆستا بفڕێنێ. دیموکراسیش هەرئەوەیە کە هەرکات پارتی ویستی دەرگای پەرلەمان و حکومەت دابخاو سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان بنێرێتە ماڵەوە ودەنگدان و هەڵبژاردن دوابخا وکارمەندانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش لەزۆرینەی ئەندمانی خۆی پێک بهێنێ. دادپەروەریش هەرئەوەیە کەلانی کەمی موچەی کرێکارێک بە ٣٥٠ هەزار دینار بکاتە یاساو لەموچە ببڕێ وخۆی لەدامەزراندنی گەنجان بدزێتەوە ودەرمان و خوێندنیش وەک کاڵایەک بخاتە بازاڕەوەو سەرەنجام کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بەرداتە گیانی خەڵک و بێبەزەیانە کرێکاران و کارمەندان بچەوسیننەوە.

بەڵام کۆنگرەی ١٤ی پارتی بەدەر لەو هاژوهوژەی کەناڵی روداو و میدیاکانی پارتی و کادرە موڵەتپێدراوەکانیان کردیان، بەدەر لەوەی کەسەرانی نێو خێزانی بەرزانی و سەرکردایەتی پارتی بەگوێی ڕای گشتی خەڵکی کوردستانیاندا، تەنانەت بەدەر لە پەیامی پیرۆزبایی و هیواخوازانەیەی کەیەکیتی وحزبەکانی تر بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە دایان، ئەگەر سەرنج لەڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرە بدەین ئاوا کێشە وگرفتەکانی بەردەم سیستەمو دەسەلاتێک کە بۆرژوازی کورد لەگەڵی بەرەو ڕووە، بەدەست لێنەدراوی و بێ وەڵام تێپەراندوە.

ئابوری کوردستان بەکوێ دەگات، ئایا کۆمپانیاکان هەر دەدزن و هەر راوروتی خەڵک دەکەن؟ ئایا خۆدزینەوەی حکومەت لەدابینکردنی کارو خزمەتگوزاریەکان وسەپاندنی کرێی کەم باج وخەراجدا، دەتوانێ ئابوریی کوردستان لەو قەیرانە ئابوریەو لەو چاوەڕوانیەی کەتێیدا چەقیوە دەرکێشێ؟ ئایا فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم، بەوجۆرەی کەلەپشتی حکومەت و وەزارەتەکانیەوە، لەلایەن پارتی و یەکیتیەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، دەتوانێ ئابوری کوردستان بخاتەسەر قۆناغێکی بوژانەوە؟

ئەمانەو دەیان پرسیار و گرفتی قوڵی تری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و حقوقی و ناوچەیی یەخەگیری دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە، دەسەڵاتیش دەمێکە ئەوەی خستۆتە روو کە ناتوانێت وەڵامدەرەی ئەم گرفتانە بێت، کۆنگرەی پارتیش لەو نمایشە حزبی و بنەماڵەییەدا، ئەوەی نیشاندا، کەزۆر لەخوار ئەو ئاستەوەیە کە بتوانێت وەڵام بەو گرفتانە بداتەوە، بەتایبەتیش بن بەستە لەوەی بتوانێت بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری جڵەو یان پاشەکشەی پێ بکات، کە بەکردەوە چەند ساڵیکە هاتۆتە مەیدان و خواستی راماڵینی دەسەڵاتی کردۆتە قیبەلەنومای ڕزگاری لەدەست زوڵم و بێمافی و نابەرابەری و سەرکوت…

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …