گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ ناوچە سنوریەکانی هەرێم

موحسین کەریم

رژێمی ئێران کە لەژێر زەبری خرۆشانی جەماوەریدا پەلەقاژەی دەربازبوون دەکات، دەیەوێ بە تاوانبارکردنی لایەنە سیاسیە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، بەوەی دەستیان هەیە لە هاندانی خەڵکدا، هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدان و خرۆشانی جەماوەری کرێکاران و لاوان و ژنانی ئێران بۆ پێچانەوەی بارگەوبنەی جمهوری ئیسلامی نادیدە بگرێت و بیکاتە پیلانگێڕی دەستی دەرەکی و کۆمەڵێك گروپی جیاییخواز!

بۆ ئەم مەبەستە، لەگەڵ سەرهەڵدانی خرۆشانی جەماوەری ئێران و شارەکانی کوردستاندا، بنکەی حزبە سیاسیەکانی کوردستانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج و بە مووشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەریان. بەڵام ئەم سیاسەتە بەهیچ کوێ نەگەیشت و خرۆشانی جەماوەری رۆژبەرۆژ زیاتر فراوان و بەرینتر و سەراسەری دەبێتەوە. کەم شاری ئێران هەیە کە خۆپیشاندانی جەماوەری و هێرش بۆسەر بنکەو بارەگاکانی دەزگا سەرکوتگەر و جاسوسیەکانی رژێم لەلایەن جەماوەرەوە ئەنجام نەدابێت، تا کار بەوە گەیشت ماڵی خومەینی لە شوێنی لەدایکبوونی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بسوتێنرێت و بەوجۆرە  گرنگترین پیرۆزییەکان جمهوری ئیسلامی کەوتە ژێرپێی خەڵکی نارازی ئێرانەوە!

ئێستا ئیتر دۆخەکە بەجۆرێکە کە لە هەموو گۆشەو کەنارێکەوە دەنگی ناڕەزایەتی دژی رژێم و خواستی روخانی بەرزبۆتەوەو هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەگەری مانەوەی رژێمی ئیسلامی بوەتە بەشێك لە مێژوو! بۆیە رژێم لەپاڵ دەستبردن بۆ سەرکوتی دڕندانەو کوشتاری سەرجادەیی خۆپیشاندەران بەتایبەتی لە شارە کوردنشینەکان و بلوچستان، هەڵکوتانە سەر ماڵان و زیندانیکردنی زیاتر لە ١٤هەزار کەس و هەڕەشەی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و…. دوبارە کارتی دەستی دەرەکی و هەڕەشەی هیرشکردن بۆسەر هەرێمی کوردستان گوایە بۆ زەربەدان لە لایەنە سیاسیەکانی نیشتەجێی هەرێمی راکێشاوەتەوە. فەرماندەی سوپای زەمینی رژێم ڕایگەیاند کە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق ئەو هێزانە لەناوچەکە دەرنەکەن، ئەوا هێرشی زەمینی بۆسەر هەرێـم دەست پێدەکەن. دواتریش سەفیری ئێران لە عێراق ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەگەر هێزەکانی حکومەتی ناوەندی کۆنترۆڵی ناوچە سنوریەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران بکەن، ئەوا ئەوان دەستبەرداری هێرشی زەمینی دەبن! ئێستا بڕیارە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم لەسەر چۆنیەتی جێگیرکردنی هێزەکانی پاراستنی سنوری سەر بە حکومەتی ناوەندی لەسەر سنورەکانی هەرێم و ئێران و هەرێم و تورکیاش دەست بەکاربن!

ئەگەرچی حکومەتی هەرێم و بەتایبەتی لەم دواییانەدا یەکێتی نیشتمانی، ڕاستەوخۆ بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی ئێران دەکەن و ڕێگا نادەن ئەو هێزە سیاسیانە سەریەشە بۆ رژێمی ئیسلامی دروست بکەن، بەڵام ئەم فشارە لەم هەلومەرجەدا و دانی کۆنترۆلی ئەو ناوچانە بە سوپای عێراق، بۆئەوەیە کە تەنانەت چالاکی سیاسی ئەو هێزانە لە هەرێمی کوردستان قەدەغەبکرێت و کۆتایی بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی رژێمی ئێران لە کوردستانی عێراق بهێنرێت، چونکە ئەوە فرسەت دەدات بەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و دەزگا جاسوسیەکانی عێراق کە نفوزێکی گەورەی ئێرانیان تێدایە، لەناو سوپای عێراقی پاراستنی سنورەکان، ڕاستەوخۆ سیاسەتەکانی ئێران دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەرنەپێشەوە، هەروەکو چۆن بنکەو ئۆردوگاکانی موجاهیدینی خەڵك لەلایەن میلیشیا عێراقەکانی سەر بە ئێران هەڵپێچران! هاوکات لەرووی سیاسی و یاساییشەوە ئەوەندەی دیکە حکومەتی هەرێم پابەند دەکەنەوە بە حکومەتی ناوەندیەوەو ئەو پێگە سیاسی و یاساییەی کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەدەستی هێنا، بەرەو کۆتایی بچێت، بەتایبەتی کە نەك تەنها سنورەکانی نێوان هەرێم و ئێران، بەڵکو سنورەکانی نێوان تورکیاو هەرێمیش لەلایەن سوپای عێراقەوە کۆنترۆڵ دەکرێ!

سەرەنجام ئەو دۆخەی کە دوای ساڵی ١٩٩١ و لەچوارچێوەی ستراتیژی سیاسی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەی کەنداودا بۆ کوردستانی عێراق و ئەحزابی سیاسی کوردایەتی هاتەپێشەوە و دەوڵەتانی ناوچەکە بەپێی ئەمری واقع ناچاربوون مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، خەریکە بەرەو کۆتایی خۆی دەڕوات. ئیتر دەوڵەتانی ئێران و تورکیا لەجیاتی حکومەتی هەرێم، کە پێکهاتەی هاوبەشی ئەتنیکی خەڵکەکەی لەگەڵ ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و تورکیادا ڕێگای ئەوەی پێنادات بێ باجی سیاسی دژی ئەو هێزانە بوەستێتەوە لەبەرژەوەندی ئێران و تورکیا، لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی عێراقدا مامەڵە دەکەن لە پەیوەند هەموو پرس و مەسەلەکانی پەیوەند بە ئابوری و سیاسی و پرسی سنورەکان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیانەوە لەناو هەرێمی کوردستان!

 

 

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …