هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، ڕژێمی ئێران لە زەبری ڕاپەرینی جەماوەری ڕزگار ناکات…

عەبدوڵا مەحمود

هەستان و راپەرینی جەماوەری لەسەراسەری ئیراندا ڕوو لە هەڵکشانە. ئامادەیی جەماوەری بۆ بەردەوامیدان بەم ڕاپەرینە، ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەم راپەرینە چۆك دانادات و ڕاناوەستێت، تا کۆتایی بە دەسەڵاتی نیزامی سیاسی سەرمایە لە ئێران دەهێنێت… ئەگەر سەرانی رژێم لە ئێران سەرەتا خوێندنەوەیان بۆ خۆپیشاندان و نارەزایەتی شۆڕشگێرانەی جەماوەری ئەوە بوو کە ئەویش وەکو هەستانە جەماوەرییەکانی پیشوو، بەخێرایی کۆتایی پێدێت، یان بەزۆری هێز دەتوانن کۆتایی پێبهێنن، ئەوا ئێستا بۆیان روونبۆتەوە، کە توخمەکانی راپەرینی ئەمجارە زۆر لەوە زیاترن کە بتوانرێت وەکو جارانی پێشوو، پاشەکشەی پێبکرێت…

جەماوەری راپەڕیو لە ئێران، میژووی ٤٣ ساڵ لەخەبات و نەفرەتی هەمەلایەنەی خۆیان لەدەسەڵاتی سیاسی جمهوری ئیسلامی، ئاوێزانی یەکتری کردووە، مێژووی سەرکوتگەری و بێمافی و هەڵاواردنی ٤٣ ساڵەی جمهوری ئیسلامیان کردۆتە پاکیجێک، کە پێویستە بۆ هەمیشە بە مۆزەخانەی مێژوو بسپێردرێت.

شەپۆلی نارەزایەتی بەرینتردەبێتەوە، جمهوری ئیسلامی دەیەوێت بۆ بەرگرتن بەو بەرینبوونەوەیەو لەوەش زیاتر راگرتن و کۆتایی پێهێنانی، رێگای سەرکوت و بردنەسەری توندوتیژی، و ترس و تۆقاندن بەدەستەوە بگرێت… بەڵام لەم هەوڵەشدا ناکامە… ئەوەتا لەگەڵ زۆربوونی سەرکوت و زەبروزەنگی ڕژێمدا، کاردانەوەی جەماوەری گەورەتر دەبێت، توڕەیی فراوانتر و ئاستی خۆپیشاندانەکان بەرزتر. هەروەها ترس لە رژێم بەئەندازەیەکی زۆر شکاوەو ئەو کاراییەی پێشووی لەدەستداوە… لە ئێستادا ترسی رژێم هەڵکشاوەو ترسی جەماوەری کەم بۆتەوە.

جمهوری ئیسلامی لەچوارچێوەی دەستبردنی بۆ توندوتیژی زۆرتر و بەدەستەوەگرتنی زۆرترین لە تواناکانی، بەدژی خۆپیشاندانی جەماوەری لەناوخۆی ئیراندا، هاوکات دەیەوێت هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، زۆرتر بکات… ئامانجی جمهوری ئیسلامی لەم هێرشانەیدا، بەجیا لە هەوڵێکی چەواشەکارانە بۆگواستنەوەی سەرنجی دنیا لەناوخۆوە بۆسەر سنورەکان، لەلایەکەوە بۆ ئەوەیە ڕاپەرین و هەستانی جەماوەری لە ئێران بخاتە ئەستۆی ئۆپۆزیسیۆن و لەلایەکی تریشەوە ناکامیەکانی لەسەرکوتی تائێستای خۆپیشاندانی جەماوەری لەناوخۆی ئیراندا، بشارێتەوە. زیاتر لەوەش دەیەوێت، ریشە و هۆکاری واقعی هەستان و ڕاپەرینی جەماوەری، کە لە بنەرەتدا نەفرەتە لە دەسەڵات و کارنامەو سەرکوت و بێمافی و هەڵاواردن، خەوشدار بکات و بیبەستێتەوە بەجوڵەو رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی سنورەکانی…. وە دەیەوێت مۆرکی ڕاپەرینی سەراسەری لە بزوتنەوەی شورشگێرانەی خەڵکی ئیراندا دابماڵیت و وەکو بزوتنەوەیەکی محەللی لە کوردستاندا کورتی بکاتەوە، دەیەوێت خەڵکی چ لە کوردستان و سەراسەری ئیراندا رابکێشێتە پای دەستبردن بۆچەک و چەک جێگای مەیدانی خرۆشانی جەماوەری بگرێتەوە. هەروەها دەیەوێت بە دنیا بڵێت کە ئێران هێشتا توانایی نەک لەناوخۆی ئیران، بەڵکو لە دەرەوەی سنورەکانیدا هەیەو هەڵسوڕان و مەیدانی دەخالەتگەریی لە وڵاتانی ناوچەکەدا، وەکو پێشوو درێژە پێدەدات…

جمهوری ئیسلامی بەهەر ئەندازە لەناوخۆی ئێراندا توانای سەرکوتی ناکام دەبێت، بەهەمان ئەندازە هێرشەکانی بۆسەر بنکەو بارەگاکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی زیاددەکات. وە هاوکات هەڕەشەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە، لەدەستی دەرەکی!! زۆرتر دەبێت. دیارە هێرش بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی لەدەرەوەی سنورەکانی و لە عیراق و کوردستاندا، تەنها هێرش و ملهوری نواندن بەرامبەر ئۆپۆزیسۆن نییە، بەڵکو ملهوریەکی ئاشکرایە بۆسەر ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و سەرجەم دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا. بەدوور نازانرێت هێزەکانی جمهوری ئیسلامی بەجیا لە بۆمباران و هێرشی درۆنی و ساروخی، هێرشی زەمینی بکاتە سەر هەریمی کوردستان و بنکەو بارەگاکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی جێگیر لە هەرێمدا.

تەنانەت جمهوری ئیسلامی ئەگەر بگات بەو باوەرەی کە بە جەنگیكی دەرەکی لەگەڵ یەکێک لە وڵاتەکانی ناوچەکە، دەتوانێت خۆی لە دەست جەماوەری راپەریوی ئیران رزگار بکات، دەستپارێزی ناکات و ئەو رێگایەش دەگرێتەبەر. جمهوری ئیسلامی لەحاڵەتی مان و نەماندایە… ڕاپەرینی خەڵکی ئێران خەریکە بەتەواوەتی ڕێگای گەرانەوەی لێدەگیرێت.

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی عیراق، کە زۆرترین سود لە روخاندنی جمهوری ئیسلامی ئێران دەبینن، و تەواوی کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی ئاڵوگۆر پێدەکات، ئەرکیانە لەلایەکەوە بەهەر جۆرێک لەتوانایاندایە پشتیوانی لە راپەرینی خەڵکی ئێران بکەن و لەلایەکی تریشەوە ئیدانەی ملهوری و لەشکرکیشی و بۆمبابارانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی بکەن…. خەڵکی عیراق و کوردستان و ناوچەکە، هاوچارەنووسی خەڵکی راپەریوی ئێرانن. دەسەڵاتی کۆنەپەرستی سەرمایە لە ئێران چۆن مۆتەکەی سەر دڵی خەڵکی ئیرانە، ئاواش مۆتەکەی سەر دڵی خەڵکی ناوچەکەو بەتایبەتیش عێراق و کوردستانە… خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانی خەڵکی تەواوی ناوچەکەو دنیا هەیە…

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …