ووتەی دەشتی جەمال لەخۆپیشاندانی ساڵیادی کاوەگەرمیانی لەلەندەن

ئامادەبوانی بەڕێز

من دەشتی جەمال لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

سەرەتا سوپاسی رێکخەرانی ئەم خۆپیشاندانە دەکەم و ماندوو نەبونیش لە ئێوە دەکەم کە زەحمەتتان کێشاوەو لێرە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و بۆ رێزگرتن لە یادی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی لەبەردەم نوسینگەی حکومەتی هەرێم کۆبونەوەتەوە.

هەموومان دەزانین کە خەڵكی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەرفرازی و ژیانێکی باشتر قوربانی زۆری داوەو ڕوبەروی کارەساتی مرۆیی و کۆمەڵکوژی بۆتەوە، کە هێشتا ئاسەواری ئەو کارەساتانە بەسەر ژیانی کەسوکاری قوربانیەکان ووەکو برینێکی سارێژ نەبوو لەناو دەرونیاندا ماوەتەوە. بەڵام بەداخەوە، ئەو حزب و هێزانەی کە لەئاکامی ئەو قوربانیانەوە بوونە دەسەڵاتداری کوردستان، نەك هەرچی هیواو ئومێدێکی خەڵکی کوردستان بوو بۆ ژیانی ئارام و ئازاد و شەرافەتمەند لەگۆڕیان نا، نەك خۆیان بوون بە خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدار و خاوەن ملیۆنەهاو ملیارەها دۆلار و ژیانی شاهەنەیان بۆ خۆیان و خێزان و نەوەکانیان مسۆگەر کردو خەڵكیان لەناو هەژاری و بێدەرەتانیدا گەمارۆ داوەو ئەو خزمەتگوزاریانەشی کە پێشتر خەڵک لێی بەهرەمەند بوون، لەناویان برد، بەڵکو هەرجۆرە داواکاریەكی خەڵکو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەرامبەر بەو ستەمەی لێیان دەکرێ، بە فیشەك و زیندانیکردن و ئەشکەنجە وەڵام دەدرێتەوە.

تیرۆری کاوە گەرمیانی، سۆرانی مامە حەمە، سردەشت عوسمان، و باقی رۆژنامە نوسانی دیکە لەبەرئەوە بوو کە گۆشەیەکیان لەو ناهەقی و ستەمەی ئەو دەسەڵاتەیان ئاشکراو و ریسوا کردوە. بەر لەوانیش هەر ئەم دەسەڵاتە بەرامبەر بە بەرگریکردنی ئێمە لە نان و گوزەران و کەرامەتی خەڵکی کوردستان، لە یەکسانی و مافەکانی ژنان و لاوان و مناڵان و کرێکاران، دەستی تیرۆریان بۆ هاوڕێیانی ئێمە درێژکرد و لە بادینان و و هەولێر و سلێمانی… چەندین هاورێی ئێمەیان تیرۆر کرد.. نەزیر عەلی لە بادینان، شاپور عبدلقادر و قابیل عادل لە هەولێر،  شێخ عبدول ، هاوکار محمد، محمد مستەفا، هاورێ لەتیف و ئومێد نیکبین، کامەران ئەسعەد یان بەرۆژی روناك تیرۆرکرد! ئەوە سەرەڕای دەیان تاوانی تیرۆری دیکە دژی هێزە سیاسیەکان و بگرە ئەنجامدانی تاوانی دیلکوشتن لە شەڕی نیوخۆی یەکێتی و پارتیدا!

ئەم حزبانەی کە ئێستا خۆیان بەسەر سنگی خەڵکی کوردستاندا سەپاندوە، کۆمەڵێك مافیاو تاڵانچی و خاوەن کۆمپانیان کە هەموو جومگە ئابوری و سیاسیەکانی کوردستانیان بۆخۆیان قۆرغ کردوەو بەهەموو شێوەیەك خەڵکیان پەراوێزخستوەو ژیانێکی کولەمەرگی و نادیاریان بەسەردا سەپاندوون. لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەو حزبانەدا چارەنوسی سیاسی و داهاتوی خەڵکی کوردستان تاریك و نادیارە. زوڵم و ستەمی ئەوانە کە وایکردوە بەهەزاران گەنج کوردستان جێبهێڵن و خۆتان بسپێرن بە مەترسیەکانی دەریاو رێگای هاتونەهاتی قاچاخ و تیاچوون و رەقبوونەوە لەسەرما.. تەنها بۆئەوەی ژیانێکی مرۆڤ ئاسا بۆ خۆتان دابین بکەن.. ئەم دەسەڵاتە میلیشیایی و مافیایەی کوردستان لەپێناو مانەوەی خۆیاندا سڵ لە ئەنجامدانی هیچ جۆرە تاوانێك ناکەنەوە. بۆیە کوشتاری خۆپیشاندەران، تێهەڵدان و سوکایەتیکردنی بە مامۆستایان و زیندانیکردنی خوێندکارانی زانکۆکان و …. بێدەنگ کردنی دەنگە ناڕازیەکان و تیرۆری نەیارانی سیاسی و رۆژنامەنوسان و.. تاد. بەشێکە لە بناغەی دەسەڵاتی مافیایی ئەوان و دەستبردن بۆ سەرکوت و کوشتار و زیندان بەشێکە لە جەوهەرو ماهیەتی سیاسی ئەوان.

بۆیە بۆ خەڵکی ئازادیخوازو ناڕازی و خوازیاری ژیانێکی مرۆیی و شایستە بە مرۆڤی سەردەم هیچ رێگایەك نەماوەتەوە بۆ رێکەوتن لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەدا تەنها ئەوە نەبێ کە بەهێزی یەکگرتووی جەماوەریان رایان بماڵن و هەروەکو چۆن ئێستا خەڵکی شۆرشگێڕی ئیران، ژنان و لاوان و خوێندکاران و کرێکاران هەموو هاتونەتە مەیدانی خەبات بۆ راماڵینی رژێمی تاوانباری ئیسلامی ئێران، بەهەمانجۆر خەڵکی کوردستانیش دەبێ دەستی ئەو دەسەڵاتە تاڵانچیە لە یەخەی خۆی بکاتەوەو خۆیان دەسەڵاتێك دابمەزرێنن کە خەڵک و بڕیاری خەڵك تێیدا سەروەر بێت نەك دوو بنەماڵەو چەند بنەماڵەی سیاسی و دزو مشەخۆر! هەربەجۆرە دەتوانرێ تۆڵەی خوێنی بە ناهەق رژاوی کاوە گەرمیانی و باقی قوربانیەکانی دەستی تیرۆری ئەو حزبانە بکرێتەوە.

بژی ئازادی… رووڕەشی بۆ تیرۆریستان و دەسەڵاتی تاڵانچی و گەندەڵی هەرێم

…سوپاستان ئەکەم.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …