لە کۆبوونەوەی حزبەکانەوە بۆ حەملەی ئیمانی!

موحسین کەریم

بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی نیشتمانی لەهەموو کاتێك زیاتر گیرۆدەی داخرانی ئاسۆی سیاسی و بنبەستی حوکمڕانی بوون و توانای بەڕێوەبردنی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیان نەماوە. هەوڵەکانیان بۆناچارکردنی پارتی بەحساب بۆکردنیان بەبنبەست گەیشتوە. مانگرتنی قوباد تاڵەبانی لە حکومەت، پەنابردن بۆ کۆکردنەوەی حزبەکان بەئامانجی دروستکردنی فشار لەسەر پارتی و سەرەنجام ڕاگەیاندنەکانی لێرەو لەوێ سەبارەت بە گرێدانەوەی دارایی و ئیداری ناوچەی سەوز بە بەغداوەو دابڕانی لە هەولێر، ئەمانە هەموویان پێدەچێت هێشتا پارتی ناچار نەکردبێت لەحساباتی حوکمڕانی کوردستاندا پێگەیەك کە یەکێتی بەمافی خۆی دەزانێت، بۆی قایل بێت. بۆیە یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی دەستیان بۆ پووشێکی دیکە بردوە تا لەناو زەلکاوی بنبەستی سیاسیدا دەریان بکێشێت و دەرگایەکیان لێبکاتەوە. ئەو چلەپووشەش موجەمالەو ڕازیکردنی گروپ و رەوتە ئیسلامیەکانە تا لەبەرامبەر پارتیدا بیانخاتە پاڵ خۆی، بۆیە تا ئەو ڕادەیە هەنگاوی ناوە کە بەچەشنی خەلیفەی موسڵمانان خۆی دەبێتە پارێزەری بەهاو نەریت و یاسا ئیسلامیەکان و زاڵکردنی کۆنەپەرستی ئیسلامی بەسەر ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حزبەکەیدا.

بڕیاری داخستنی ئەو شوێنانەی کە لەگەڵ نەریت و بەهاکانی ئیسلامدا ناگونجێن ئەو کارتی بەختەبوو کە بافڵ تاڵەبانی لەم هەنگاوەیدا ڕایکێشاو لەلایەن ئیسلامیەکانیشەوە دەستخۆشی لێکرا! بەڵام پێناچێت ئەم بانگەشەیەی بافڵ تاڵەبانی لەلایەن خەڵکی هوشیار و ناڕازی کوردستانەوە کڕیارێکی دەست بکەوێت. چونکە خەڵکی هوشیاری کوردستان باش ئەوە دەزانن کە زۆرینەی لەشکڕەکان و باندەکانی لەشفرۆشی و خاوەنەکانی ناوەندەکانی لەشفرۆشی بەرپرسانی حزبەکانی دەسەڵاتداری کوردایەتین و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن. بەشێکی زۆر لەو بەڵگەنامانەی کە سەبارەت بە دیاردەی لەشفرۆشی لە کوردستانی عێراق بڵاوکراونەتەوە لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە کە حزبەکانی کوردایەتی دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتوە، ئەوە نیشان دەدەن و ئەو راستیە پشتڕاست دەکەنەوە کە بەرپرسەکان و دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشی ئەو دووحزبە دەسەلاتدارە لەپشتی پەرەگرتنی ئەو دیاردەوە بوون و هەن! ئەوان هەروەکو چۆن هەموو جومگە ئابوری و بازرگانیەکان و سەرچاوەکانی دەستکەوتنی پارەو داهاتیان بۆخۆیان قۆرخکردوە، بەهەمانشێوەش بازرگانی بە جەستەی ژنانی قوربانی لەشفرۆشیەوە دەکەن و سەرچاوەیەکی دیکەی داهات و سامانی ئەوان پێکدەهێنێ. ئەمەش لەپاڵ دامرکاندنەوەی حەزو ئارەزوە سێکسیەک بێکۆتاییەکانیاندا کە ژنان و کچانی کوردستان لای ئەوان تەنها ئامرازێکی تێرکردنی سێکسین، وەکو دۆستە ئیسلامیەکانیان کە ئێستا هەلهەلە بۆ ئەم هەنگاوە جیهادیەی بافڵ تاڵەبانی لێدەدەن!

سەرەڕای ئەوە، ئێستا ئەوەش بووە بە شێك لە هوشیاری گشتی، کە سەرچاوەی سەرەکی لەشفرۆشی ژنان هەژاری و برسێتی و فشاری ئابوریە بەسەر ژنان و خێزانە هەژارەکانەوە کە بۆ تێرکردنی سکی مناڵە برسیەکانیان ناچاردەبن جەستەی خۆیان لەبازاری پیاوسالاری بۆرژوازی کورددا هەرزانفرۆش بکەن! دەسەڵاتدارانی کوردایەتی و حزبەکەی بافڵ تاڵەبانی و خێڵی ناسیۆنالیزمی کورد و ئیسلامیە دۆستەکانیان هەموویان بەرپرسن لەو دۆخە ئابوریە سەختەی بەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستاندا سەپێنراوە. ئەوان هۆکارو پارێزەری ئەو هەلومەرجە ئابوری و کۆمەڵایەتیەن کە ژنان ناچاردەکات بە لەشفرۆشی و هەرخۆشیان باندەکانی لەشفرۆشی دروست دەکەن و بازرگانەکانی سێکس پێکدەهێنن!

لەلایەکی دیکەوە، بەستنەوەی پەیوەندی سێکسی کچان و کوڕان بە زەواج و یاساو رێسای ئیسلامی و بە پارەو مارەیی و ئیمکاناتی ئابوریەوە، لەکاتێکدا کە گەنجانی کوردستان بێکارن و توانای دابیکردنی پێداویستیەکانی زەواجیان نیە، بەناچاری بەشێك لە گەنجان ناچاردەکات بۆ لەشکڕین و پەیوەندی شاراوەی نێوان کچان و کوڕان کە زۆرجار بە کارەسات بۆ کچەکان تەواو دەبێت.

هەڵبەتە وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد، ئەم کارەی بافڵ تاڵەبانی و حزبەکەی بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی لەشفرۆشی نیە، بەڵکو سەرقوفڵانەیەکە بە ئیسلامیەکان تا لە ململانێی لەگەڵ پارتیدا لە کەناری بافڵ و حزبەکەیدا ڕابوەستن. دەنا  بافڵ و حزبەکەی و باقی حزبەکانی خێڵی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی هیچ چارەسەرێکیان بۆ ئەم پرسە هەستیار و زەرورەی کۆمەڵگای کوردستان پێ نیەو خۆیان هۆکار و پارێزەرین، بۆیە ئەوان لەجیاتی دەستبردن بۆ چارەسەری بنەڕەتی دیاردەی لەشفرۆشی، دەست دەبەن بۆ سزادانی قوربانیەکان و شکاندنی کەرامەتیان بەپیشاندانی وێنەی ئەو ژنە قوربانیانە لە سۆشیال میدیاو دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، لەجیاتی قەدەغەکردنی بازرگانی سێکس و باندەکانی لەشفرۆشی و هەڵوەشاندنەوەی بنەما ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی لەشفرۆشی و چارەسەرێکی شەرافەتمەندانەو ئینسانیانە بۆ قوربانیەکان و راهێنانەوەیان بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی و ناو کۆمەڵگا.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …