ڕاپەڕینی جەماوەری

مەنسور حیکمەت

)  تێبینی: ئەم باسەی مەنسوری حیکمەت وەڵامە بە ڕەخنەی عبدللەی موهتەدی  لە مەنسوری حیکمەت و هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی کوردستانی عێراق. عبدللە موهتەدی لە ڕابەرانی ناسیۆنالیستی ناو حزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو. باسەکە لە دوو بەش پێکدێت. ڕاپەڕین بەمانا گشیەکەی و ڕپەڕین بەمانای تایبەتی. ئەم بەشەی ئێستا بڵاوی دەکەینەوە لەژێرناوی ڕاپەڕینی جەماوەری، مەبەستی لە ڕاپەڕینە بەشێوەیەکی گشتی وەکو کردەیەکەی جەماوەری. لە ژمارەی داهاتوودا بەشی دووەم، واتە ڕاپەڕین بەمانای تایبەتی، بڵاودەکەینەوە. وەرگێڕانی؛ موحسین کەریم- مارسی ٢٠٢٣)

بەڵام سەبارەت بە دوو جەمسەری حەق و باتڵ، بگەڕێنیەوە بۆ پرسیاری سەرەکی هاورێ موهتەدی:

“مەسەلەی کورد باسێکی زۆر رۆشنە؛ ئایا هاورێ حیکمەت ئەوەی قبوڵە کە لە کوردستانی عێراقدا ڕاپەرینێکی جەماوەری رویداوە، ڕاپەڕینێك کە پێویستە کۆمۆنیستەکان پشتیوانی بکەن، لایەنە ڕادیکاڵەکانی بەهێزبکەن، پشتیوانی لە باڵە کرێکاری و سۆشیالیستیەکەی بکەن؟ یان بەپێچەوانەوە ئەم جوڵانەوەیە وەکو “یاخیبوونێک”ی سەرچاوە گرتوو لە هاندانی ناسیۆنالیستی، یان “١٥ی خورداد” یاخود “بزوتنەوەی ئەفغانستان”ێکی دیکە دەزانێت کە شایستەی هیچ جۆرە پشتیوانیەکی کۆمۆنیستەکان  نیەو دەبێ ریسوا و کەنار بخرێت؟”

با لە دووجەمسەری “یان ئەم یان ئەو” بگوزەرێین و وەڵام بەو پرسیارانە بدەینەوە. وادەردەکەوێ کە هاورێ موهتەدی ووشەی ڕاپەڕين لە نوسراوەکەیدا هەرجارەی بەجۆرێك بە مانای گشتی( هەڵسان، ڕاپەڕین، بزوتنەوەو خەبات) و بە مانا تایبەتەکەی( دەستدانە چەکی جەماوەر لەدژی دەسەڵات) بەکاردەهێنێ. توانایەکی زۆر سەرف دەکات تا بیسەلمێنێ کە خەڵکی کوردستانی عێراق( و خوارووی عێراقیش) دوای کۆتاییهاتنی شەڕی عێراق ئەمریکا دژ بە دەوڵەتی عێراق ڕاپەڕین، و بۆ بەرگری لە باسی دوو قۆناغ بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە دەڵێت کە ئەگەر خەڵك ڕانەپەڕیون ئەی چۆن ئاوارەبوون! گوایە لایەنی بەرامبەر ئینکاری رودانی هەڵسانی سیاسی و چەکدارانەی خەڵك لە کوردستانی عێراق دەکات.

من و هاورێ موهتەدی گوێمان لە هەواڵەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆن بووەو رۆژنامەکانی ئەو رۆژانەمان خوێندۆتەوە و بێگومان دەزانین کە دوای تەوابوونی شەڕ لە باشوور و باکوڕ، واتە کوردستان نارەزایەتی جەماوەر پەرەی سەندوەو بەخێرایی گۆڕاوە بۆ هێرشێکی چەکداری فراوان بۆسەر رژێمی عێراق. هەردوکمان لەبیرمانە کە شارەکانی کوردستانی عێراق دەستیان بەسەردا گیرا.

بەهەرحاڵ رۆشنە کە بەهەردوو مانای گشتی و تایبەتەکەی ئەو ڕاپەڕینەی هاوڕێ موهتەدی باسی دەکات لە کوردستانی عێراق، ڕوویدا. ئەگەر کێشەیەك هەیە بەدڵنیاییەوە لەسەر خودی ئەم راپەڕینە “بە مانا گشتی و تایبەت”ەکەیەتی. هەڵسەنگاندنەکەی هاورێ موهتەدی ڕاشکاو، ڕۆشن و قابیلی تێگەیشتنە و من وەکو کەسێك کە تەمەنێكم لەگەڵ سەروکەلە لێدان لەگەڵ پۆپۆلیزمدا سەرفکردوە “وادەردەکەوێ ئێستا بڵێم بەفیڕۆداوە” سەروژێری ئەم هەڵوێستە بە باشی دەناسم. چەمکی سەرەکی لەم بۆچوونەدا خەڵك یان جەماوەر، خەڵکی یان جەماوەریە. ئایا مەنسور حکمەت بڕوای بەوە هەیە کە لە کوردستانی عێراقدا “ڕاپەرینێکی جەماوەری” ڕویداوە؟ مەنسور حکمەت دەمێکەیە بەمجۆرە چەمکانە پێناسەی بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی نەکردوەو پێشیوایە کە ئەوانی دیکەش دەکرا بەوجۆرە نەکەن. ڕاپەڕینی خەڵکی مانای چیە؟ ئایا ووشەی خەڵکی بەمانای “لەلایەن خەڵکەوە” و ” بەبەشداری خەڵك’ دەگەیەنێت؟ ئەگەر بەوجۆرەیە، ئەوا ئەمە تایبەتمەندی هەموو بزوتنەوە گشتگیرە کۆمەڵایەتیەکانە. بڕوا بکەن پانزەی خورداد  و لەوەش ڕوونتر بزوتنەوەی ئەنفغانستانیش بەم پێوانەیە یەجگار “جەماوەری” بوون. دوو لایەنی کێشمەکێشی نێوان تورك و ئەرمەنی لە سۆڤیەت بزوتنەوەی جەماوەری بوون، کەسێك بزوتنەوەیەکی دیکەی جەماوەریتر لە بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازی لیتوانیا شك دەبات؟ یان کرواتیەکانی یوگوسلاڤیا؟ یان سربەکانی کرواتیا؟ بزوتنەوەی نارەزایەتی لایەنگری بازاڕ لە بلۆکی رۆژهەڵات یەجگار جەماوەری بوو. بەم مانایە من ئۆتۆماتێك بەرگری لەهەموو بزوتنەوەیەکی “جەماوەری” ناکەم و بەرگریەکی لەوجۆرەش بەهەڵوێستێکی ‘کلاسیك”ی کۆمۆنیستی نازانم. سەبارەت بە هەریەکە لەو بزوتنەوانەی سەرەوە چەندین سەرنجی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و لەیەك ووشەدا چینایەتیم هەیە کە وادەکات ئێمە تەنها بەهۆی جەماوەری بونیانەوە ئۆتۆماتیكی پشتیوانییان نەکەین.

…..

بەمجۆرە وەڵامی من بە ڕوودان یان روونەدانی ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە کوردستانی عێراق بەمانای بابەتیی ووشەکە(بەشداری جەماوەری خەڵك) ئیجابیە. بەڵام لایەنی سەبجەکتیڤ(زاتی) پرسیارەکە، واتە بەکارهێنانی ووشەی جەماوەری بەمانایەکی سیاسی ئیجابی کە گوایە دەبێت بنەمای شێوەمامەڵەی کۆمۆنیستەکان پێك بهێنێ، لەڕوانگەی منەوە بێمانا و دواکەوتوانەیە. گۆڕانکاریەکانی کوردستانی عێراق دەرخەری جموجوڵ و کاروکاردانەوەی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان بوو کە ناتوانرێ هەموو ئەوانە لەژێر ناونیشانی گشتیی ڕاپەڕینی جەماوەری دا کۆبکرێنەوەو مامەڵەیەکی گشتی بەکۆی ئەوان بکرێت. لەم گۆڕانکاریانەدا رەوەندی پێشرەویی کرێکاری و سۆشیالیستی لەکەنار و لەکێشمەکێشدا لەگەڵ جوڵانەوەی دواکەوتوانەو کۆنەپەرستانەی چینەداراکاندا دەبینین. توخمی شۆڕشگێڕ و کۆنەپەرست، جموجوڵی کرێکاری و بۆرژوایی، هاوکاتی یەکتر هاتونەتە مەیدانەوە. ئەوەی ڕوودەدات، لە دروشمەکان، لە راپەڕین، لە شکست،  لە ئاوارەیی، لە تێگەیشتن و میزاجی خەڵکدا، لە کاری رێکخستن و جیاکاریەکاندا و تاد.. ئاکامی تەکامول و پێشڕەوی و پاشەکشەکانی یەك بزوتنەوە نیە. ئاکامی کارو کێشمەکێشی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و چینایەتیە جیاوازەکانە. بەمجۆرە ئایا من پشتیوانی لەم ڕاپەڕینە جەماوەریە دەکەم؟ لەم روداوانەدا من بەڕەهایی تەنها پشتیوانی لە بزوتنەوەی چینایەتی خۆم دەکەم و تەنها هەنگاوە دروست و ڕۆشنبینەکانی بەڕاست دادەنێم. جیاکردنەوەی ئەم بزوتنەوەیە لە سەرجەم جموجوڵە سیاسی و چەکداریەکانی جیاواز لەو بە مەرجی پشتیوانیلێکردنی ڕاستەقینەی دەزانم.

لەپەیوەند بە بزوتنەوە غەیرە کرێکاری و غەیرە سۆشیالیستیەکانەوە، لەچەشنی بزوتنەوەی میللی، من پشتیوانی لە خواستی دیموکراتیك و ئامانجی ڕەوای لابردنی ستەمی میللی دەکەم بەبێ ئەوەی پێویست بێت بەرگری لە بزوتنەوەیەکی دیاریکراو بکەم کە لەسەردەمێکی دیاریکراودا لەژێر ئاڵای ئەم خواستەدا کەوتۆتەرێ و یاخود لەوشێوە عەمەلیانەی کە ئەم بزوتنەوەیە لەخۆی نیشاندەدات. لە پەیوەند بەم حاڵەتە تایبەتەوە، واتە لە پەیوەند بە کارکردی بزوتنەوەی میللی لە کوردستانی عێراق لەجەرگەی قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێوەیەکی تایبەتی، نەك هەر پشتیوانی ناکەم، بەڵکو  بڕوام وایە ئەم بزوتنەوەیە خۆی هاویشتۆتە باوەشی کۆنەپەرستی ئیمپریالیستیەوە لە ناوچەکەدا، لەئاستی جیهانیدا ئاو بەئاشی دامەزرێنەرانی نیزامی نوێی جیهانیدا دەکات، و یەکێك لە بەشدارانی سەرەکی پێشگرتن بەرەوەندی بەرەوپێشچوونی خەباتی کرێکاری و سۆشیالیستی و بەخوێنکێشان و ئاوارەکردنی خەڵکی کوردستانی عێراق بووە.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …