کرێکارانی ئێران ئەرکێکی گرنگیان لەسەر شانە !

مستەفا باهیر

ماوەی زیاتر لە شەش مانگە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران، دژی ڕژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئەو وڵاتە هاتونەتە مەیدان.  سێ  بزوتنەوە بونەتە باڵادەسترین رەوتی نارەزایەتیەکان و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پێشەوە دەڕۆن، ئەوانیش ” بزوتنەوەی کرێکاری ، بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی دژە ئیسلام “ین.  ئەم بزوتنەوانە ئێرانیان خستوەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە. هەموو بزوتنەوەکان بەتەوژمێکی گەورەوە دەچنە پێشەوە ، بەتایبەتی بزوتنەوەی کرێکاری ،کە تایبەتمەندیەکی زۆر جیاوزی هەیە و مێژویەکی زۆر پرشنگداری لە ئێراندا هەیە و خاوەنی تەجروبەیەکی زۆرە لە مانگرتن و خۆپیشاندان و خاوەنی کۆمەڵێک ڕابەری بە ئەزمونن. لەمێژووی ئێراندا کرێکاران دەورو نەخشیان هەبوە لە ڕوداوەکاندا، ئەگەر مانگرتنی کرێکاران نەبوایە بەتایبەتی  کرێکارانی  کۆمپانیای  نەوت، ڕژێمی شای  ئێران لەساڵی ١٩٧٩ وا بە زوویی نەدەڕوخا. دەتوانین بڵێین ئەوە کرێکاران بوون کە  شایان هێنایە خوارەوە لە دەسەڵات.

لەئێستاشدا کرێکاران لەبەشێکی زۆری کارگەکاندا پشتیوانی خۆیانیان بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕیوە، زۆرجاریش هەرەشەیان لە دەسەڵاتداران کردوە، کە نابێت توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکاربێنێت. لەبەشێک لە کارگەکاندا مانیان لەکار گرتوە. لەبەشێک لە شارەکاندا لە زۆربەی کارگەکانەوە کرێکاران  خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە بەتایبەتی لەم رۆژانەدا لەبەشێکی زۆری شارەکان هاتونەتە سەرشەقام و دروشم دژی دەسەڵات دەڵێنەوە. بەکورتی کرێکارانی ئێران دەرس و تەجروبەی خۆیانیان هەیە و دەزانن لەکوێداو لەکەیدا بەشداردەبن و هەنگاو بەهەنگاو چۆن دەچنە پێشەوە. بەڵام چینی کرێکار ئەرکێکی گرنگی لەسەرشانە. دەبێت بزانێت کەی خۆی بکات بە خاوەنی ئەم ڕاپەڕینە و ڕابەرایەتی ئەم ڕاپەڕینە بکات و بزانێت بەرەو کوێی دەبات. چونکە ستەمی سەرمایەداری بەهەموو شێوە جیاوازەکانیەوە لە دەسەڵاتی عەلمانی تا بە ئیسلامی  دەریانخست  و سەلماندیان کە  دەسەڵاتی ئەوان هیچکات لەبەرژەوەندی کریکاران و خەڵکی هەژاری ئێراندا نیە. هەربۆیە کاتی ئەوە هاتووە کرێکاران بتوانن ڕابەرایەتییەک دروست بکەن کە بتوانێت بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە چینی کرێکار خۆی دەسەڵات بگرێت. چونکە ئەوە تەنها کرێکارانن دەتوانن بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە کۆتایی  بەو دەسەڵاتە بێنن و ژێانێکی ئارام بۆ خۆیان و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران دابین بکەن.

بۆیە گرنگە هەرئێستا کرێکاران هەنگاو هەڵنێن بۆ پێکهێنانی شورا کرێکارییەکان، چونکە ڕێکخراوی شورایی، پێشڕەوترین شکڵی ڕێکخراوبوونی چینی کرێکارانە و دەبێتە مایەی ڕێکخراوبوونی بەشی پێشڕەوی چینی کرێکار. هەروەها هەوڵدان بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ بزوتنەوەکانی تردا کە بەرژەوەندیان لەگەڵ چینی کرێکاردایە. بەڵام دەبێت کرێکاران خۆیان ڕابەرایەتی ئەو ڕاپەرینە بکەن و بەرەو شۆڕشی کریکاریی بەرن، بەبێ ئەو شۆڕشە کرێکاران لە گۆڕینی دەموچاوەکان سودمەندنابن. دەبێت کریکاران ئەمجارە بە بەڵێنی هیچ هێزێکی بورجوازی دەستخەرۆ نەبن، وەک چۆن لەساڵی ١٩٧٩ خومەینی توانی بە کۆمەڵێک دروشمی وەک ” بەخۆڕاییکردنی ئاو، کارەبا، هاتوچۆو ، مەسکەن” لەگەڵ کۆمەڵێک درۆی تردا سواری شۆڕشی خەڵکی ئێران ببێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێکخراوی سیاسی شۆڕشگێڕی کرێکاران و نەبوونی ریزی سیاسی سەربەخۆی چینایەتی کرێکاران ئاخوندەکان دەسەڵاتیان گرتەدەست ودواتریش کەوتنە هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێکخراوە کرێکاریانەی کە کرێکاران دروستیان کردبوو، بەشێک لە ڕابەرانیشیان دەستگیر کران.

لەئیستاشدا کۆمەڵێک مشەخۆر بەناوی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی ئێران لە “جۆرج تاون” کۆبونەتەوە و دەیانەوێت خۆیان بکەن بەخاوەنی ئەم ڕاپەڕینە، بەهاوکاری  دەوڵەتە سەرمایەدارەکان و بەر بەو شۆڕشە بگرن کە خەڵکیی زەحمەتکێشی ئێران بۆی هاتوەتە مەیدان. ئەمریکاو  هاوپەیمانەکانی  هەرچەندە  لەئێستدا نایانەوێت هیچ  ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لەلایەن خەڵکەوە لەدۆخی سیاسی و پێکهاتەی حکومەتی ئێراندا ئەنجام بدرێ، بەڵام ترسێکی گەورەیان لە هێزی چینی کرێکارو بەرەی ئازادیخوازی ئێران هەیەو دەیانەوێت هەرلەئێستاوە بەرەی دژە شۆڕش لە ئێران دروستبکەن و لەکاتی پێویستدا بەکاریان بێینن بۆئەوەی ڕیگا لە سەرکەوتنی شۆڕش بگرن.

بۆیە دەبێت کرێکاران ئەوەیان لاڕوون بێت کە تەنها خۆیان و هەژارانی ئەو کۆمەڵگایەن کە دەتوانن لەڕێگای شوراکانەوە ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و کۆمەڵگای ئێران بەدەست بێنن. تەنها بەپشتیوانی خۆیان و هێزە کۆمۆنیستەکان دەتوانن کۆتایی بەو ژیانە ناهەموارە بێنن کە چەندەها ساڵە لەلایەن دەسەڵاتی علمانی و ئیسلامیەوە گیرۆدەی بوون. دەبیت دروشمی”نەشا نە ڕەهبەر مەرگ بەر ستەمگەر” پەرەپێبدەن و باوەڕ بە بەڵێنی هیچ هێزێکی بۆرجوازی نەکەن. دژیان بوەستنەوەو خۆیان جڵەوەی ڕاپەڕینەکە بگرنە دەست.

٢١ ئازاری ٢٠٢٣

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …