بۆچی هەرێم شکستی هێنا لە پرسی فرۆشتنی نەوتدا!؟

موحسین کەریم

دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت وەکو کاڵایەکی ستراتیژی بەندە بە مافی دەسەڵاتدارێتی بەسەر ئەو ناوچەیەدا و هەروەها خاوەندارێتی یاسایی و بەدەستهێنانی مافی دەرهێنان و ناردنەدەرەوەی، واتە بۆئەوەی بتوانی نەوت دەربهێنی و بیفرۆشیت دەبێ مافی حاکمیەتی سیاسیت بەسەر ئەو ناوچەیەدا بۆ بەرەسمی ناسرابێت کە کێڵگە نەوتیەکانی تێدایە.

لەدوای ساڵی ٢٠١٤ەوە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە دەوڵەتی ناوەندی دەسەڵاتی بەسەر کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوك  ناوچەکانی دیکەدا نەما بەکردەوە حکومەتی هەرێم دەرفەتی ئەوەی دەسکەوت بەهاوکاری دەوڵەتی تورکیاو کۆمپانیاکانی نەوت، نەوتی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بفرۆشێت. بەڵام ئەم نەوتفرۆشیەی حکومەتی هەرێم و یان دروستتر بڵێین پارتی و یەکێتی، بەشێوەی قاچاخ بووەو هەر بەو هۆکارەش کە مافی دەرهێنان و فرۆشتیان لە بازاری جیهانیدا نەبووە، بۆیە نەك ئەو نەوتە هەرزانفرۆش دەکرا لەلایەن پارتی ویەکێتیەوە، بەڵکو سەرەنجام ئەو مافەیان لێ سەندەوە!

ئەگەرچی بۆماوەیەك بەهۆی شەڕەکەوە حکومەتی ناوەندی کە پێویستی بەهاوکاری سەربازی پارتی و یەکێتی هەبوو هاوکاتیش ئەو بەشە بودجەیەی کە پێشتر هەردوولا لەسەری رێك کەوتبوون نەدەنارد، چاوی لەو مەسەلەیە پۆشی، بەڵام دوای ئەوەی کە روداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر دەسەڵاتی دەوڵەتی بەسەر ناوچە نەوتیەکانی کەرکوكدا زاڵکردەوەو هاوکات پێگەی دەسەڵاتی هەرێمی بەرامبەر بە حکومەتی ناوەند لاوازکرد، هەنگاوەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ دەرهێنانی فرۆشتنی نەوت لەژێر دەستی پارتی و یەکێتیدا توندتر و کاریگەرتربوونەوەو سەرەنجام حکومەتی ناوەندی لەرێگای دادگای پاریسەوە ئەو کەیسەی یەکلایی کردەوەو کۆتایی بەو پرۆسەیە هات، چونکە لەڕووی یاساییەوە ئەوە دەوڵەتی عێراقە کە مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی عێراقی هەیە بە نەوتی کوردستانیشەوە!

حکومەتی هەرێم کاتێك مافی فرۆشتنی نەوتی هەبوو کە مافی حاکمیەتی بەسەر کوردستاندا بۆ بەرەسمی بناسرایە، یاخود بناسرێت؛ واتە کاتێك هەرێمی کوردستان یان کوردستانی عێراق ببێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ ئەو کاتە ئەو مافەی هەبوو، نەك ئەوەی کە پارتی بە پلەی یەکەم و لایەنگرانی “ئابوری” سەربەخۆ دەیانووت : لەرێگای فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتەوە ئابوری سەربەخۆ بنیات دەنێین و بەوجۆرە دەوڵەتی سەربەخۆ دروست دەکەین!

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …