تەقینەوەی دوای تەقینەوەکەی فرۆکەخانەی سلێمانی!

عبدللە محمود

دوای ئەوەی لە بەرواری ٧ ی ئەم مانگە لەناو فرۆکەخانەی سلێمانی ئۆتۆمبیلێک کرایە ئامانجی هێرشێکی تیرۆریستی و کە دەوترێت چەند فەرماندەیەکی هیزەکانی سوریای دیموکراتی تیا بووە، تەقینەوەیەکی یەکجار گەورەی لە نێو ماڵ و ریزەکانی بۆرژوازی کورد بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەگەر لە کردەوە تیرۆریستیەکەدا کە دەوڵەتی تورکیا لە پشتیەوەیەتی، هیچ کەسێک نەبوو بە قوربانی، بەڵام لەکاردانەوەی ئەو روداوەدا تەقینەوەیەک روویدا، کە هێزە سەرەکی و باڵادەستەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی تیادا قوربانی سەرەکیین لەچاوی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا.

دوای هیرشە تیرۆریستیەکە، پارتی و وتەبێژی حکومەتەکەی هیرشێکی توندیان کردە سەر دەسەڵاتی زۆنی سەوز و بە دەسەڵاتی لە یاسا و لەحکومەت دەرچوو و خۆسەپێنی ناوچەکە و بە هۆکاری ئەم کردەوە تیرۆریستیەیان لە قەڵەمدا. هێندەی بۆشیان کرا، خۆیان لەوە بەدوور گرت ئەم کردەوە تیرۆریستیەو لایەنی جێبەجێکاری ئیدانە بکەن. لەبەرامبەردا کاردانەوەی یەکێتی لە زمانی بافل تاڵەبانیەوە راگەیەنرا کە ئەم کردەوە تیرۆریستییە بەچاوساغی و هاوکاری پارتی بووە. دواتریش قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە قسەکەری حکومەت نوێنەری حکومەت نییەو قسەکەری پارتییە. مەکتەبی سیاسی بەهەمانشیوە پارتیان بە هاوکاری و نۆکەرایەتی بۆ تیرۆریزم لەقەڵەمدا، کە بەدوای خۆیدا وتەبێژی حکومەت رایگەیاند قوباد تاڵەبانی بندیوارە و خۆی لە بەرپرسیاریەتی دزیەوەتەوە!

کاردانەوەو لێدوان و تۆمەتبارکردنەکان لەلایەن هەردوو لاوە چ پارتی و چ یەکێتی، لەخودی روداوەکەی فرۆکەخانەی سلێمانی گەورەتر بوون، تا ئەو رادەیەی نیشانیدا کە تەقینەوەکەی ناو فڕۆکەخانە لەچاو تەقینەوەی ناو ماڵی بۆرژوازی کورد، یاری مناڵانەیە. نیشانیدا پەیوەندی نیوان یەکیتی و پارتی لە حکومەتی کارتۆنیاندا، هێندە پەیوەندیەکی بۆش و لە بنەرەتدا دوژمنکارانەیە بەرامبەر بەیەکتری کە وڵاتە دیکتاتۆر و کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، لەچاویاندا فریشتەن!

نوینەری حکومەتی هەرێم لە یەکەمین لێدوانیدا دەڵێت” …ئەم دۆخە ترسناکە لەئەنجامی داگیرکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەکارهێنانیان بۆ کاری نایاسایی هاتۆتەئاراوە” هەروەها“ده‌ڵێت “رەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حزبی لەسنووری سلێمانی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕوکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت…”

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لەوەڵام بەلێدوانی یەکەمی نوێنەری حکومەت دەڵێت: ”جوتیار عادل گووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە  و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا و…دوا بەیاننامەشی شەرمەزار دەکەین…”

وتەبێژی حکومەت لە وەڵامی قوباد تاڵەبانیدا دەڵێت: “کاک قوباد، جێگری سەرۆکوەزیرانی بندیوارە و مافی ئەوەی نییە باسی حکومەت بکات….”

بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دەڵێت “هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەوڵە نەزۆکەکەی نۆکەرانی بێگانە بەتوندی ئیدانە دەکەین کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی سنووری سلێمانییە. کردەی تاوانکاری و بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراق بە چاوساغی و رێنیشاندانی لایەن و دەزگایەکی ئەمنی هەواڵگریی ناوخۆیی، حاڵەتێکی نامۆ نییە و مێژوویەکی درێژمان لەگەڵیدا هەیە…”

ئەم لێدوان و راگەیاندنانەی کە پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی دەسەڵات بەدەستی دوو زۆن و وەکو پێکهێنەری حکومەت، بەرامبەر بەیەکتری لە ئاستی هەرە بالای حزبی و حکومیدا دوای کردەوە تیرۆریستیەکەی سەر فرۆکەخانەی سلێمانی  رایانگەیاند، ئەوە دەخاتەڕوو کە خەڵکی کوردستان لەگەڵ چ دوو هێزێکی نۆکەرپیشەو  گرێگرتەو نابەپرس و تاڵانچی بەرەو ڕوون.

ئەو تۆمەتانەی هەردوولا، پارتی و یەکێتی، بە یەکتری دەڵێن، لەخۆوە نین و بۆختانیش نین، بەڵکو پشتبەستون بە بەڵگەی دەزگا هەواڵگری و جاسوسیەکانیان و داننانە بە کارو کردەوە و نۆکەرپیشەییان… داننانە بەو راستیانەی دەیان ساڵە خەڵکی ئازادیخواز و نووسەر و قەڵەمی ئازا و ئازاد بەیانی دەکەن و پارتی و یەکێتی بەزۆری هیز و زیندان و سەرکوت و تیرۆر وەڵامی دەدەنەوە.

دوای هیرشی تیرۆریستی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر فرۆکەخانەی سلێمانی و دوای هەموو روداو و کردەوەیەکی تری هاوچەشن کە پارتی و یەکێتی، دەخاتە بەرامبەر بەیەکتری، هاوکات فایل و دۆسیەکانی جاسوسی و نۆکەرپیشەییان لەلایەن خۆیانەوە دەخرێتە ڕوو.

هەموو ئەو راستیانە کە بەشكیان خودی یەکێتی و پارتی بەیانی دەکەن، تەنها گۆشەیەکن لە خەرمانی زۆروزەوەندی دژایەتی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی کوردایەتی لەدژی خەڵکی کوردستان. ئەمەش ئەو راستیە دەخاتەوەڕوو، کە خەڵکی کوردستان بەرلەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی وڵاتانی ناوچەکە بەرەو رووبێت، رووبەڕووە لەگەڵ دەسەڵاتی هەزار سەری ستەم و بیمافی و تاڵانچێتی و نۆکەر پیشەی یەکێتی و پارتی. هەربۆیە پیشمەرجی کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی دەرەکی و هێرش و ملهوری وڵاتانی ناوچەکە و کردەوە تیرۆریستیەکانیان، کۆتایی هێنانە بەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی کوردایەتی.

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …