سەرەتای مانگرتنە سەرتاسەریی و رێکخراوەکانی چینی کرێکار

لە سەروبەندی یەکی ئایاردا، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار، روبەروی زنجیرەیەك لە مانگرتنی فراوان و سەرتاسەری لە ئێران دەبینەوە، بە تایبەت لە ناوەندە سەرەکییەکاندا لە دەوری “پرسی حەقدەستەکان”. کرێکارانی پیشەسازیی نەوت و پترۆکیمیایی ئەمڕۆ٢٢ی نیسان لە چالاکییەکی هاوئاهەنگ و رێکخراودا دەستیان داوەتە مانگرتن؛ لە نمایشێکی جەماوەریدا کرێکارانی پاڵاوگەی ئابادان کەرەستەکانی کاریان ڕادەست کردەوە و کاریان لە پاڵاوگەکەدا راگرت و داوای زیادکردنی حەقدەستەکانیان بە ڕێژەی ٧٩٪ کرد. لە گەچساران، کرێکاران کۆمپانیاکەیان چۆڵ کردووە و دەستیان بە مانگرتن کردووە؛ کرێکارانی عەسلەویە و پیترۆکیمیاوی ئاپادانا بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە و مانیان گرتووە و داوای زیادکردنی حەقدەستەکانیان بە ڕێژەی ٧٩% دەکەن. بەپێی هەواڵەکان ، کرێکارانی کۆمپانیا و پڕۆژه کانی دیکه له هەینیه وه تا ئه مڕۆ مانیانگرتووه ، له وانه قۆناغی ١٤ی عەسلەویە ، قۆناغی دووه می پاڵاوگه ی ئابادان، کۆمپانیای پارس کیان، کرێکارانی گرێبەستی بەرهەمهێنەرانی هایدۆرای بۆیێری و باغه ڕی، کرێکارانی پترۆکیمیایی دێهلران و کۆمپانیای ئای جی سی. لەهەمانکاتدا کرێکارانی یەزد ستیل، کرێکارانی کۆمپانیای پیشەسازی سایپا ئازەربایجان بۆ بەرهەمهێنانی پارچەی ئۆتۆمبێل، دوێنێ هەینی لە ناڕەزایەتی دژ بە زیادنەکردنی مووچە مانیان گرت و کاریان راگرت. ڕۆژی پێنجشەممە شۆفێرانی کۆمپانیای میحوەری زێڕینی بەندەر عەباس، لە کارێکی هاوئاهەنگدا بۆ خواستی بژێوی ژیان و دژی کەمی ئاستی کرێ دەرگای چوونە ژوورەوەی کۆمپانیاکەیان داخست و  قوفڵیان لێدا. خانەنشینەکانی خوزستان  لەپەیوەند بە ئاستی نزمی بژێوی ژیانیانەوە دەستیان داوەتە کردەیەکی یەکگرتوانە؛ شایانی باسە کە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە کرێکارانی کۆمپانیای قامیشی شەکری هەفت تەپە  بە ڕاگەیاندنی کەمپینێکی سەرتاسەری و هاوئاهەنگ دژ بە پەسەندکردنی ئاستی مووچە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کارەوەو بانگەوازکردنی  سەرجەم بەشەکانی دیکەی چینی کرێکاری ئێرانیان  بۆ یەکگرتن و بەشداریکردنی هەموو کرێکاران لەم خەباتە سەرتاسەرییەدا، مانگرتنی فراوانی خۆیان دەستپێکردوە.

بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە چینی کرێکار لە ئێراندا خەریکە لە دەوری داواکارییە سەرەکییەکانی خۆی یەکدەست و یەکگرتوو بێت. فیکەی دەستپێکردنی ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییە بەهێزە سەرتاسەرییە لە دەوری ناڕەزایەتی بە پەسەندکردنی حەقدەست و نزمیی ئاستی ژیان، لە لایەن کرێکارانی هۆشیاری هەفت تەپەوە لێدراوەو، ڕەنگدانەوەی لە مانگرتنەکانی ئەم دواییە لە نەوت و ناوەندە پیشەسازییەکانی ئێراندا نیشانی دا کە جگە لە بەرژەوەندیەکی سەرتاسەری و گشتگیر، هیچ بەرژەوەندیەکی دیکە ناتوانێ نوێنەرایەتی بەرژەوەندی کرێکاران بکات. ئەمه هەنگاوێکی گەوره یه لەچوونەسەری  ئاستی هۆشیاری چینی کرێکاردا، له یەکگرتوویی سەراسەری کرێکاراندا بەڕامبەر دەستدرێژیی بۆرژوازی بۆ سەڕ ئاستی ژیانیان و زاڵبوون بەسەر دووبەرەکی و دابەشبوونێك کە حکومەت لەڕیزەکانی ئەم چینەدا دروستی کردوە. خەبات و مانگرتنی ڕێکخراو و سەرتاسەری بۆ بەرزکردنەوەی حەقدەست، بێگومان هەنگاوی یەکەمە لە دروستکردنی سوپایەکی چینایەتی بەهێز بۆ سەپاندنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری هەموو مرۆڤایەتی بەسەر دەزگای دەوڵەت و حوکمڕانی بۆرژوازیدا. یەکێتی سەراسەری لە دەوری پرسی حەقدەست، یەکگرتوویی لەسەر دابینکردنی خۆشگوزەرانی گشتیی کۆمەڵگا، ڕێکخراوبوون دژی هەژاری و بێکاری هیچ سنوورێک ناناسێت.

ئەمساڵ لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی چینی کرێکاردا پریشکی ئەم یەکێتییە سەرتاسەرییە گەشایەوە. کرێکاران لە هەفت تەپەوە تا نەوت و پترۆکیمیایی، لە یەزد ستیلەوە تا خانەنشینانی خوزستان و سایپە لە ئازەربایجان ڕایانگەیاندووە کە هیچ بەرژەوەندییەکی تریان نییە جگە لە بەرژەوەندییەکی سەراسەری و چینایەتی بەرامبەر هەموو بۆرژوازی و دەستە فەرمانڕەواکەی و بە وەلانانی هەموو شێوازەکانی دابەشبوون و پەرتبوون لە ڕیزەکانیاندا، لەوانە دابەشبوونی نەتەوەیی و ئایینی و سێکسی، یان دابەشکردنی کرێکاران بەسەر کرێکارانی خۆیی و بیانی، کرێکاری کەرتی تایبەت یان حکومی، ڕێگە  بۆ دروستکردنی هاوپشتیەکی سەرتاسەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژیی حکومەت بۆسەر  ئاستی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری کۆمەڵگا، خۆش دەکەن.

بێگومان لە سەروبەندی ١ی ئایاری ئەمساڵدا، ڕووەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا بەرەو چینی کرێکار، بەرەو ڕاچەنینی “سەرکردە سەرسەختەکەمان” وەرچەرخاوە . پێویستە ئەم یەکگرتوویی و ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە تۆکمەتر بکرێت و پشت بەم  کۆڵەکە سەراسەری و چینایەتییە ببەسترێت بۆسەرکەوتنی کۆتایی بەسەر دەسەڵاتدا.

بژی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی چینی کرێکار لەسەر پرسی حەقدەست

بژی یەکگرتوویی کرێکاری

بژی ١ی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار

حزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

٢٢ی نیسانی ٢٠٢٣

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …