کرێـکـارانی کوردسـتـــان: کۆبـوونـــەوە گشتیـەکانـی خـۆتـــان ســازبـدەن و نوێـنــەرانـی خـۆتان هەڵبـژێـرن و لـە ڕێگـــای نوێنەرانی دڵسۆزی خۆتانەوە داکۆکی لە مافەکانتان بکەن!

خەسرەو سایە

ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریەکان چ لەناو کارگەو چ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکاندا، هەمیشە هاوکات بووە لەگەڵ سەرهەڵدان و دەرکەوتنی کۆبوونەوە گشتیەکانی کرێکاراندا. هاوکات هۆکار و بزوێنەری ئەم کۆبونەوە و ئەم ناڕەزایەتیانەی کرێکارانی کوردستان، کۆمەڵە خواستێکە کە کرێکاران بۆ باشکردنی دۆخی کارو ژیانی خۆیان و دورخستنەوەی ئەو زەخت و زۆرو زوڵم و ستەمەی کەخاوەنکارەکان بەپشتیوانی حکومەت، بەسەر کرێکاراندا دایانسەپاندووە، دەستیان بۆ بردووە. بێگومان بۆئەوەی ئەم ناڕەزایەتی و کۆبوونەوانەی کرێکاران بەئامانجی خۆیان بگەن و خواستەکان بەدیبهێنێ، دەبێت ڕێکخراوترو بەهێزتر درێژەی پێبدرێت و کرێکاران وەک جەستەیەکی یەکپارچە لەمەیداندا ڕابگرێ. لێرەوەیە کە گرنگی و ڕۆڵی سازدانی کۆبوونەوەی گشتی کرێکاران، وەک شێوازێکی ڕێکخراوبوونی کرێکاری دێنێتەپێشەوە، ئەویش لەدۆخێکدا کە کرێکارانی کوردستان خاوەنی سەندیکاو، شوراو ڕێکخراوەی جەماوەری فراوان و بەهێز نین، تا لەڕێگایانەوە بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان تێبکۆشن. کەوایە مەبەست لە کۆبوونەوەی گشتی کرێکاران چیە و کێ بانگەوازی بۆ دەکات؟.

کۆبوونەوەی بەکۆمەڵی کرێکاران لەکاتی کارو پشووی ناوکارگەدا، هەروەها کۆڕوکۆمەڵە کرێکاریەکان و خێزانەکانیان لەگەڕەک و لەژیانی کۆمەڵایەتیدا، یەک دیاردەی سادەی ڕیکخراوبوونی جێکەوتەیە لەناو کرێکاراندا. کۆبوونەوەی گشتی کرێکاران لەناو کارگەو لەدەرەوەیدا، چالاکبوونەوەی ئەم پێکهاتوە سروشتیانەی نێو چینی کرێکارو خاڵی بەیەک گەیشتنی هوشیاری و ئەو پەیوەندیانەیە کە کرێکاران ڕۆژانە چ لەکاتی کارو چ لەژیانی بەکۆمەڵی خۆیاندا هەیانە، ئەویش لەدۆخێکدا کە کرێکاران ناڕازین و خواستیان هەیە و متمانەیان بەیەک پەیداکردووە کە لەدەوری ئەو خواستانە پێکەوە بۆ باشکردنی دۆخی کارو ژیانیان کۆببنەوەو بێنەمەیدانەوە. لەیەک وتەدا کۆبوونەوەی گشتی کرێکاریی حاڵەتێکی سروشتی چینی کرێکارەو لەگەڵ ناڕەزایەتیەکاندا تێکەڵەو وەک ئامڕازێک بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکان کرێکاران دەستی بۆدەبەن.

لەلایەکی ترەوە کۆبونەوەی گشتیە کرێکاریەکان، لەلایەن خودی کرێکاران خۆیانەوە ڕاستەوخۆ بانگەوازی بۆ دەکرێت. بەتایبەتیش کرێکارانی پێشڕەو و هەڵسوڕاو کە دەرکیان بەوە کردووە کە هاتنەمەیدانی یەکگرتوانەی کرێکاران، تەنها ڕێگای بەدیهێنانی خواستەکانە، ئەم توێژە لە کرێکاران هەمیشە دەستپێشکەرن لە بانگەوازکردنی کرێکارانی هەر ناوەندێکی کاردا بۆ بەرپاکردنی کۆبوونەوە گشتیەکان. بەمجۆرە کۆبوونەوەی گشتی کرێکاری، شێوازی ڕێکخراوێکی “ئاسنین و پۆڵاین” نیە کە  کە لە دەرەوەی کرێکارانەوە بانگەوازی بۆکرابێ و بەجیا لەکرێکاران خۆیان و یاساو بڕیارو بەرپرسی بۆ داتاشرابێت. بەڵکو زۆر بەسادەیی هەوڵی هاوبەشی کرێکاران و کۆبوونەوە لەدەوری خواستی هاوبەش و هوشیاربوونەوە بەوەی کەهێزی چینی کرێکار لەیەکگرتوبون و ڕێکخراوبونیاندایە، بەسە بۆ سازدان و بەڕێخستنی کۆبونەوەی گشتی کرێکاری لەهەر ناوەندێکی کاردا.

جگەلەمەش سادەیی کۆبوونەوەی گشتی کرێکاری لەوەدایە کەهەموو کرێکاران ڕاستەوخۆ ئەندامی کۆبونەوە گشتیەکانن و مافی وەک یەکیان هەیە لەبەشداریکردن و دانی هەر بڕیارێک و گەڵاڵەکردنەوەی هەر خواستێک و هەڵبژرادنی نوێنەرانی کرێکاراندا. دیارە ئەوەشی کە هەموو کرێکاران پێکەوە لە کۆبوونەوە گشتیەکاندا کۆدەکاتەوە تەنها ناڕەزایەتی و خواستی هاوبەشیانە. بەڵام بۆئەوەی ئەم کۆبوونەوە گشتیانەی کرێکاران کارامەیی و هێزی کرێکاران لەخۆیدا بەرجەستەبکاتەوە و کاریگەری لەسەر خاوەنکارەکان دابنێت، دەبێ مونەزم و پایەدارو بەردەوامیان پێبدرێت. دەبێ کرێکارانی پێشڕەو و هەڵسوڕاو، تێبکۆشن دەرک ‌و هوشیاری کرێکاران بەزەرورەت و گرنگی ئەم کۆبونەوە گشتیانە ببەنەسەرەوە تا ئاستی بەشداریکردن و یەکگرتوویی کرێکاران لەکۆبوونەوە گشتیەکاندا پایەدارو بەردەوام بێت. کەوایە مەبەست چیە لە کۆبوونەوەی گشتی مونەزەم و پایەدار؟ چۆن بەردەوامی کۆبونەوە گشتیەکان بەدەست دێن؟

تەنها خاڵیک کە پایەدارکردن و مونەزمکردنی کۆبوونەوەی گشتی کرێکاران زامن دەکات هوشیاری و بڕیاری خودی کرێکارانە، هوشیاری بەو مانایەی کە کرێکاران پەییان بەو ڕاستیە بردبێت کە یەکگرتویی و کۆبوونەوە لەدەوری یەک تەنها ڕێگای گەیشتنە بەخواستەکان. بڕیاردانیش بەومانایەی کە کرێکاران پێکەوە و بەپشت بەستن بەخۆیان بڕیار لەسەر کێشەو گرفتەکانی خۆیان و دۆخی کارو ژیانیان بدەن و کەسانێک وەک نوێنەر دیاری بکەن تا هەم بانگەواز بۆ کۆبوونەوەکان بکەن و هەم ئەو باسانە پێشنیار بکەن کە پێویستە کرێکاران لەبارەیانەوە ڕاوێژ بکەن و بڕیاریان لەسەر بدەن.

بەدیوێکی تردا هەڵبژاردنی نوێنەرانی کرێکاران بۆ نوێنەرایەتیکردنی کرێکاران و خواستەکانیان لەبەرامبەر خاوەنکارو یاساو حکومەتدا، پێویستیەکی ترە بۆ پایەدارکردنی کۆبوونەوە گشتیەکان. بەتایبەتی کە کرێکاران لەڕێگای هەڵبژاردنی نوێنەرە دڵسۆز و هەڵسوڕاوەکانی خۆیانەوە دەتوانن داواو خواستەکانی خۆیان بدەن بە بەڕێوەبەری کارگە و بەنوێنەرایەتی ئەوان بکەونە دانوسانەوە.

لەدۆخی ئێستادا کە کرێکارانی کوردستان یاسای کارێک نییە بەهەر ڕادەیەک بێت، مافو ئازادیەکانیانی بەڕەسمی ناسبێت، لەکاتێکدا کە ئازادی مانگرتن و ڕیکخراوبونی کرێکاری بەڕەسمی بۆ کرێکاران ناناسرێت و حوکمەتیش لەژێرناوی ئابوری بازاڕدا، دەستی خاوەنکارو کۆمپانیاکانی ئاوەڵاکردووە کە بۆ کۆکردنەوەی قازانجی زۆرو زەبەندیان تا ئەوپەڕی خۆی کرێکاران بچەوسێننەوە و مافەکانیان ژێرپێ بنێین، دەستبردن بۆ کۆبوونەوەی گشتی کرێکاری و هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان و لەم ڕێگایەشەوە مونەزەمکردن و بەردەوامیدان بەم شێوازە لەخۆڕێکخراوبوونی کرێکاری دەکاتە چەکێکی حەیاتی کرێکاران لەخەباتی ڕۆژانەیاندا بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان و باشکردنی دۆخی کارو ژیانیان. کۆبوونەوە گشتیەکان وەک ئەوەی نەمۆڵەتی دەوێت و نەپیویست بەهیچ بەڵگەنامەیەکی ڕێکخراوەیی هەیە و ڕاستەوخۆ لەلایەن کرێکارانی هەر ناوەندێکەوە دەتوانرێ دەستی بۆ ببرێت، سادەترین و کارسازترین شێوازی ڕێکخراوبوون و یەکگرتوکردنی کرێکارانە لەئێستادا. کەوایە هاوڕێیانی کرێکار بۆئەوەی خواستەکانتان بەدەست بهێنن، بۆئەوەی لەبەرامبەر زوڵم و دەستدرێژیەکانی خاوەنکاردا ڕابوەستنەوە، کۆبوونەوە گشتیەکانی خۆتان سازبدەن و نوێنەرانی دڵسۆزی خۆتان هەڵبژێرن. ئەمە تەنها ڕێگای سەرکوتن و گەیشتنە بەداخوازیەکانمان.

 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …