ئاشتبوونەوەی حکومەت!

موحسین کەریم

دوای نزیکەی ٦ مانگ لە پەناگیری و بەشدارنەبوون لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا، قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆك وەزیران سەردانی هەولێری کردو لەگەڵ مەسروربارزانیدا کۆبوەوە. میدیاکانی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی باسی دەوری نێچیر بارزانی دەکەن لە هێورکردنەوەی دۆخەکەو گەیاندنی هەردوولا بە دانیشتن و کۆبونەوە! بەڵام ئەم پڕوپاگەندەیە تەنها بۆخۆڵکردنە چاوی خەڵکە و ئامانجەکەی ناساندنی نێچیر بارزانیە وەکو چەترێکی گشتی و پۆستێکی باڵای بەڕێوەبردنی هەرێم نەك وەکو کەسایەتیەکی پارتی و بەشێك لە کێشەکانی نێوان پارتی و یەكێتی کە ئاکامەکەی ئەو دۆخە سیاسیە چەقبەستوە بوو کە بەشێك لە سیاسەتمەدارانی باڵای هەردوو حزب پێشبینی مەترسی روخانی حکومەتەکەیان و قەوارە سیاسیەکەیان دەکرد!

بەدەرلەوەی ئەوان چ دەورو نەخشێك بۆ نێچیربارزانی نمایش دەکەن، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە دریژەکێشانی ئەو دۆخەی ئەو دوو حزبە تێی کەوتبوون، سەرەنجام مەترسی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتەکەیانی کردبووە ئەگەرێکی لەچارەنەهاتوو. حکومەتێك کە هیچ کاتێك دەسەلاتێکی یەکگرتووی نەبوە بەسەر هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، بەڵکو دوو ناوچەی نفوزی پارتی و یەکێتی بووە، بەڵام تا ئەو دەورەیە بەهەرجۆرێك بووە، جۆرێك لە رێکەوتن و پێکهاتنیان هەبوو لەنێوانیاندا لەسەر بەڕێوەبردن و دابەشکردنی داهات و دەسەلاتی نێوانیان. حکومەتی هاوبەشیان تەنها ئەو رۆڵەی دیوە؛ واتە رۆڵی تەنسیقی نێوان دوو ناوچەو دوو زۆنی دەسەڵات.

ئەوەی ئاشکرایە دەوڵەتی ئەمریکا مانگانە بڕێك هاوکاری دارایی دەدات بە یەکێتی و پارتی بەناوی مووچەی پێشمەرگەو فەوجە سەربازیە هاوبەشەکانی نێوانیان. ئەم هاوکاریە داراییەی ئەمریکا لەبەرخاتری بەرژەوەندی سیاسی و سەربازی ئەمریکایە لە عێراق و سوریادا کە هێشتا پێویستی بەهێزی چەکداری پارتی و یەکێتی هەیە بۆ بردنەپێشەوەی ئەجنداکانی خۆی بەناوی جەنگ دژی داعش. ئەمریکا پێگەی لە عێراق و سوریادا، لە پەیوەند بە دەسەڵاتە ناوەندیەکانی سوریا و عێراقەوە لاوزە، بۆیە بەناچاری پیویستی بەوەیە کە دەست بۆ ئەو هێزانەی دیکەی وەکو پارتی و یەکێتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوریا بەرێت، تا وەکو بنکەیەكی مانەوەو دەخالەتی لە هەردوو ووڵات وبگرە لەناوچەکەدا بەکاریان بهێنێ. بۆیە یەکێك لە لایەنە هەرە بەهێزەکانی فشار بۆسەر یەکێتی و پارتی کە کۆتایی بەو دۆخە بنبەستەی نێوانیان بهێنن، ئەمریکاو نێردەکانی ئەمریکا بووەو هەڕەشەی بڕینی هاوکاریە داراییەکانیان لێکردوون و چەندینجاریش نێردەی نەتەوەی یەکگرتوەکان لە عێراق، بلاسخارت، کە دەوری قسەکەری غەیرەرەسمی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق و کوردستان دەبینێت، بەئاشکرا ئەوەی پێ ڕاگەیاندوون کە دۆخەکە بەوجۆرە نامێنێتەوەو ئەگەری لەدەستچوونی دەسەڵاتەکەیان هەیە!

لەماوەی رابردوودا، هەریەکە لە پارتی و یەکێتی، سەرەڕای ئەو فشارو ئاگادارکردنەوانەی ئەمریکاو نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان، کارتی فشاریان لەسەر یەکتر بەدەستەوە بوو. هەریەکەیان هەوڵی دەدا تادوا سات کارتەکەی لەدژی بەرامبەرەکەی بۆ تەسلیمکردنی بەکاربهێنێ، بەڵام ئەم ئیمکانە ئیتر لە شوێنێکدا دەپچرا! فشارەکانی یەکێتی بۆ گەڕانەوە بۆ لای بەغداو دەستبەرداربوون لە هەولێر، بەکردەوە مانای هەڵوەشاندەوەی حکومەتی هەرێم بوو. تا چەندە یەکێتی دەیتوانی ئەم کارتە ڕابکێشێ، ئەوە خۆی موغامەرەیەکی سیاسی ترسناك بوو کە ئایندەکەی بۆ خۆشی نادیار بوو. پارتیش، کە کارتی فرۆشتنی نەوتی لەدەستدا بوو، بە وەگرتنەوەی ئەو کارتە لێی لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە، توانای مانۆڕکردن و توندکردنەوەی فشارەکانی بۆ تەسلیمکردنی یەکێتی لاوازتربوو. بۆیە لەم هەلومەرجە سیاسیە دیاریکراوەدا و لەم ڕادەیە لە هاوسەنگی هێزو توانای مانۆڕی سیاسی هەردوولادا، بەناچاری لەنیوان هەڵوەشانەوەی حکومەت و لەدەستدانی دەسەڵات و گەڕانەوەی هەردوو ناوچەی دەسەڵاتیان بۆژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی، یان راگرتنی دۆخەکەو هێشتنەوەی حکومەت و پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکانی خۆیانەوە بۆماوەیەکی دیکەش، ئەوەی دوەمیان هەڵبژاردو هەردوو لایان ملیان بەوەدا کە گێچی فشارەکانیان بۆسەر یەکتری خاوبکەنەوەو دوبارە دەست بکەنەوە بە گفتوگۆ و دانوساندن لەسەر دابەشکردنەوەی پۆست و دەسەڵاتە داهاتەکان لەنێوان خۆیاندا.

بەڵام ئەو هەنگاوە تەنها سەرەتای دەستپێکردنی سەوداو مامەڵەکەیە. ئەوەی کە ئایا سەرەنجام بەوە دەگات بڕیار لەسەر هەڵبژاردن بدەن و ئەوە دابین بکەن کە ئاکامی هەڵبژاردن دوبارە دەسەلاتی ئەو دوو هێزە میلیشیاییە بەسەر ناوچەکانی دەسەڵاتی خۆیاندا مسۆگەردەکات، ئەوە نادیارەو دەبێتە بابەتی دەورەیەك لە کێشمەکێشی نێوان یەکێتی و پارتی لە ئایندەدا کە ناتوانرێ پێشبینی ئاکامەکەی بکرێ!

بەڵام مەسەلەیەك کە دەهێنێ قسەی لەبارەوە بکرێ، ئەو هەراو زەنایەیە کە نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی دەربارەی هەڵبژاردن و کۆتایی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەهاوکاری ئەمریکاو ووڵاتانی دەرەوە لەرێگای هەڵبژاردنەوە دەیکات. یەکێتی و پارتی وەکو دوو هێزی چەکداری بۆرژوازی بەهیچ جۆرێك لە پەیوەند بەژیان و مافەکانی خەڵکەوە لەلایەن ئەمریکاو ووڵاتانی رۆژاواوە گلەییان لەسەر نیەو هاوکاریش دەکرێن. ئەوان وەکو پاسەوانی ئەو ناوچەیە تەماشایان دەکەن و مامەڵەیان دەکەن نەك وەکو دەسەڵاتداری رەسمی و دانپێدانراو، هەربۆیەش هیچکات پشتیوانیان لە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەکردوە لە کوردستان. بەوجۆرە هەڵبژاردن و دەنگدان بەقەدەر سەرە دەرزیەك نەخشی نیە لە پێگەو جێگەی ئەواندا لای ئەمریکاو رۆژاوا. بۆیە پڕوپاگەندەی ئەوەی کە ئەمریکاو ئەوروپا دەیانەوێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێ تا دەسەلاتی یەکێتی و پارتی بدەنە دەست هێزی براوەی هەڵبژاردن، بێجگە لە وڕێنەی کاتی تاو لەرزی نەخۆشێکی گرانەتا زیاتر نیە.

ئەوەی بڕیار دەدات هەڵبژاردن بکرێ، یەکێتی و پارتین وەکو دوو هیزی میلیشایی دەسەڵاتدار. ئەوەی تائێستا نەکراوە، سەرباری داواکاری ئەمریکاو هوشداریەکانی نێردەکانی و پلاسخارت، ئەوەبووە کە یەکێتی و پارتی ئامادەنەبوون ئەوکارە بکەن مادام دڵنیا نەبوون لە ئاکامەکەی! ترسەکەشیان لە هێزیكی وەکو نەوەی نوێ یان هیچ هیزێکی دیکەی بەناو ئۆپۆزیسیۆن نیە، بەڵکو لەلایەکەوە ترسیان لە تێکچوونی هاوسەنگی نێوان خۆیان هەیە. بەتایبەتی یەکێتی ترسی لەوە هەیە کە ئاکامی هەڵبژاردن زیاتر تای ترازوی سیاسی بەلای پارتیدا قورستر بکات. بەڵام ئەگەر گفتوگۆکانی داهاتوویان ئەوە زامن بکات، ئەوا یەکێتی و پارتی بەپیر داوای ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دەچن و هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن! لایەنێکی دیکەی ترسی ئەو دوو حزبە لە هەلبژاردن ریسوابوونی پێگەی ئەو دووحزبەیە لەناو خەڵکداو ئەگەری بەشداری نەکردنی فراوانی خەڵکە لە هەڵبژاردندا، کە ئەوەش ئەو بانگەشەیەی یەکێتی و پارتی لای حکومەتی ناوەندی و دەوڵەتان بێبەها دەکات بەوەی گوایە ئەوان نوێنەری شەرعی خەڵکی کوردستان و ئامانج و خواستەکانی ئەوانن!

گومان لەوەدا نیە کە خەڵکی کوردستان ساڵانێکی زۆرە ئەزمونی دەسەڵاتی ئەو دوو حزبەو حکومەتی هاوبەش و ئاشتی و شەڕیان دەکەن، بۆیە ئەگەری ئەوەی کە خەڵك ئومید بەڕیکەوتنی ئەوان و حکومەتی هاوبەش و هەڵبژاردنیان ببەستێ و لەوەش قورستر ئومێد بە چاکسازی و باشبوونی ژیان و گوزەران و ئایندەی لەژێرسایەی دەسەڵاتی ئەواندا ببەستێ وەکو سەراب دێتەبەرچاو. بەشدارینەکردنی خەڵکی کوردستان لە دوادەنگدان و هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی عێراق، ناڕەزایەتیەکانی کارمەندان و خەڵک بەگشتی دژی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی ئەو دووحزبە لە سالانی ڕابروودا و هیواخواستنی خەڵك بۆ نەمانی دەسەڵاتیان شتێکی شاراوە نیەو خودی بەرپرسانی ئەو دووحزبە لەچەند بۆنەدا ئاماژەیان پێکردوەو وەکو مەترسی لەسەر دەسەڵاتەکەیان و خۆیان دەبیننن. بۆیە ئەم ئەلقەیەش لە کێشمەکێش و ئاشتبونەوەی نێوان ئەو دوو حزبەو هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردن و پڕوپاگەندەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا، گوایە بۆئەوەی لەرێگای دەنگدانی خەڵکەوە بەوان کۆتایی بەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بهێنن، وەکو پووش و پاڵاشی کەنار روبار دەکەوێتە لاوەو خەباتی خەڵکی کوردستان لەدژی دەسەڵاتی میلیشایی گەندەڵ و ستەمکارو نایەکسان و تاڵانچی بەردەوام دەبێت.

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …