هەڵبژاردنی بۆرژوازی زەوتکردنی ئیرادەی جەماوەری چەوساوەیە!

ئیبراهیم حسین

هەموومان سێرکی بەسەر و گوێلاکی یەکترداکێشانی نوێنەرانی موحتەرەمی چینی دسەڵاتدارمان بینی. بینیمان چۆن دڵیان گەردی گرت و داروپەردوی ئەو پەرلەمانە نازەنینەیان لەسەری یەکتردا شکاند. سەرباری ڕواڵەتی شیک و پێکەنیناوی ئەم دڵ لەیەک ئێشان و بەیەکداهەڵشاخانە، پرسیارێک کە بە زەینی هاوڵاتیاندا دێت ئەوەیە چی وایکردوە ئەم زاتانە کە کاریان ئەوەیە بە ناوی نوێنەرایەتی خەڵکەوە نان بخۆن و کەیف بکەن، دەست بدەنە یەخەی یەکتر و بە یەکدا هەڵشاخێن؟

مەسەلەکە ڕوونە. چینی دەسەڵاتدار و حیزب‌ و دەستەبژێری ئەو چینە خەریکن بەرەوپیری سێرکێکی سیاسی گەورەترەوە دەچن کە ناویان لێناوە هەڵبژاردن. ئەم سێرکە سیاسیە پێویستی بە نمایش و سێرکی ورد و درشتی تری لاوەکی هەیە تا لە ڕیزی چینە بێبەشەکان و هاوڵاتیانی کوردستان موشتەری بۆ پەیدا بکەن و ئەمجارەش کۆمەڵێک نانخۆری تر لە ڕیزی چینەکەی خۆیان، لە ڕیزی هەمان خانەوادەی سیاسی خۆیان بە ناوی نوێنەرایەتی خەڵکەوە ساغ بکەنەوە. لەوەش گرنگتر تا ئەم دەسەڵاتە ناقابیلەی چینی دارای ئەمڕۆ کە پشتی داوەتە چەک و میلیشیا و ژیانی ئازاد و خۆشبەخت، سەروەت و سامان و ئیمکاناتی کۆمەڵگەی بە بارمتە گرتوە، وەک بەرهەمی دەنگدان و هەڵبژادن بشەرعێنن. ئەم سێرک و نمایشی لێک تۆران و بە یەکداهەڵشاخانە بۆ گەرمکردنی پێشوەختی ئەم بازاڕەیە. ئەگەر ئەمە نەکەن دەتوانن چیتر بەو کرێکار زەحمەکێشە بڵێن کە دەمێکە دەڵێ دنیای  ئێمە و ئێوە دوو دنیای جیاوازە، کە پێیان دەڵێ دەسەڵاتی ئێوە، بەرژەوەندی ئێوە، دەوڵەتداری و چەک و میلیشیا و پەرلەمانی ئێوە لە سەر چەوسانەوەی ئێمە، لە سەر بێمافی ئێمە، لەسەر بێخانە ولانەیی و بێکاری و هەژاری ئێمە ڕاوەستاوە.

لە هەلومەرجێدا کە لە پێشدا یەکلا بۆتەوە کێ دەسەڵاتە و کێیە کە سنوری ئازادی و ئازادی قسەکردن و ڕێکخراو بوون و هەڵسورانی سیاسی و دەربڕین دیاری دەکا، یەکلابۆتەوە کە کێ ئابوری و ئیمکانات و سەروەتی کۆمەڵگەی لە دەستە، یەکلا بۆتەوه ئەگەر کرێکار و هەڵسوڕاوی کرێکاری و ڕابەرانی ڕادیکاڵ بێن و بڵێن ئەم شێوە ژیانەمان قبوڵ نیە و بڵێ کە خەڵک مافی هەیە چارەنوسی خۆی و کۆمەڵگەکەی خۆی دیاری بکا، کێ ده ست دەبا بۆ چەک و داپڵۆسین و زیندان،  هەڵبژاردن و ئازادی هەڵبژاردن ئیدیعایەکی پوچی چینی دەسەڵاتدارە و زەوتکردنی مافی چینی کرێکار و چینە بێبەشەکانە بۆ هەڵسوڕانی سیاسی ئازاد لە پەیوەند بە گرتنە دەستی دەسەڵات و دیاریکردنی چارەنوسی کۆمەڵگە و تاپۆکردنیەتی لەسەر چینی دەسەڵاتدار.

چینی دەسەڵاتدار لیاقەتی ئەوەی نیە فەزای ئازاد و دور لە ترس و سەرکوت و زیندان و نانبڕین و هەر شێوازێکی تری دەوڵەتی و سەرودەوڵەتی تۆقاندنی خوارەوە و بەشی چەپ و سۆسیالیستی کۆمەڵگە قبوڵ بکا، چونکە ئەگەر ئەوە قبوڵ بکا و  هەڵبژاردنێکی ئازاد هەبێ ، دەرفەتی کار و هەڵسوڕانی ئازاد و بێترسی نان بڕین و هەڕەشەی میلیشیا و زیندان و ڕفاندن لەئارادابێ و چەپ و سۆسیالیزمی کۆمەڵگە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لە جەدەلی سیاسی لەسەر دەسەڵات و چارەنوسی کۆمەڵگە دەستیان بە کۆمەڵگە و دڵی چینەکەی خۆیان و بێبەشان ڕابگا و تەلەفیزیۆن و ڕاگەیاندنی گەورە و پڕ تیراژیان هەبێ و کرێکار و زەحمەتکێش بتوانن بڕیار بدەن و هەڵبژێرن لەنێوان ڕێگاچارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، ئەوا بێگومان ئەو ڕێگاچارە و ئەو سیاسەت و ئەو هێزانەیان هەڵدەبژارد کە لەگەڵ ئاوات و ئامانجی ئەوان بۆ ژیانێکی باشتر دا دێنەوە. ئەوکات لەوەها کەشوهاوایەکدا چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگە قبوڵیان نەدەکرد کە دەسەڵاتێکی سەروخەڵکی ژیان و چارەنوسی ئەوان بەو شێوە کۆنەپەرەستانەیە دیاری بکا و چەپ و سۆسیالیزمیان هەڵدەبژارد. بۆیە ئەوان لەهەر کەشوهەوایەکی سیاسی بەڕاستی ئازاد  لەو دەعوا و کێشمەکێشە چینایەتیەدا بە چەپ و سۆسیالیزم دەدۆڕێن. بەو هێزە کۆمەڵایەتیە دەدۆڕێن کە دەڵێ ئازادی و ڕزگاری واقیعی بەپێی مەنتیق لەگەڵ چەوسانەوە و کۆمەڵگە و دەسەڵاتێک کە لەسەر  چەوسانەوەی مرۆڤ، لەسەر کۆیلایەتی کرێگرتە و دەسەڵاتی سەرمایە، لەسەر داماڵینی زۆربە لەهەر جۆرە دەرفەتێک بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خۆ و لەسەر بێئیرادەکردنی مرۆڤ  ڕاوەستاوە، نایەتەوە.

چینی دەسەڵاتدار ناتوانێ بە کارتی سوتاوی هەڵبژاردن و بەڕێخستنی سێرکی سیاسی لیاقەت و لێوەشاوەیی خۆی بۆ چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگەی کوردستان بسەلمێنێ. ئەگەر کەمترین لیاقەتیان هەیە و لە خۆیان ڕادەبینن فەرموون سێبەری چەک و ملیشیاتان لەسەر کۆمەڵگە لابەرن،  ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی بۆ غەیری خۆتان، بۆ چەپ و سۆسیالیزمی کۆمەڵگە بە ڕەسمی قبوڵ بکەن، لێگەڕێن با ئیمکاناتی کۆمەڵگە کە بۆ چالاکی سیاسی و گەورەی کۆمەڵایەتی پێویستە بەهەمانشێوە کە بۆ ئێوە بەردەستە، بۆ چەپ و سۆسیالیزمی کۆمەڵگەش فەراهەم بێ، میدیا و ڕاگەیاندنی گەورە وەک بۆ ئێوە بەردەستە بۆ سۆسیالیزمی کۆمەڵگە و ڕابەرانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی کۆمەڵگەش بەردەست بێ، ئەوکاتە دەکرێ ببینین کە چینی کرێکار و چینە بێبەشەکانی کۆمەڵگە لەو دەعوا و کێشمەکێشە کۆمەڵایەتیەدا چ کەسانێک و کام هێز و کام بەرنامە و ئەڵتەرناتیڤی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڵدەبژێرن؟ هەمان بەدبەختی چینایەتی و هەمانشێوە ژیانی چینایەتی تائێستا هەڵدەبژێرن یان سۆسیالیزم و ئاسۆی ڕزگاریەکی واقیعی سۆسیالیستی؟

تائەوکاتەی ئەمە لە ئارادا نیە، هەڵبژاردن و دەنگدان درۆیەکی بێمانا و پوچی چینی دەسەڵاتدارە.

 

 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …