بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بۆ یادی ٨ ی مارس:

با یاساو کەلتوری کۆنەپەرستانەی دژی ژنان بسپێرین بە مێژوو!

لە دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆماڵی بۆرژوازی کوردەوە، ئاڵوگۆڕێکی روو لەپێش بە قازانجی ماف و ئازادیەکانی ژنان رووی نەداوە. یاسای باری کەسێتی رژێمی بەعس کە بەپێی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام دیاریکراوە، لەلایەن  دەسەڵاتی کوردایەتیەوە جێبەجێکراوەو پارێزگاری لێکراوە، لەکاتێکدا دەبوایە سەرجەم یاساکان، بە یاسای باری کەسێتیشەوە، بە زبڵدانی مێژوو بسپێردرایەو یاسای پێشکەوتوو و مۆدێرن و یەکسانیخوازانە لەجێگایان دابرێژرایەو کاریان پێبکرایە. لەوەش نەخوازراوترو ترسناكتر بەرزبوونەوەی رێژەی ئەنجامدانی توندوتیژی و چوونەسەری ئاماری ئەتكکردن و کوشتنی ژنانە لەژێر سایەی دەسەڵاتی “بۆرژوازی خۆماڵی”دا!.

لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا فەرهەنگ و کەلتوری پیاوسالاری‌و بە کەم سەیرکردنی ژنان زیاتر پەرەیان پێدراوە. فرە ژنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بەفەرمی ناسراوە. دەستی مەلاو مشەخۆرانی ئیسلامی سیاسی ئاوەڵاکراوە بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهراوی جیاکاری لەدژی ژنان‌و هێشتنەوەیان وەکو کۆیلەی سێکسی پیاوان. تفەنگچیەکانی عەشیرەت‌ و بنەماڵەو تەنانەت حزبەکانیش‌ بەبیانوی کڕینەوەی شەرەفەوە ژنان خەڵتانی خوێن دەکەن و لە دیوەخانەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداردا خوێنەکەی سەوداو مامەڵەی پێ دەکرێت و تاوانبار بە بێ سزا بۆی دەردەچێت. تەنانەت ئەوانەیان کە بەهەرجۆرێك بووە رێگایان دەکەوێتە ناو زیندانەکانی حکومەتی هەرێمەوە، ناوبەناو بە لوتفی سەرۆکی هەرێم و لێبوردنی گشتی ئازاد دەکرێن!

لەماوەی ٢٣ ساڵی رابردووی دەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژوازی کوردا، هەمیشە لە هەوڵی کپكردنی دەنگی نارەزایەتی ژنان‌و پیاوانی یەکسانیخوازدا بوون، دژایەتی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان کراوە‌، رێگری‌و سەرکوت لەدژی هەڵسوڕانی رێکخراوی رادیکا‌ڵ‌و پێشکەوتنخواز بەڕێخراوە. دەسەڵاتی بۆرژوا- ناسیۆنالیستی کوردو هاوکارە ئیسلامیەکانی هەموو هەوڵێکیان بۆئەوە بووە کەکەسایەتی ژنان بشکێنن‌و لەجێگاورێگای پلەدوویی‌و بێمافی‌و سەرکوتکراویدا بیان هێڵنەوە.

بەڵام سەرباری هەموو ئەو سەختی و دژواریانەی کە  لە ماوەی رابردوودا بۆ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان پێکهێنراوە، هەڵسوڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ یەک سات خەباتیان لەپێناو بەدیهێنانی مافە بنەڕەتیەکانی ژنان لە سەر ئاستی یاساو لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نەوەستاندووە. دوابەدوای نەخشی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی چەکداری دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) لە “کۆبانی”یش، کە بیروبۆچون‌و یاسا کۆنەپەرست‌و دژە ژنەکانی کردە ئەفسانەیەکی پوچ و تێکشکاو و مەرسومی مافەکانی ژنانی لە کانتۆنی جەزیرە بەداوی خۆیدا هێنا، هێزو توانای بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەڵسوڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە لە هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو سەر هەڵکشاوەو ئومێدەکان زیاتر گەشاونەتەوە. ئەمساڵ نەك هەر ئیرادەی ژنان‌و پیاوانی یەکسانیخواز بە ئاقاری توندکردنەوەی خەباتە بۆ هەڵپێچانی یاسای کۆنەپەرستی باری کەسێتی عێراقی، بەڵکو میزاجی گشتی ژنان‌و ئازادیخوازانی کۆمەڵگای کوردستان بەقازانجی دەستەبەربوونی مافەکان‌و یەکسانی ژنانە لەگەڵ پیاواندا.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە سۆنگەی بڕوابوونیەوە بە یەکسانیی هەمەلایەنەی ژن و پیاو، “یاسای یەکسانی ژن و پیاو، ئەڵتەرناتیڤێك بۆ یاسای باری کەسێتی عێراقی”ی راگەیاندوە، وەکو پلاتفۆرمێك بۆ مافەکانی ژنان لە ٨ ی مارسی ئەمساڵدا دەیخاتە بەردەم هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان‌و کۆمەڵگا بەو ئومێدەی کە لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانەوە بەدەستەوە بگیرێت‌و ببێتە ناوکۆکەی یەکخستن‌و کۆکردنەوەی تواناکان‌و بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی بەهێز لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسێتی و جێگیرکردنی ئەم یاسایە لەجێگای.

بژی خەباتی ژنان‌و پیاوانی یەکسانیخواز لەپێناو چەسپاندنی یاسای یەکسانی ژن و پیاو!

 حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

مارسی ٢٠١٥

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …