لەنێوان تاران و واشنتۆندا!

موحسین کەریم

دۆخی سیاسی کوردستان و ئایندەی حکومەتی هەرێم، ململانێی یەکێتی و پارتی بەو ئاقارەدا بردوە کە نەتوانن لەرێگای گفتوگۆی نێوان خۆیانەوە بەئاکامێك بگەن، بۆیە بەناچاری دوبارە، چۆن ساڵی ١٩٩٨ مەسعود بارزانی و تاڵەبانی باوك لەسەر دەستی مادلین ئۆڵبرایت لە واشنتۆن دەستی ئاشتبوونەوەیان خستەناو دەستی یەکتر، ئاواش نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، لە دەرگای ووڵاتان دەدەن بۆئەوەی بەفریایان بگەن و لەو گێژاوەی تێیکەوتوون دەربازیان بکەن.

رەوتی روداوە سیاسیەکانی عێراق بەو ئاراستەیەدا دەڕوات کە دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا یەکسەرە بێتەوە. ئەو دۆخە سیاسیەی کە هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی ١٩٩١و دوای ئەویش لە ساڵی ٢٠٠٣وە وەکو ناوچەیەکی نیمچەسەربەخۆی سیاسی و ئیداری و تاڕادەیەکی زۆرریش ئابوری، بەخۆیەوە بینی، بەرەو کۆتایی چووە. پرۆسەی گرێدانەوەی هەرێمی کوردستان بە عێراقەوەو حکومەتی هەرێم وەکو بەشێك لە دەسەڵاتی خۆجێی حکومەتی ناوەندی دەستی پێکردوە. بەڵام بوونی دوو هێزی چەکداری حوکمڕان لە هەرێمی کوردستان کە هەریەکەیان لەناو هاوکێشەی هەرێمیدا بەسەر ئێران و تورکیادا، دابەش بوون، هۆکاری ئەوەیە کە پرۆسەکە بەسانایی نەچێتەپێشەوەو رووبەرووی هەندێ پێچ و گرێوگۆڵ بێتەوە.

یەکێتی کە لە ململانێی لەگەڵ پارتیدا لەناوخۆی کوردستان و لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم بەبنبەست گەیشتوەو توانای لاسەنگکردنی هاوکێشەکەی نیە، لەگەڵ گەڕانەوە بۆ بەغدا و بۆ ژێرسایەی حکومەتی ناوەندی کێشەیەکی ئەوتۆی نیە، بەوهۆیەی کە حکومەتی عێراقیش لەژێر کاریگەری و نفوزی سیاسی و بڕیاری سیاسی ئێراندایە و یەکێتی پێیوایە کە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی لەو چوارچێوەیەدا مسۆگەر دەبێ. بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە پەرلەمانی هەرێم، وەکو بڕیارێك لەدژی پارتی و لە بەرژەوەندی خۆی لێک دەداتەوە. بەڵام هەرچی پارتیە، سەرەڕای ئەوەی کە دەزانێ هیچ هەڵبژاردنێکی دیکەی نیە بێجگە لە قبوڵکردنی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمدا، لەگەڵ ئەوەدا نایەوێ بە سانایی تەسلیم بێت و دەیەوێ پێگەیەكی باڵاتر و کاریگەرتر لەیەكێتی بۆ خۆی لەدەسەڵاتی ناوەنددا مسۆگەربکات. بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێ سوود لەو پێگەو دەسەڵاتەی لەهەرێمدا هەیەتی، لەپاڵ پەیوەندیەکەی لەگەڵ تورکیادا کە یەکێکە لە دوو یاریزانی ناوچەکەو تائاستێکی بەرچاویش هەم کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان و هەم دەتوانێ دەوری کاریگەتر لە داهاتوودا بگێڕێت، وەربگرێت.

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی گروپە چەکداریەکانی سەر بە ئێران کە دەسەڵاتی سیاسی بەکردەوەی عێراق و حکومەتی عێراقیان بەدەستەوەیە، وە دانیشتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆئەوەیە کە لەرێگای دانی ئیمتیازی سیاسی و ئەمنی بە ئێران، ئاراستەی بڕیاری سیاسی عێراق بە قازانجی پارتی پێچەوانە بکرێتەوەو فشارەکانی لەسەر کەم بکەنەوە. ئەوەی کە نێچیرڤان بارزانی چی بەڵێنێکی سیاسی و ئەمنی بە دەوڵەتی ئێران داوە، دیار نیە، بەڵام لە ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی نێچیرڤانەوە دەربارەی سەردانەکەی بۆ ئێران ئەوەی پێوە دیاربوو، کە تاڕادەیەك رژێمی ئێرانیان لەرووی ئەمنی و سیاسیەوە خاترجەم کردوە. یەکەم کارادنەوەی ئەم سەردانەش بڕیاری ڕاگرتنی رێوشوێنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بوو لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە گوایە تا ئەوکاتە سکاڵاکەی مەسرور بارزانی دژ بە بڕیارەکانی پێشووی دادگای فیدراڵی بەجێگایەك دەگات! ئاکامی ئەوەی کە دادگای فیدراڵی چ وەڵامێك دەداتەوە بە سەرۆکی حکومەتی پارتی، بەندە بەوەی پارتی وەفادار دەبێت بۆ ئەو بەڵێنانەی کە داویەتی بە رژێـمی ئێران یان نا!؟

بەڵام سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەمریکا چ ئامانج و ئاکامێکی دەبێت!؟ لەکاتێکدا بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی خۆیان بە بەشێك لەو ئاراستەیە دەزانن کە لە بەغدا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە!

مەسەلەکە بەسادەیی ئەوەیە کە یەکێتی، سەرباری نزیکایەتی و خۆشخزمەتی بۆ رژێمی ئێران، سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ هێزە شێعە دەسەڵاتدارەکانی عێراقدا خۆیان بە شەریکی سیاسی دادەنێن، بەڵام پێگەی سیاسی و چەکداری یەکێتی بەوجۆرە نیە کە ئێران و حکومەتی ناوەندی حسابی زۆر گەورەی لەسەر بکەن و هەموو بوون و نەبوونی خۆیان لە پەیوەند بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و دۆخی ئەمنیەوە بەوەوە گرێبدەنەوە. ئێران و حکومەتی ناوەندی ناچارنین ئیمتیاز بدەن بە هێزێك کە خۆی تەسلیم کردوون، بەڵکو ئامادەی دانی ئیمتیازی سیاسین بەو هێزەی کە دەبێ دەستەمۆی بکەن!

بەوجۆرە سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ واشنتۆن، نەك ئێران، بەو ئومێدەیە کە بتوانێ پێگەیەك بۆ یەکێتی لای ئەمریکا لەچوارچێوەی سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا پەیدابکات و پشتیوانی ئەمریکاش لە پەیوەند بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە لەبەرژەوەندی حزبەکەی بەدەست بهێنێت. بەڵام نە یەکێتی ئەو پێگەیەی لای ئەمریکا دەبێت و نە ئەمریکاش خۆی لە ناوچەکەدا پێگەیەکی ئەوتۆی هەیە تا بتوانێ کاریگەری جدی لەسەر ڕەوتی ڕوداوەکان هەبێت لە عێراقدا. شکستی سیاسی و سەربازی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا، بەتایبەتی دوای شەڕی غەززە و پشتیوانی لە ئیسرائیل، جێگەیەکی ئەوتۆی بۆ دەخالەتگەری سیاسی ئەمریکا نەهێشتۆتەوە. بۆیە پێدەچێت فایلەکانی دەستی بافڵ تاڵەبانی بە سپێتی بگەڕێنەوە!

Check Also

وتەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێ حوسێنی مورادبەگی لە سیدنی، ئوسترالیا.  عامر سابیر …