ڕۆژی ٤ی ئاب، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژه یاسای ههمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ کرد، کە لەلایەن ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بەگروپە شیعەکانەوە پێشنیارکرابوو. ئەمە لەکاتێکدایە کەلەساڵی٢٠١٧دا، هێزە شیعەکانی ناو پەرلەمان پێشنیارێکی هاوشێوەیان خستە بەردەم پەرلەمان، بەڵام ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆر بووەوەو شکستی هێنا. بەدڵنیاییەوە ئەم هەوڵەی شیعەکان کردەیەکی یاسایی نییه، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕێگەدان بە ئەنجامدانی تاوان لەدژی ژنان و کچان و مناڵان وبەکۆیلەکردنیان، هاوکات هەوڵێکە بۆ داڕمانی یەکجاری کۆمەڵگهی مەدەنی وسپاردنی هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانبەهەوا و هەوەسی سێکسی پیاوانی ئاینی و سهرمایەدارانێك وبەرپرسانێکی گەندەڵ کەدەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. ئەمەش گێڕانەوەیەکی مەترسیداری کۆمەڵگهی عێراقە بۆ سەردەمانێکی تاریک.
ئەگەر ئەم هەوڵەی کەناویان ناوە هەمواری یاسا، لەپەرلەمان تێپەرێت ئەوا نەک هەر هیچ مافێك بۆ ئینسانی ژن ناهێڵێتەوە، بەڵکو ژنان وکچانی منداڵ دەکاتە کۆیلەو کەنیزەک وکاڵایەکی سێکسی و بەدوای خۆشیدا چەندین دیاردەی قێزەونی وەک فرەژنی، زەواجی مسیارو سیغە، پەرەپێدەدا و بەیاسایی دەکات. بەتایبەتی کەبەپێی ئەم هەوڵە:
- هاوسەرگیری کچانی خوار تەمەنی نۆ ساڵ و سەرووتر بە یاسایی دەکرێت، هەروەها بەهەڵگرتنی سزا لەسەر ئەوکەسانەی کەلەدەرەوەی دادگاکان دەست بۆ گرێبەستی نافەرمی و هاوسەرگیری نایاسایی دەبەن، دەرگا لهبهردهم مهلا و پیاوانی ئاینیدا ههرچی زیاتر ئاوهڵا دهكات بۆ ڕهوایهتی دان بهو جۆره گرێبهست و هاوسهرگیرییانه. بە ڕادەیەک کەژنان هیچ ماف و بڕیارێکیان نەبێت لە زەواج وتەڵاقدا وبەیەکجاری بکرێنەپاشکۆی پیاوان.
- ئەم هەموارکردنەژنان و مافهكانیان تهسلیم به بیروڕای ئاینی و مهزههبهكان دهكات، واته مافەکانی ژنان سنووردار دەکرێن بە پشتبەستن بە لێکدانەوە ئاینییەکان کە لە ئایینێکەوە بۆ ئایینێکی تر جیاوازە. هەروەها مەسرەفکردن بۆ ژنان مەرجداردەکرێت بەڕادەی “چێژوەرگرتنی سێکسی” پیاوانەوە.
- دوای ئەوەی منداڵی تەمەن ١٥ ساڵ مافی هەڵبژاردنی دایک و باوکی دەبێت، هەموارە نوێیەکە دەبێتە هۆی ئەوەی تەمەنی کۆرپەلە کەتەنها دوو ساڵ بێت و دوای جیابوونەوەش کۆرپەکە بۆ باوک دەبێ، بەبێ ڕەزامەندی دایکی.
- ئەم هەموارکردنە نوێیە، ئازادی ژنان له هەڵبژاردنی ئایینەکەیان لە کاتی هاوسەرگیریدا یان لە حاڵەتی جیابوونەوەدا زەوت دەکات، کە تەنها عەقیدەی مێردەکە بەحسابدێت، ئەمەش سەرکوتکردنی ژنان بەهێزتر دەکات و ناچاریان دەکات ملکەچی یاسا نامرۆڤانەکان بن.
گومان لەوەدا نییە کە یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩، پێویستی بەهەموارکردنەوە و گونجاندنیەتی لەگەڵ مافی هاوڵاتی یەکسان و ئازادیەکانی ژناندا چونكه بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتیەکان و لەگەڵ خواستەکان و چاوەڕوانیەکان و خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و ئازادیدا ناگونجێت. بەڵام ئەو هەموارەی کەکیتلەپەرلەمانیەکەی شیعەکان پێشنیاری دەکەن نەک هەر پێچەوانەیە بەدەستکەوت وپێودانگە جیهانی و ئەمڕۆییەکانی ماف و ئازادیەکانی ژنان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بەشیعەکردنی کۆمەڵگهی عێراق و لێدانە له بنەماکانی کۆمەڵگهی مەدەنی ولەسەرەتاییترین مافو ئازادیەکانی ژنان. ژنانی عێراق وەکو ژنانی هەموو کۆمەڵگه پێشکەوتووەکان چاویان لە داهاتوو بڕیوە. چاویان لە ڕزگاربوون لە پاشماوەکانی کۆتوبەندی نایەکسانی و پیاوسالاری و پلەدوویی بڕیوە. ژنانی عێراق دەیانەوێ وەکو پیاوان هەمان ماف و ئازادی و کەسایەتیان هەبێت و لە یاسادا پارێزراوبێت. بەڵام ئامانجی ئەم پرۆژە یاسایە، ڕێك بردنەوەی کۆمەڵگای عێراقە بۆ سەردەمی حوکم و دەسەڵاتە ئاینیەکان و یاسا و نەریتی قەبیلەو عەشیرەتەکان!
ئەم پڕۆژە یاسایە ژن دەکاتە بوونەوەرێکی بێشەخسیەت و بێئیرادە و بێبڕیار و مەحکوم. دەیکاتە کاڵایەکی سێکسی کە کاری تەنها خزمەتی سێکسیە بە پیاوان نەك هاوبەشی ژیان وهیچ بنەمایەکی پەیوەندی خۆشەویستی و مرۆیی لەنێوان ژن و مێردا ناهێڵێت. پەیوەندی نێوان ژن و پیاو دەبێتە سێکس بەرامبەر بە پارە ونەفەقە! تەنانەت دایک وەکو بوونەوەرێکی بێبایەخ بەیاسایی دەکا و فرەژنی و زەواجی چێژوەرگرتن( موتعە) و زەواجی سەرپێیی(مسیار) و جۆرەکانی دیکەی زەواج کە هەموویان وەڵام بە ئارەزوی سێکسی پیاوان دەدەنەوە، دەبێتە نۆرم. نەهێشتنی هەمووجۆرە پارێزبەندیەکی یاسایی بۆ پاراستنی ژنان لە مەسەلەی زەواج و تەڵاق…. و ڕادەستی بڕیارو فتوای سەرۆك باند و مەرجەعە دینی و کۆنەپەرست و دژە ژنەکان دەکات. لەمانەش ترسناكتر زەواجی مناڵانی کچ ولاقەکردنیان بەرەنجامی پەسەندکردنی ئەم پرۆژە یاسایە دەبێت. لەیەک وتەدا ئەم پڕۆژە یاسایە لە بنەڕەتدا، نەك لەژێرپێنانی مافە سەرەتایی و مرۆییەکانی ژنانە، بەڵکو سوکایەتی یاسایی و ڕەسمی و دەوڵەتییە بە کەسایەتی و بە کەرامەتی ئینسانیی ژن وهەرهاوڵاتیەکی تر و ڕەسمیەتدەدات بە تاوانی ڕێکخراو دژی ژنان و کچانی مناڵ! مانای سەندنەوەی پێناسەی هاوڵاتیە تەنانەت لەناو پەیوەندیە خێزانیەکان و دابەشکردنیانە لەسەر بنامەی دین و مەزهەب و تێکدان و تاڵکردنی ژیانی خێزانەکان لەناو ناتەبایی و ناکۆکی مەزهەبەکاندا! مانای سەپاندنی شەریعەتی ولایەتی فەقیهی جمهوری ئیسلامی ئێرانە بەسەر کۆمەڵگهی عێراقدا!
ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێت لەلایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی عێراق و کوردستانەوە، لەلایەن هەموو ڕێکخراو و لایەنەکانی داکۆکیکار لە ماف و ئازادیەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی پارێزگاری لە مافەکانی مناڵان…. بە توندی بەرپەرچ بدرێتەوەو پێشنیارکاران و بەرگریکارانیشی لەئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا ڕیسوابکرێن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی ژنانی کوردستان وهەموو ئەو کەسایەتی و ڕێکخراوانەی داکۆکی لەمافو ئازادیەکانی ژنان دەکەن، بۆ بەشکستکێشانی ئەم هەوڵەی پەرلەمانتارانی شیعە و حزبەکانیان لەپاڵ ناڕەزایەتیەکانی ئێستای ژنان وئازادیخوازانی شارەکانی عێراقدا ڕاوەستن.هاوکات ڕێگانەدەن کەحزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، و ڕیکەوتن لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا مافو ئازادیەکانی ژنانی عیراق پێماڵ بکهن. کەبەدڵنیایەوە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بەوجۆرەی خراوەتەڕوو، کاریگەری مەترسیداری لەسەر دۆخی ژنانی کۆردستانیش و ماف و ئازادیەکانیان دەبێت.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٠/٨/٢٠٢٤