به‌ گرێبه‌ست كردنی وانه‌بێژان گه‌مه‌یه‌كی تری سیاسی ده‌سه‌ڵاتی شكستخواردووه‌ و ده‌ردێك تیمار ناكات!

له‌ سیناریۆیه‌كی ئاماده‌كراودا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژی ٢٥ ی ئاب له‌گه‌ڵ كه‌سانێك به‌ ناوی نوێنه‌رانی وانه‌بێژاندا كۆبۆوه‌. سه‌رئه‌نجام له‌ ڕاگه‌یاندنێكی حكومه‌تدا هاتووه‌ كه‌ ٣٨ هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژ ئه‌بێ بكرێنه‌ گرێبه‌ست. ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات چه‌ندێك ڕاستگۆ و وه‌فادار ئه‌بن به‌م قسه‌ و بڕیاره‌ بۆ خۆی مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ كه‌ زۆرتر ئه‌چێته‌ خانه‌ی بانگه‌شه‌كردن بۆ پرۆسه‌ی گاڵته‌جاڕانه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستانه‌وه‌. به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌ری وابه‌سته‌بوونیشیاندا به‌م گوفتاره‌یانه‌وه‌، هێشتا زۆر له‌ خواستی واقعی مامۆستایانی وانه‌بێژ به‌ تایبه‌تی و مامۆستایان به‌ گشتی دووره‌. ئه‌م ٣٨ هه‌زار وانه‌بێژه‌ كه‌ زۆربه‌یان زیاتر له‌ ١٥ ساڵه‌ به‌ نزیكه‌یی به‌ خۆڕایی وانه‌ ئه‌ڵێنه‌وه‌ و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ سه‌رباری هه‌ر كه‌موكوڕی و پشگوێخستنێكی به‌ ئه‌نقه‌ستی ده‌سه‌ڵات و خودی كابینه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌م ٥ ساڵه‌ی دواییدا، درێژه‌یان به‌ كاری په‌روه‌رده‌ و فێركردن داوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌سرور بارزانی و حكومه‌ته‌كه‌یه‌تی كه‌ له‌ پاڵ پێنه‌دانی موچه‌ به‌ مامۆستایانێك كه‌ ساڵه‌هایه‌ به‌ فه‌رمی دامه‌زراون، وانه‌بێژان و مامۆستایانی گرێبه‌ستی له‌ دۆخێكی ئابوری سه‌خت و پێنه‌دانی حه‌قده‌سته‌كانیاندا ڕاگرتووه‌ و به‌مجۆره‌ش له‌ دۆخێكی ده‌رونی قورسدا هێشتوونیه‌ته‌وه‌. مامۆستایان به‌ گشتی و وانه‌بێژان و گرێبه‌سته‌كان له‌وپه‌ڕی ناهه‌مواری ژیانی خۆیان و مناڵه‌كانیان و بێموچه‌یی و گیرۆده‌بوون به‌ كرێچێتی و گرانی و نه‌بوونیدا هه‌رچه‌نده‌ هه‌میشه‌ ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام به‌ په‌رۆشه‌وه‌ توانیویانه‌ مناڵانی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌ش له‌ خوێندن به‌هره‌مه‌ند بكه‌ن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ درێژایی ساڵانی پێشوو هه‌مووان شاهیدی ناڕه‌زایه‌تی فراوانی ئه‌م توێژه‌ له‌ مامۆستایان بووین كه‌ به‌ شێوازی بایكۆت و خۆپیشاندان و به‌رزكردنه‌وه‌ی یاداشت بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌تا حكومه‌تی عێراقیش، له‌پێناو درێژه‌دان به‌ خوێندن درێغییان نه‌كردووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات بووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ چ ئه‌مان و چ مامۆستایانی دامه‌زراوی له‌ بێموچه‌یی و بێمافیدا ڕاگرتووه‌ و قوتی ئه‌مانی كردۆته‌ وه‌ره‌قه‌ی سیاسی و بۆ ململانێی خۆی له‌گه‌ڵ ناوه‌نددا به‌كاری هێناوه‌. هه‌ربۆیه‌ ناڕه‌زایه‌تی وانه‌بێژان بۆ دامه‌زراندنی ته‌واوه‌تی و به‌هرده‌مه‌ند بوون له‌ موچه‌ی ته‌واو و دابین بوونی ژیانیان بووه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا ده‌سه‌ڵات به‌ منه‌ته‌وه‌ له‌ وانه‌بێژییه‌وه‌ بیانگۆڕێت بۆ گرێبه‌ستێك كه‌ مه‌علوم نییه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ به‌ گرێبه‌ستی ئه‌یانهێڵێته‌وه‌ یان نا. له‌كاتێكدا له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌وه‌ عێراقه‌ غه‌در له‌ وانه‌بێژانی كوردستان ئه‌كات ئه‌گینا له‌ عێراقدا به‌ هه‌زاران كه‌سیان دامه‌زراندووه‌. ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم زه‌ڕڕه‌یه‌ك ویژدانی تیابووایه‌ ٣٨ هه‌زار وانه‌بێژی نه‌ئه‌كرد به‌ وه‌ره‌قه‌ی سیاسی نێوان خۆی و ناوه‌ند و به‌مجۆره‌ش نه‌یئه‌كردن به‌ گرێبه‌ست كه‌ گوایه‌ له‌ داهاتی ناوخۆی كوردستان ئیتر موچه‌كانیان دابین ئه‌كات. وانه‌بێژان ئێستا به‌ڕاستی ئه‌توانن به‌ توندی ئه‌م هه‌وڵه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر داهاتی ناوخۆ ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ و هه‌بووه‌ بۆچی چه‌ند ساڵه‌ ئه‌مانیان له‌م بێمافیه‌دا ڕاگرتووه‌؟ یان ئه‌یانه‌وێ له‌م ٣٨ هه‌زاره‌ش ده‌نگی چه‌ند هه‌زارێكیان بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ شكستخوارد و له‌رزۆكه‌كه‌یان ته‌ئمین بكه‌ن.

 ناڕه‌زایه‌تی وانه‌بێژان له‌پێناو دامه‌زراندندا بووه‌، نه‌ك سه‌ده‌قه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌ گرێبه‌ست كردنیان. ئێمه‌ له‌ حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان، هه‌روه‌ك چۆن هه‌میشه‌ له‌ پشتی داخوازی دامه‌زراندنی وانه‌بێژان وه‌ستاوین، ئێستاش پێداگری له‌وه‌ ئه‌كه‌ین كه‌ ئه‌م گه‌مه‌ سیاسیه‌ی ده‌سه‌ڵات ناڕه‌زایه‌تی و داوای ڕه‌وای وانه‌بێژان بۆ دامه‌زراندن كاڵ نه‌كاته‌وه‌ و هاوشانی مامۆستایان كه‌ هه‌ر ئێستا و زیاد له‌ ٥٠ ڕۆژه‌ موچه‌یان پێنه‌دراوه‌ و كراوه‌ به‌ كارتی سیاسی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند، ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان بره‌و پێ بده‌ن و پێداگری له‌سه‌ر دامه‌زراندن و پێدانی موچه‌ له‌ كاتی خۆیدا بكه‌ن. ئێمه‌ له‌م خه‌باته‌دا له‌گه‌ڵتان و هاوشانتانین.

 

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٦/٨/٢٠٢٤

Check Also

هەڵکوتانە سەر دەزگای چاودێر وداخستنی، هەوڵێکی تری سەرکوتگوری سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانیە!

ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری سەر بەدەزگا سەرکوتگەریەکانی یەکێتی نیشتمانی، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی دەزگای چاودێر، کە لەلایەن …