لەخەونی سەربەخۆییەوە بۆ خەونی مووچە!

موحسین کەریم

نزیکەی ٦ دەیەیە کە بزوتنەوەی کوردایەتی خۆی کردوە بە دەمڕاستی خەڵکی کوردستان و گوایە دژ بە رژێمە سەرکوتگەرە نەتەوەپەرستەکانی عەرەب، نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکان و ئاواتەکانی خەڵکی کورد دەکات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و ژیانێکی شایستەی دوور لە ستەم و چەوساندنەوەو بێمافی! لەم ماوە دورودرێژەدا، ئاشی بزوتنەوەی چەکداری کوردایەتی ئێسکی دەیانهەزار گەنجی لەململانێیدا لەگەڵ رژێمەکانی ناوەنددا هاڕیوە. سەرباری ئەو هەزاران گەنجەی کە لەشەڕی باڵادەستی نێوان خۆیاندا، بەکوشتیان داون، یان بێسەروشوێن کراون. سەرباری ئەو کارەساتە مرۆییانەی کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناویانە، لە ئەنفال و کیمیاییباران لەلایەن رژێمی دڕندەی بەعسەوە، بەهۆی سیاسەتی نۆکەرپیشەییان بۆ رژێمی ئیسلامی ئێران و بوون بەلایەنی هاوکاری ئێران لە شەڕی عێراق- ئێراندا.

خەڵكی کوردستان، بەناهەق، بەهۆی بوونی ستەمێکی دڕندانەی نەتەوەییەوە لەسەری، لەلایەن رژێمە فاشیستە عەرەبیەکانی ناوەندەوە، بەناچار و بەهۆی وەهم وخۆشباوەڕییەك کە بەو هێزانەی بزوتنەوەی کوردایەتی هەیبوو، بەردەوام بە ژیانی گەنجەکانی، کورەی شەڕی چەکداری ئەوانی خۆشکردوە، بەو ئومێدەی کە  بانگەشەی ئەو هێزانە بۆ ئازادی و بەرگری لەمافەکانی خەڵکی کوردستان بەدیبێت و لەسایەی دەسەڵاتی “خۆماڵی کوردی”دا ئاهێك بەبەریاندا بێتەوەو ژیانێکی سەرفرازو شکۆمەندو دوور لە ترس و دڵەراوکێیان هەبێت و بەئارامی بژین.

بەڵام ئەوەی رویدا رێك پێچەوانەوەی ئەو چاوەڕوانی و ئومێدە بوو کە خەڵک لەسەر هێزەکانی کوردایەتی هەڵیانچنیبوو!  کاتێك لەساڵی ١٩٩١دا و لەئاکامی شەڕی یەکەمی ئەمریکا دژی عێراق، فرسەت بۆ هێزەکانی کوردایەتی لە کوردستانی عێراق فەراهەم بوو کە کۆنترۆڵی زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستانی عێراق بکەن و حکومەتی بەعس لەو ناوچانە دەرپەڕێنن، کەچی یەکەم کارەکانیان تاڵانکردنی کوردستان و ئاودیوکردنی هەرچی ئامێرو کەلوپەلی بەنداو و کارگاو دامەزراوە حکومیەکان بوو بۆ ئێران! دوای ئەوەی ئەمریکا هیوایەکی پێدان کە بۆماوەیەکی زیاتر کاری پێیانەو دەتوانن فەرمانڕەوای ئەو ناوچانە بن کە دەستیان بەسەریدا گرتوە، لە ساڵی ١٩٩٢دا بانگەوازی هەڵبژاردن و دامەزراندنی یەکەم پەرلەمانی کوردستانیان کرد. ئەوەبوو دیسانەوە خۆشباوەڕی خەڵك بەو هێزانە، بەپۆل بەرەو سندوقەکانی دەنگدانی بردن و یەکێتی و پارتی، زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، بەڵام هەر لەیەکەم رۆژەکانی تەوابوونی دەنگدانەوە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتی کوردستان، یەکێتی و پارتی خەریك بوو لافاوی خوێن بەرێبخەن.

دواتر هەر بە فەرمانی ئەمریکا بەشێوەی فیفتی بە فیفتی دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد. ئەوکات هەرچی داهات و کۆمەکێك دەهاتە کوردستانەوە، ئەو دوو حزبە بۆخۆیان تاڵانیاندەکرد و هانی خەڵکیشیان دەدا بڵێن: “سەری بەرز بۆ مووچە نەوی ناکەین”، وەکو کاردانەوەیەك بەرامبەر بە حکومەتی بەعس کە خەڵك ئامادە نیە لەبەرخاتری مووچەکانیان بگەرێنەوە بۆ باوەشی رژێمی بەعس. خەڵکی کوردستان برسێتی و نەبوونیان تەحەمول دەکرد و بەرپرسانی ئەو دوو حزبەو هاوبەشەکانیان لە حکومەت و پەرلەمان و پاشماوەکانی بەرەی کوردستانیش وەکو پاشا دەژیان!

دوای ٢٠٠٣، کە دەرفەتێکی دیکە بۆ حزبەکانی کوردایەتی ڕەخسایەوە، ملیارەها دۆلار رژایە کوردستانەوە، حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتی، دەستیانکردە کۆکردنەوەی ئەو تاڵانیەو بەدەیان ملیاردێر و هەزاران ملیۆنەر لەناو بەرپرسانی حزبەکان و سەرمایەدارانی نزیك لەخۆیان، وەکو قارچك هەڵتۆقین، کە کۆنترۆڵی هەموو جومگەیەکی ئابوری و خزمەتگوازری و ئیداری کوردستانیان کردوەو بەمدەست و ئەودەست خەریکی روتاندنەوەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانن. بەپێچەوانەی ئەو ئومێدەی خەڵکی کوردستان کە ژیانیان باشتر بێت بە بەراورد بە سەردەمی رژێمە سەرکوتگەرە عەرەبیەکانی پێشوو، ژیانیان خراپتر و سەختتر بوو. ئەو خزمەتگوزاریانەی لەسەردەمی بەعسدا لێی سودمەندبوون، وەکو خوێندنی خۆڕایی، خزمەتگوزاری تەندروستی خۆڕایی، خزمەتگوزاری شارەوانی و … تاد. هەموویان بوون بە سەرچاوەی روتاندنەوەی خەڵک و کەڵەکەی سامان بۆ بەرپرسانی حزبەکانی کوردایەتی و خاوەن کۆمپانیاو سەرمایەکانی دۆست و نزیکیان! نەك هەرئەوە، بەڵکو ئەو مووچەیەی کە سەرەتاییترین مافی مووچەخۆرانە، لەساڵی ٢٠١٤ ەوە بەبیانووی جۆرواجۆرە لێی دەبڕدرێت، پاشەکەوتی زۆرەملێ دەکرێت و یان هەر نادرێت و بەچەند مانگ مووچەیەك دەدەن! ئەمە لەکاتێکدا کە خۆیان بەردەوام بەشێوەی رەسمی و بە قاچاخ نەوتیان فرۆشتوەو داهاتی گومرك و داهاتی ناوخۆیان دەستبەسەردا گرتوە، سەربارەی قازانجی خەیاڵیی پرۆژە ئابوریەکانیان!

ئێستا دۆخەکە بەجۆرێکە کە خەڵکی کوردستان لەجیاتی خەونی سەربەخۆیی و ئازادی و ماف و  ژیانێکی شکۆمەند و ئارام  لەسایەی دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆماڵی کوردایەتیدا، خەون بە گەرانەوە بۆ بەغدا دەبینن بۆئەوەی مووچەکانیان وەربگرن! خەون بە گەڕانەوە بۆ ژێردەسەڵاتی رژێمێك دەبینن کە هیچ بڕوایەکەی بە مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ هاوڵاتیانی کورد زمان نیە، دەوڵەتێك و سیستەمێکی سیاسی کە لەسەر بنەماو پێناسەی تائیفی – ئیسلامی- عەرەبی پێکهاتوە!  سەرانی کوردایەتیش لە بانگەشەی “ئابوری سەربەخۆ” و “مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی کورد” ەوە هاتونەتە سەر دەستماچکردن و پارانەوە لە دەسەڵاتی ئیسلامی- شێعی عێراق تا مووچەی فەرمانبارەکانیان بدەن!

 

 

Check Also

توندبوونەوەی فەزای جەنگ و مەترسی سەرهەڵدانی شەڕ و وێرانکاری

په‌یامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان دوای وێرانکردنی نزیك بە تەواوەتی غەززە و …