دەشتی جەمال
رۆژی پینجشەمە، ٥ی ٩ی ٢٠٢٤ دوای فشارەکانی کۆماری مرۆڤکوژی ئیسلامی ئێران و لەسەر بنەمای رێکەوتنێکی پێشتر لەگەڵ هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم، کۆماندۆکانی یەکیتی بەفەرمانی ڕاستەخۆی پاڤڵ تاڵەبانی چوونە ناو بارەگاکانی هەرسێ رێکخراوەکەی کۆمەڵەی ئێران لە زڕگۆێز، بەمەبەستی گواستنەوەیان بۆ کەمپی پەنابەران لە سورداش!
ئەوەی ئاشکرایە ئەم هەنگاوەی یەکێتی و پاڤڵ تاڵەبانی دژ بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئیران، لەچوارچێوەی جێبەجیکردنی ئەو رێکەوتنامە هاوبەشە شەرماوەرەدایە کە لەنێوان ئەمینداری بالای ئاسایشی نەتەوەیی ئیران و قاسم ئەعرەجی راویژکاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق، لەژیر ناوی پاراستنی ئاسایشی سنورەکانی هەردوو ولات و سنوردارکردنی جوڵەکانی ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئیران و چەكداماڵینیان، ئەنجامدراوە.
بافڵ تاڵەبانی کە بەم رۆژگارە بانگەشەی خەمخۆری بۆ هەرچوارپارچەی کوردستان دەکات، بەم هەنگاوەی نیشانیدا کە ئامادەیە لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبی و مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەلات لە کوردستان، نەك هەر “کوردی هەرچوارپارچە” بکەن بە قوربانی، بەڵکو ئامادەی خزمەتکارین بۆ رژێمی کۆنەپەرستی ئێران و هەر دەوڵەتێکی کۆنەپەرست و سەرکوتگەری ناوچەکە کە لایەکیان لێبکاتەوە! ئێستا کە یەکێتی لەناو قەیرانێكی سیاسی و حزبیدا گیرۆدەیە، لە هاوسەنگیەکی سیاسی و دۆخێکی خراپدایە بەرامبەر بە پارتی، بەخاتری پشتگیری کۆماری ئیسلامی ئیران لەپرۆسەی هەلبژاردندا کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێ، ئامادەیە لەوەش زیاتر بڕوات. بگرە ئەگەری ئەوە هەیە کە دەستی رژیمی تاوانکار و سێدارەی ئیسلامی ئێران ڕابکێشن بۆ سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی “برا” یان و تەنانەت رادەستکردنی ئەندامانی ئەو لایەنانەو هەر نەیارێکی سیاسی رژێمی ئێران لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حزبەکەی!
گومان لەوەدا نیە کە رژێمی مرۆڤکوژی ئیسلامی ئیران بەوەوە ناوەستێ کە ئەو هێزە ئۆپۆزیسۆنانە بکاتە پەنابەری کەمپنشین، بەڵکو ئەگەری ئەوە دوور نیە کە دەزگا تیرۆریستیەکانی بە هاوکاری حزبەکەی بافڵ تاڵەبانی و بگرە ئەحزابی دیکەی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی نۆکەری رژێمی ئێران، دەست بەرن بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەو ئەندامانی ئەو حزبانە و تەنانەت هێرشکردنە سەریان، وەکو ئەوەی بەسەر ئەندامانی موجاهدینی خەڵكدا هات لە “کەمپی ئەشرەف و لیبریتی”! بەتایبەتی کە لە نەوەدەکانەوە تا ئێستا بەهاوکاری ئەم حزبانە، نزیك بە چوارسەدوپەنجا ئەندام و پیشمەرگەی کۆمەڵەکان و دیموکراتەکان لەهەرێم تیرۆرکراون یاخود رادەستی ئێران کراونەتەوە. تازەترینیان ڕادەستکردنی بیهزاد خوسرەوی، ئەندامی حزبی دیموکرات بوو!
بێگومان وەکو ئەوەی ڕاگەیەنراوە، ئەم بڕیارەو رێکەوتنە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژیر دەسەلاتی پارتیش، حزبی دیموکراتی ئێران و گروپەکەی حسین یەزدان پەناش، دەگرێتەوەو ئەوانیش ڕەوانەی کەمپی پەنابەری دەکەن. پارتیش بەدوای سەردانەکەی نیچیرڤان بارزانی بۆ تاران و هاتنی وەزیری دەرەوەی ئیران بۆ هەولێر، بەڵینی هاوکاری بە رژێمی ئێران داوە بەرامبەر بە پشتگیری لە خواستەکانی پارتی لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە!
هەڵبەتە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەرامبەر بە ژیان و سەلامەتی ئەندامانی ئۆپۆزیسۆنی کوردستانی ئێران و پەنابەرانی ئێرانی لە هەرێم بەرپرسیارێتی مرۆیی و ویژادنیان دەکەوێتە سەر. دەبێ خەڵکی کوردستان بەرگری لە مافی ئازادی هەڵسوڕان و چالاکی سیاسی بۆ سەرجەم هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی نیشتەجێی هەرێم بکەن، فشاربخەنەسەر پارتی و یەکێتی بۆئەوەی دەستبەرداری خۆشخزمەتی بن بۆ رژێمی ئیسلامی ئێران و رژێمە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، بەهەرشێوەیەك بۆیان دەکرێ دژی ئەم پیلانە چەپەڵەی رژێمی ئێران و یەکێتی و پارتی و بەزۆرناردنی ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران بۆناو کەمپی ئاوارەیی لە سورداش بوەستنەوە.
لە کۆتاییدا، پاڤڵ تاڵەبانی و سەرانی پارتی و یەکێتی دەبێ باش ئەوە بزانن کە رژێمی ئیسلامی ئیران دەمێکە حوکمی مەرگی لەلایەن جەماوەری نارازی و کریکاران و ژنان و مامۆستایان و خەڵکی زەحمەتکیشی ئیرانەوە دراوە، بۆیە بۆخۆتان باشترە کە پەند لە مێژوو وەربگرن! ئەوکات کە خەڵکی ئێران بارگەوبنەی رژێمی ئیسلامی ئێران دەپێچنەوە، ئیتر هیچ کەس فریاتان ناکەوێ و دەکەونە بەر سێڵاوی جەماوەری ناڕازی و پێشکەوتنخوازی کوردستانی عێراقەوە کە خۆی بەبەشێك لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی دژ بە رژێمی ئیسلامی ئێران و رژێمە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە دەزانێ!