موحسین کەریم
هەموو جارێك ئەم قەوانە لەلایەن ئۆپۆزیسۆنی ساختەچی بۆرژوازیەوە لێدەدرێتەوە، بەڵام هەموو جارێکیش هەڵبژاردن هەر هەمان ئاکامی پێشووی دەبێت! لەساڵی ١٩٩٢ ەوەوە هەڵبژاردن دەکرێ لە کوردستان، بەڵام هەر یەکێتی و پارتی فەرمانڕەوای بە کردەوەی کوردستانن. سەرەتا بەناوی حکومەتی هەرێم و لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەشێوەی نیو بەنیو کە تەنها دووساڵی خایاند. دوای شەڕی ناوخۆو جیابونەوەی دوو زۆنی سەوزو زەرد، ئەم فەمانرەواییە بەشێوەی دەسەڵاتی رەهای هەریەکە لە پارتی و یەکێتی لە زۆنەکانی دەسەلاتی خۆیاندا بەرجەستە بوو. دوای رێکەوتنی یەکێتی و پارتی و بەڕواڵەت یەکخستنەوەی حکومەتی هەرێم، دەسەڵاتی هەردوو حزب بەشێوەی دیفاکتۆ بەڕواڵەت یەکگرتوو بەڵام لەراستیدا دابەشبوو بۆ دوو زۆنی دەسەڵات بەردەوامی پەیداکرد. لەوماوەیەدا خەڵکی کوردستان بێبایەخبوونی دەنگدان و هەڵبژاردنیان بۆ دەرکەوت و بەو بڕوایە گەیشتن کە دەنگدان هیچ کاریگەریەك لەسەر دۆخی ژیان و گوزەران و ئازادیەکانیان ناکات، بۆیە هەم حکومەت و هەم پەرلەمان ئەو جێگایەیان نەما لە بیرکردنەوەی سیاسی خەڵکدا و بە دەسەڵاتی میلیشیایی دووحزب کە فیفتی فیفتی هەموو شتێکیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردوەو پەرلەمانیشیان بە دیوەخان، ناودەبرد.
کاتێك بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا لەهەناوی یەکێتی و دەسەڵاتی میلیشاییەوە، بانگەشەی گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی لەرێگای دەنگدانەوە کرد، بەشێك لە خەڵکی ناڕازی چەواشەکردو جارێکی دیکە بردنیەوە بۆناو کایەی هەڵبژاردن و دەنگدان و خەباتی پەرلەمانی! وای لە خەڵك گەیاند کە هەڵبژاردنی ئەوجارە جیاوازەو دەتوانن بە دەنگەکانیان کۆتایی بەدەسەڵاتی میلیشایی یەکێتی و پارتی بهێنن و حکومەتی تەکنۆکرات و دامەزراوەیی پێکبهێنن! ئەوەبوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١٣ دا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بووە دووەم هێزی ناو پەرلەمان لەدوای پارتیەوە و یەکێتی کردە هێزی سێهەمی پەرلەمان کە خاوەنی ١٨ کورسی بوو. بەڵام راستیەکانی دوای ئەو روداوە ئەوەی سەلماند کە هێزی یەکەم و دوەم هەر پارتی و یەکێتین نەك گۆڕان. لەراستیدا یەکێتی و پارتی هیزی یەکەم و کۆتایی هەموو بڕیارەکان بوون لە کوردستان. گۆڕان تەنها دەیتوانی هەندێ سەریەشە بۆ ئەو دوحزبە دروست بکات، کە سەرەنجام ئەوەشیان تێپەڕاند و هەموو کەسێك ئێستا دۆخی گۆڕان دەبینێت! گۆڕان بەوکارەی تەنها بۆ چەندین ساڵی دیکە شەرعیەتی بە دەسەڵاتی میلیشایی پارتی و یەکێتی دایەوە بەناوی دەنگی خەڵکەوە!
ئێستاش هەمان مێژوو دوبارە دەبێتەوە. دوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی؛ ” نەوەی نوێ” و ” بەرەی گەل” بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەلومەرجەکە گۆڕاوەو دەتوانن بە دەنگدان بەوان کۆتایی بەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بهێنن و بەڵێنی بەهەشتی خۆشگوزەرانی و ئازادییان پێدەدەن! بەڵگەشیان بۆ ئەم بانگەشەیەیان ئەوەیە کە ئەمجارە نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکەن و بوار بۆ تەزویری یەکێتی و پارتی نامێنتەوە، وەکو ئەوەی تائێستا ئەو دوو لایەنە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانیان نەکردبێت، یان ئەوەی کە دەوڵەتانی ئەمریکاو ئەوروپا لە یەکێتی و پارتی بێزارن و بەشوێن جێگرەوەیاندا دەگەڕێن. بۆیە ئێستا فرسەتە و خەڵك دەتوانن ئازادانە دەنگ بدەن و گۆڕانکاری بکەن لەڕیگای دەنگدان بەوانەوە و کردنیان هێزی یەکەم!
ئەم بانگەشەیەی ئۆپۆزیسیۆنی ساختە وادەردەخات کە یەکێتی و پارتی لەرێگای دەنگدانەوە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتوە، بۆیە دەکرێ بە دەنگدان لەسەر دەسەڵات لاببرێن! ئەمە درۆیەکی شاخدارەو خەڵکی کوردستان لە ئەزمونی نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕاندا تاقیکردۆتەوە. یەکەم، ئەو دوو حزبە هێزی میلیشییان و بە حوکمی ئەو دەیانهەزار چەکدارە خۆیان بەسەر دەسەڵات و خەڵکی کوردستاندا سەپاندوە، بۆیە بە هەڵبژاردن جێگا بۆ هیچ کەس چۆڵ ناکەن. دووەم، هەم ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپا و هەم دەوڵەتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئێران و تورکیا، دەزانن کە لەرێگای ئەو دوو هێزە میلیشاییەوە دەتوانن بەرژەوەندیەکانی خۆیان و ئارامی و جێگیری سیاسی و ئەمنی نیسبی لە کوردستان و عێراق بپارێزن و ئامادەنین ئەو دۆخە رادەستی هێزی دیکە بکەن کە ناتوانن ئەو کارەیان بۆ بکەن! ” نەوەی نوێ” تەنها دەتوانێ هاتوهاواری میدیایی بکات و هیچی دیکە، چونکە بەهەموو پێوانەیەکی سیاسی – کۆمەلایەتی هێزێکی سیاسی نیە. لاهور جەنگی و “بەرەی گەل”ەکەشی لە نەوشیروان مستەفای ئەو دەمە بەهێزتر و خاوەن نفوزتر نیە لەڕووی چەکداری و سیاسی و بگرە نفوزی جەماوەریەوە. بۆیە راستیەکەی ئەم دوو گروپە تەنها کاریکاتۆری ئەزمونێکن کە شکستی خۆی بۆ خەڵکی کوردستان ڕاگەیاندوە!
کەواتە رۆشنە ئاکامی هەڵبژاردنی ئەمجارەش وەکو هەموو جارەکانی دیکە، شەرعیەتدانەوەیە بە دەسەڵاتی میلیشایی- دوو زۆنی- یەکێتی و پارتی لەپاڵ چەند کورسیەكی پەرلەمان و چەند پۆستێکی ئیداری لە حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی بۆ ئۆپۆزیسیۆن و شەریكکردنیان لەداهاتی تاڵانکراوی خەڵکی کوردستان بەناوی مووچەی ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و.. تاد.
ئەوەی دەمێنێتەوە، بانگەشەی یەکێتیە کە گوایە لەم هەڵبژاردنەدا کۆتایی بە دەسەلاتی تاكڕەوی پارتی دەهێنن و حکومەتی هەرێم دەکەنەوە بە حکومەتی خزمەتکاری خەڵك، وەکو ئەوەی تائێستا ئەوەی ژیانی خەڵکی کوردستانی بەرەو ئەم وێرانی و کارەساتە ئابوری و سیاسیە بردوە، تەنها پارتی بووبێت و یەكیتی هیچ دەورێکی تێدا نەبووبێت! بەڵام سەرفی نەزەر لە بانگەشەی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حکومەت بەرەو حکومەتێكی خزمەتکاری خەڵک، کە رەنگە ئەندامانی خۆشیان پێی خۆشخەیاڵ نەبن، چ خای خەڵکی کوردستان، ئەو هاتوهاوارەی یەکێتی و سەرۆکەکەی تەنها ئەوەندە بڕدەکات کە ڕەنگە لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا کەلێنی جیاوازی کورسیەکانی لەگەڵ پارتیدا بەهاوکاری ئێران کەمێك کەمتربکاتەوە و بڕێك پۆست و دەسەڵاتی دیکەو بەوپێیەش بڕێك زیاتر پارەی دزراوی خەڵك بخاتەناو گیرفانەکانی خۆیەوە و هیچی دیکە. کەواتە هەموو ئەوانەی بانگەشەی گۆڕانکاری دەکەن لەم هەڵبژاردنەدا درۆ دەکەن، چ جای ئەوەی گۆڕانکاریەك بێت لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان!