چاوپێکەوتنی بڵاوکراوەی مانگانەی کۆمۆنیست، لەگەڵ محەممەد عەلووش،

ئەندامی دامەزرێنەری “بەرەی یەکگرتووی کرێکاری بۆ بەرگری لە خەڵکی فەلەستین”

مەحمەد عەلووش، ئەمینداری گشتی سەندیکای خەباتی کرێکارانی فەلەستین وسکرتێری ئۆفیسی سیاسی بەرەی خەباتی خەڵكی فەلەستینە. ئەو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی “بەرەی یەکگرتووی کرێکاری بۆ بەرگری لە خەڵکی فەلەستین”، کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا لەراگەیاندنێکدا پێکهاتنی خۆی بەبەشداری دەیان ڕیکخراوی کرێکاری لەعیراق، کوردستان، تونس، لیبیا، میسر، مەغریب و.. ڕاگەیاند. ئەمەی خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنێکە لەبارەی “بەرەی یەکگرتووی کرێکاری بۆ بەرگری لە خەڵکی فەلەستین”ەوە و بەپیویستمانزانی خوێنەرانی بلاوکراوەی ئۆکتۆبەری لێ ئاگاداربکەینەوە. چاوپێکەوتنەکە لەزمانی فارسیەوە وەرگێردراوە.

 

بڵاوکراوەی مانگانەی کۆمۆنیست: سەرەتا بەبۆنەی گرتنەبەری هەنگاوێکی گرنگ کە پێکهێنانی بەرەی یەکگرتووی کرێکارییە، پیرۆزبایی لە ئێوە و هەڵسوڕاوانی دیکەی ئەم دامەزراوە و سەندیکا و ڕێکخراوە و حیزب و کەسایەتییە دامەزرێنەرەکان دەکەم. ئایا دەتوانن بۆ خوێنەرانی بڵاوکراوەکەمان ڕوون بکەنەوە کە بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم بەرەیە چۆن هاتۆتە ئاراوە و بنەماو پێویستیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی دامەزراندنی چین و چۆن ئەم پرۆسەیە بە کردەوە بەرەوپێشەوە چووە؟

محەممەد عەلووش: سوپاستان دەکەم هاوڕێیان، زۆر بە شانازییەوە سوپاسی ئێوە و “بڵاوکراوەی کۆمۆنیست” دەکەم، ڕێگام پێبدەن با سڵاو و پێزانینی خۆم بۆ هەموو هاوڕێیانم لە حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی) دەرببڕم.

سەبارەت بە دامەزراندنی بەرەی یەکگرتووی کرێکاری بۆ بەرگری لە خەڵکی فەلەستین، ئەم بیرۆکەیە کە لە بەرپرسیارێتی و خولیای ژمارەیەک لە هاوڕێیانی چەند حیزب و ڕێکخراوەی کرێکارییەوە سەرچاوەی گرتووە و دواتریش سەرکەوتوو بووین لەبەرجەستەکردنەوە و چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیە بە دامەزراندنی بەرەیەک کە هاوپەیمانییەکی فراوان بۆ پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین لەخۆبگرێ و شانبەشانی خەڵکی فەلەستین و چینی کرێکاری خەباتگێر، ئەحزاب و سەندیکا و دامەزراوەکانی لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەوانەش هەڵسوراوانی کرێکاری و حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی) سازبدەین. لەپێکهێنان و دامەزراندنی ئەم بەرەیەدا “بەرەی یەکگرتووی کرێکارانی ڕۆژهەلات بۆ داکۆکی لەخەڵکی فەلەستین” نوێنەرانێکی کرێکاری لەعێراق، کوردستانی عیراق، میسر، لوبنان، مەغریب، جەزائیر، مۆریتانیا، ئوردن، سودان و لیبیا و ڕێکخراوە هاوبەشەکانیان، بەشدارن.

پێکهاتنی ئەم بەرەیەش لە باوەڕێکی پتەوی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت کە هیچ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بەبێ تیۆری شۆڕشگێڕانە، بونی نییە و نە چینی کرێکار و نە هەر ڕێکخراو وسەندیکایەکی شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخواز بەبێ تیۆری شۆڕشگێڕانە دەتوانێ بوونی هەبێت و لەسەر بنەمای ئەمەش دیدگای خۆمان بۆ دامەزراندنی ئەم بەرەیەو نوێنەرایەتیکردنی چینی کرێکار و گشت کرێکاران، بەدەستەوە گرت. ئێمە بەپێی تێگەیشتنمان لە مارکسیزم ئەم بەرەیەمان بنیاتناوە، کە بە میتۆد و شیکردنەوە و تیۆرێک بۆ گۆڕانی شۆڕشگێڕانەی دەزانین، چونکە چینی کرێکار لەڕووی مێژووییەوە بڕیاری لەدەستدایە تا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەرەو نەهێشتنی سیستەمی سەرمایەداری و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی ببات و هەموو جۆرە چەوسانەوەیەکی چینایەتی و لەناوبردنی هەلومەرجی ماددی، کە خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە، ڕێبەریی بکات.

ئێمە لەسەر فۆڕم و ناوەڕۆک و ناسنامەی ئەم بەرەیە گەیشتوینەتە ڕێکەوتن و لەسەر بنەمای بەهێزکردنی لایەنە هاوبەشەکانی نێوان ئەندام و دامەزرێنەرانی بەرەکە هاوڕاین. لەم ڕاستایەشدا ئێمە لەڕێگەی بەیاننامەی دامەزرێنەرەوە دەستمان بە کارەکانی بەرەکە کردوە و دواتر ئۆرگانەکانی بەرەمان لەوانەش ئەنجومەنی ناوەندی و سکرتاریەتی گشتی وەک نوێنەری بەرەکە هەڵبژارد.

ئێمە پێمانوایە پێکهێنانی ئەم بەرەیە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین و ئامانجە عادیلانەکەی، زۆر گرنگە، جگە لەوەش ئەم بەرەی کرێکاریە هەڵگری ئامانجە نێو دەوڵەتییەکانە لەراستای کۆکردنەوەی هەموو هێزەکانی چینی کرێکار لە جیهاندا لەسەر بنەمای ڕوانگەیەکی چینایەتی و خەباتکارانە لەدژی ئیمپریالیزم، بۆ مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بۆ یەکسانی و ئازادی.

وەک هەمووتان دەزانن، هێزە چەپەکان لە سەرانسەری جیهاندا ڕۆڵێکی مێژوویییان هەیە لە سەرکردایەتیکردنی خەباتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار و هەموو زەحمەتکێشانی تردا، ئەم هێزانە هێشتا لە هەوڵی نوێکردنەوە و پەرەپێدانی خەباتی بزووتنەوەی کرێکاریدان بە ئاراستەیەکی دروست لە دژی سیاسەتە مۆنۆپۆلیەکانی ئیمپریالیستیەکان، کە لەسەر بنەمای چەوسانەوەیەکی قێزەون پشتیان پێبەستراوەو لەم سەردەمەشدا ڕۆڵی هێزە چەپ و کرێکاری و پێشکەوتنخوازەکان زیاتر دەبێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ نوێکردنەوەی چالاکییە هاوبەش و یەکگرتووەکانمان لەدژی سیاسەتەکانی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم. ناوچەگەرایی و تائیفەگەرییەک کە دەوڵەتانی کۆنەپەرستی عەرەبی بە پاڵپشتی ئایینی و کۆمەڵایەتی هێزە توندڕەوەکان، چالاکانە لەهەوڵدان بۆ برەودان بەدۆخی تێکەولیکە و ئاژاوەگێڕی و ئەمەش پاساوێکە بۆ دەستێوەردانی زلهێزە دەرەکییەکان و بۆ بەدەستهێنانی هەژموونی، کوشتنی ڕۆحی نەتەوەیی، ئەمەش لەڕێگای هەڵگیرسانی ناکۆکی و ڕق و کینەی تائیفی، درێژەدان بە هەژاری خەڵکەکەمان، تێکدانی ژێرخانی کۆمەلایەتی، زیادبوونی بێبەشی و هەژاری، هێنانەخوارەوەی ئاستی بژێوی و باری تەندروستی، ستانداردە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، هەروەها قەدەغەکردنی مانگرتن، ئازادی کاری سەندیکا و سیاسی، و ئازادی بیروڕاو و دەربڕین.

بڵاوکراوەی مانگانەی کۆمۆنیست: لەڕووی مێژووییەوە کێشەی خەڵکی فەلەستین و ئەو بێمافی و تاوانکاریەی بەرامبەریان دەکرێ، بۆتە دەستمایەی سودلێوەرگرتنی خراپی دەولەتانی دونیای عەرەب و بۆ مامەڵە پێکردن و بەدەستهێنانی ئیمتیازات لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئاڵای فەلەستینیان بەدەستەوەگرتووە، کەچی هەرئەم دەولەتانە خۆیان بونەتە بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکی فەلەستین. “بەرەی یەکگرتووی کرێکاری بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین” تا چەند دەتوانێت بە کردەوە ببێتە جەمسەرێکی کرێکاری بۆ بەرگری لە خەڵکی فەلەستین کە هەر خۆیان خاوەنی دۆزی فەلەستینن؟ ئایا ئەم ڕوانگەیە و داهاتوویەکی لەم شێوەیە مومکینە؟

محەممەد عەلووش: هەوڵەکانمان بە ئامانجی یەکخستنی چینی کرێکارە لە ناوچەکە و جیهاندا، بۆ کۆتاییهێنانە بە دڕندەیی و تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید و ئەو پاکتاوکردنە نەتەوەییەی کە ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین، لە ناوچە داگیرکراوەکاندا، بەتایبەت لە کەرتی غەززەدا دەستی بۆبردووە. هەروەها ئیمە هەوڵدەین بۆ فشار خستنەسەر لایەنگرانی جیهانی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل و بەرگریکردن لە ژیان و ئازادی خەڵكی ستەملێکراوی فەلەستین و مافی ڕەوای عادیلانەیان لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری، بەڕیگای جیاواز. ئێمـە چالاکانە بەکەڵکوەرگرتن لە کەرەستەی بەردەست لە خەباتدا هەوڵدەدەین بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی تەواوەتی خەڵکی فەلەستین و شکست پێهێنانی داگیرکاری و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین کە قودس پایتەختی بێت…

بەشێکی گرنگی پرۆژە فراوانترەکەمان لەپێکهێنانی بەرەی یەکگرتووی کرێکاران، هەوڵدانمانە بۆ یەکخستنی چینی کرێکار لەدژی چەوسانەوە و دڕندەیی سیستەمی سەرمایەداری، بۆ درێژەدان بە خەباتی هاوبەشی کرێکاران لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران و مرۆڤدۆستانە، بۆ ژیانێکی باشتر، بۆ یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا، بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە جیاکارییەکی نەتەوەیی و ئایینی و بۆ ئاشتی و ئاسوودەیی و ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی دڵخواز بۆ هەموو خەڵکی جیهان. ئێمە هەوڵدەدەین بۆ بە هێزکردن و یەکگرتووکردنی کرێکاران و بە هاوکاری هەموو ڕێکخراوەکانی چینی کرێکار، سەربەخۆ لە دەوڵەتانی ناوچەکە وجیهان، هێزی چینی کرێکار، بەپتەویی هەڵوێستەکانی و مەحکەمکردنی ئەزموونی ماندوونەناسانەی ئەم چینە، لەنێو خەڵکی موتەمەدین و ئاشتیخواز و خەباتکارانی ئازادی ودیموکراسی و پێشکەوتوخواز لە جیهاندا بەرجەستەبکەینەوە.

ئێمە بەهەموو ئەم هاودەنگییە جیهانی و کرێکارییە، بە تایبەت لەگەڵ ئامانجی عادیلانەی دۆزی فەلەستین و خەڵکی ئازادیخوازی جیهاندا کە لەکەنار فەلەستیندا ڕاوەستاون و کەوتونەتە بەردەم دڕندانەترین شیوەکانی دەستدرێژیەوە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە، متمانەی زۆرمان هەیە کە بێگومان ئەم خەباتە درێژەی دەبێت و دەبێتە هۆی بزووتنەوەیەکی جەماوەری و کرێکاری و خەباتێک لە سەرانسەری جیهاندا لەبەرامبەر جەنگە ناعادیلەکان وڕەتکردنەوەی ئەو هەژموونی و ستەمکارییەی بەسەر هەموو خەڵکەکەماندا سەپێنراوە، کۆتایی بە بێمافی و ئازارەکانیان دەهێنێت و ئەمەش یەکێکە لەو بنەما گرنگانەی کە بەرەی کرێکاری لەسەری بنیات نراوە و ئەمەش واقیعی ئاڕاستەکانی ئێمە وبەرەی خەباتی خەڵکی فەلەستینە و لە یەکێتی خەباتی کرێکارانی فەلەستیندا ڕەنگدەداتەوە. ئێمە ئاڵای خەباتێکی هاوبەشی جیهانی و چەسپاندنی ئایندەیەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتیمان هەڵگرتوە.

بڵاوکراوەی مانگانەی کۆمۆنیست: ئەم دامەزراوەیە چ ئامانجێک یان ئامانجگەلێکی لەبەردەم خۆی داناوە و چ ڕێگایەکی سیاسی و عەمەلی چ لەسەر ئاستی کرێکاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و چ لەسەر ئاستی جیهانیش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دەگرێتەبەر؟

محەممەد عەلووش: بەرەی یەکگرتووی کرێکاری لە ناوجەرگەی خەباتی نەتەوەیی و چینایەتیدا سەریهەڵداوە تا خەبات لەم پێگە میحوەرەیەوە ڕابەری بکات و بە ڕوونی گوزارشت بکات لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و هیوا و ئامانجەکانی کرێکاران و خەڵکی خۆمان بۆ مافی بڕیاردانی چارەنوسیان. وە لەجەرگەی خەباتێکی عادیلانەدا مەحکەمتر بێت، تا خۆی وەک پێشەنگی هۆشیاری چینی کرێکار، بگرێتەبەر، ئەم ڕێبازەش لە بیری زانستی دیالەکتیکییەوە وەرگیراوە کە توانای لێکهەڵپێکانی بابەتیانەی یەکێتی نێوان تیۆری و پراکتیکی هەیە، و هەمیشە وەک بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو و خەباتگێڕ، بەهێز و سەرسەخت بۆ ئازادی، پێشکەوتن، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی و مافەکانی خەڵک، لە بەدیهێنانی چارەی خۆنووسین، بەدیهێنانی دیموکراسی و سۆسیالیزم وەک هەڵبژاردەیەکی مێژوویی بۆ داهاتووی هەموو مرۆڤایەتی، لەخەباتدایە.

ئەزمونە مێژووییەکان پێویستی هاودەنگی و خەباتی هاوبەشمان فێردەکات تا هەنگاو بەرەو دروستکردنی بەرەیەکی بەهێز و هاوبەش لەگەڵ هێزی کرێکار و ڕێکخراوەکان هەڵگرین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەوسانەوە، گەندەڵی، سیاسەتی بەتایبەتکردن و ڕەوتی نیولیبراڵ کە بە میکانیزمەکانی ئابووری بازاڕی سەرمایەداری کۆنتڕۆڵ نەکراون. تاڵانکردنی سامان و بەفیڕۆدانی وزەی مرۆڤ و ئەو نایەکسانیە گەورەیەی کە دابەشکردنی ساماندا هەیە، هەروەها زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و بڵاوبوونەوەی هەژاری ئەم هەولەی ئێمەی پشتڕاستکردەکاتەوە. .

ئەوە تەنیا چینی کرێکار نییە کە بەدەست چەوساندنەوەی چینایەتی بۆرژوازی و ستەمگەری سەرمایەدارییەوە دەناڵێنێت، بەڵکو هەموو توێژە زەحمەتکێشەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش لەم ئازارانەدا هاوبەشن و ئەمەش وایکردووە کە ئەم توێژ و گروپانە بەشێوەیەکی بابەتیانە خۆیان بەهاوپەیمانی چینی کرێکار بزانن. وە هەرکاتێکیش هەلومەرجی ئەم کارە دابینکرا و بەشێوەیەکی سەرەکی هەلومەرجی زهنی چینی کرێکار کە ڕێکخراوەکانیەتی، لەبەرامبەر چەوسانەوە و سەرکوتگەری سەرمایەداریدا یەکگرتوو ببن، ئەوا ئەمانیش لەگەڵ چینی کرێکرادا یەکگرتوودەبن. بەهەمانشێوە ئێمە بەرەکەمان لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە قوڵە بنیات دەنێین و دیاریکردنی ئەرکەکان و هەوڵە هەماهەنگەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو تەحەددیاتەکانی دەوروبەرمان پێکهێناوە.

بڵاوکراوەی مانگانەی کۆمۆنیست: زیاتر لە ٢٣ دامەزراوە و سەندیکا و یەکێتی کرێکاریی وحیزب و ڕەوتی سیاسی لە دامەزرێنەرانی ئەم بەرەیەدان ، زۆربەیان خەڵکی جیهانی عەرەبین وەک فەلەستین، تونس، میسر، ئوردن، عێراق، مەغریب، لیبیا، سودان و.. . ..تا ئێستا کاریگەریەکانی ئەم هەنگاوتان لەنێو چینی کرێکار ناوچەکەدا چی بووە و چ ئاسۆیەکتان بۆ گێڕانی ڕۆڵی ئەم دامەزراوەیە لە یەکخستنی چینی کرێکار لە ئاست ناوچەکە و جیهاندا لەبەرچاوە؟

 محەمەد عەلووش: بەرەی کرێکاری لەم قۆناغەدا لە هەلومەرجێکی ناوازەدا پێکهاتوە، لەسەردەمێکدا کە بەشەریەتی موتەمەدین لەجیهاندا، هەڵوێستی پرەنسیپی خۆی لە ڕەتکردنەوەی تاوان و دڕندەیی و داگیرکاریەک کە ئیسرائیل دەستی داوەتێ، دەربڕیوە، لەکاتێکدا کە جەماوەر بە هەموو چین و توێژەکانیەوە  بەشداریان لەخۆپیشاندانە بەرفراوانەکاندا کردوە و کرێکاران و چالاکوانانی نێودەوڵەتی لە پایتەخت و شارە جیاوازەکانی جیهان بۆ پشتیوانی لە دۆزی عادیلانەی فەلەستین و خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین و لەدژی جینۆساید و تاوانە جەنگیەکان و هێرشێک کە دەوڵەتی فاشیستی و تیرۆریستی ئیسرائیل دەستیداوەتێ هەروەها لەدژی ئەو یاریەی کە وڵاتانی کۆنەپەرست و خۆسەپێنی ناوچەکە و جیهان پەیڕەوی لێدەکەن، هاتونەتە مەیدانەوە و بێزاری خۆیان لە حکومەتی فاشیست و تیرۆریزمی ڕێکخراوی و ناژادپەرست بەتورەیی ڕاگەیاندوە.

چینی کرێکار و هەموو بێبەشان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و مەغریب و لە هەموو نەتەوەکان و هەموو مەیلە پێشکەوتنخواز و دیموکراسی و سەربەخۆکان، بەشێکی پێویست و گرنگ و کاریگەرن لە بزووتنەوەی کرێکاری جیهانی و پێکەوە لەگەڵ هیزە پێشکەوتنخواز و مرۆڤدۆستەکان لە جیهاندا، ئەرکی خۆیان بەپشتگیریکردن لەخەڵکی فەلەستین تا سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ئازادی و کەرامەتی مرۆیی بۆ خەڵک و کرێکارانی فەلەستین کەبەشێکن لێی، بەرەوپێشەوە دەبەن.

ئێمە بە هەنگاوی دڵنیاوە و لەڕێگەی ئەم بەرە تازە دامەزراوەوە لە قۆناغی داهاتوودا بەردەوام دەبین لەڕاستای پەیوەندیکردن و مەحکەمکردنی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ هەموو ڕێکخراوەکانی تردا درێژە پێدەدەین، لەگەڵ ئەوانەدا کە هاوتەریبن لەگەڵ دیدگا و بەرنامەکانمان و ئەو ئامانج و ئاواتانەی کە هەمانە. تا ئەو شوێنەی کە ئێمە دەمانەوێت ئەم بەرەیە بەردەوام بێت و گەشە بکات و ببێتە بەرەیەکی کرێکاری جیهانی. سەرەڕای هەڵوێستی ئسوڵی و یەکلاکەرەوەمان بەرامبەر بە دۆزی فەلەستین و هەموو پرسە عادیلەکانی دیکەی وەک پرسی خەڵکی کورد و پرسەکانی خەڵکی دیکە کە لە مێژوودا بەدەستیەوە ناڵاندوومانە، بابەتگەلێکی تریش دەکەوێتە بەرنامەی کارمانەوە.

 

 

Check Also

چیرۆکی ئاڵای سوور!

وەرگێڕانی: توانا محەمەد نوری لە ئازاری ١٨٧١ شۆڕشگێڕانی فەرەنسا دەستیان بەسەر هۆتێل دی ڤیل لە …