نوری بەشیر
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریکا پڕدەنگۆترین هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵانە بوو، چ لەدەورەی زیاتر لەسەد رۆژی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و چ ٥ ی نۆڤەمبەر وەک رۆژی دەنگدان و تاکو ئەمڕۆ. حزبەکانی بۆرژوازی و حکومەت و میدیاکانیان تا دەگاتە سەرمایەداران لەئاستی دنیادا هەریەک لە بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە، قسەوباس دەکەن لە هەڵبژاردنی ترەمپ و سیاسەتی دەورەی داهاتووی ئەمریکا، هەروەها کار و کاریگەریەکانی لەئاستی ئەمریکاو جیهاندا، زۆرێک بەئومێدەوە لە سیاسەتی نوێی ئەمریکا و ترەمپ دەڕوانن و بەشێکی رەشبین، هەموو ئەمانە لەو گۆشەیەوە سەیر دەکەن، کە جێگاوڕێگایەک بۆرژوازی و سەرمایەداری لەئاستی دنیاداو بەتایبەت کە ئەمریکاو تا دەگاتە ترەمپ و حزبەکەی ئەمڕۆ هەیانە، بەتایبەت لەدنیای ئەمڕۆدا کە سەرمایەداری قەیرانێک کە یەخەی گرتووە، بەڵام لەمەیداندانەبوونی ڕکەبەرێکی گەورەی چینایەتی دژی سەرمایەداری کە چینی کرێكاری هوشیارو حزبە کۆمۆنستیەکانە، شانسی داوە کە سەرمایەداری بەهۆی حزبە جۆراوجۆرەکانیەوە بمێنێتەوە، هەربۆیە بەرژەوەندیەکانی چینی سەمایەدار چاوەکانی لەو بەرژەوەندیانەوە دەڕوانێتە ترەمپ. بەڵام هەڵبژاردنی ترەمپیش لەهەلومەرجێکدایە کە دەورەی پێشووی سەرۆکایەتی و هەتا دەورەی دیموکراتەکان نیە، بەڵكو جیهانی چەند جەمسەری چۆتە جێگاوڕێگایەک کە مەوقعیەتی سیاسی و هەتا ئابوری ئەمریکای لەجێگایەکی لاوازتردا راگرتووە.
بابزانین ئەم هەموو هاتوهاوارە بۆ جێگاوڕێگای ترەمپ و ئەمریکا لە دنیای ئەمڕۆدا لە جێگای خۆیدایە، ئایا ترەمپ و حزبەکەی چی شتێکی زیاتر دەتوانێت بکات کە بایدن و دیموکراتەکان نەیانتوانی بیکەن؟ بەتایبەت ئەمەشمان لەبەریتانیا بینی کە بەدوای شکستی ١٤ ساڵەی دەسەڵاتی حزبی پارێزگاران چاوەکان لەسەر لەیبەر پارتی و رابەرەکەی کییەر ستارمەر بوو بۆ ئاڵوگۆڕ، بەڵام ئەوەی کە ریشی سوناک و حزبی پارێزگاران نەیتوانی بیکات ئەم دەیەوێت بیکات، لەوەڵامنەدانەوە بە خواستەکانی کرێکاران و کارمەندان، لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵان تا دەگاتە مەسەلەی پەنابەران و لایەنگری بۆ حکومەتی ناتانیاهۆ و کۆمەڵكوژیەکەی. هەربۆیە ئەم سەرۆکانەو حزبەکانیان وەک سەرۆک حزبی بۆرژوازی و سەرمایەداران، لەیەک سەرچاوەوە دەجوڵێن ئەویش بەرژەوەندیەکانی سیستەمی سەرمایەدارانە چ لە ئەمریکایە بێت، یان لە ئێران و لەکوردستانیش.
سەرەتا ئایا ترەمپ و حزبەکەی لەکۆمەڵگای چینایەتی ئەمریکادا لەکوێدا وەستاون؛ یەکەم، ئەگەرچی ئەمریکا وەک یەکێک لەگەورەترین وڵاتانی سەرمایەداری ناسراوەو زۆرێک لە بۆرژوازی جیهانی بەلانکی دیموکراسی دەزانن و پەرلەمانەکەی بەنموونەی دیموکراسی پەرلەمانی دەزانن، بەڵام چ پەرلەمان و دیموکراتیەتەکەی هەمانشێوەی پەرلەمان و دیموکراتی حکومەتانی بۆرژوازی دنیایەو لەیەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە، چ لە ئەمریکا، یان بەریتانیا تا دەگاتە کوردستان، هەموو بەشوێن مانەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی و بەرژەوەندیەکانی سەرمایەوەن، بەڵام لەهەر وڵاتێک فۆرمێکی جیاواز بەخۆیەوە دەگرێت، بەکەمێک جیاوازیەوە، بەڵام یەک سیاسەت و یەک بەرژەوەندی گشتی سیستەمی سەرمایەداری و هەموو بۆرژوزی دەپارێزن.
هەموو دەورەی جیاوازیەکانی دیموکرات و کۆماریەکانمان بینی لەرێگای نوێنەرەکانیان کامالا هاریس و ترەمپ لەدەورەی پروپاگەندەی هەڵبژاردندا، ئەو تۆمەتانەی کە دەیاندایە پاڵ یەکتری. هەموو دەورەی پێشووی دەنگ نەهێنانی ترامپمان بینی کەچۆن ئەنجامی هەڵبژاردنی قبوڵ نەکردو بانگەوازی هێرشکردنەسەر کۆشکی کۆنگرەسی کردو داگیریان کرد. ئەمشێوە تۆمەت بەخشینەوەو هەڕەشانە، لە بەریتانیاوە تاکو کوردستانمان بینی لەهەڵبژاردنەکاندا بەجۆریكی تر، کە هەموو ئەوانە شتێک نیە جیا لە خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگا، بۆ چوارساڵ جارێک دەنگی خەڵکیان پێویستە بۆ شەرعیەتدان بەدەسەڵاتەکەیان، بۆ مانەوەی دەسەڵات لەدەست باڵە جیاوازەکانی بۆرژوازیداو بەدوورگرتنی ئەو دەسەڵاتەیانە لەهێزی جەماوەری کرێکارو حزبی چینایەتی و کۆمۆنیستی.
دووەم، ترەمپ خۆی وەک کەسێکی سەرمایەداری ملیاردێر، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی حزبەکەی وەک حزبێکی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان دەکات کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی دەسەڵاتی سەرمایەداری ئەمریکا دەکات، خۆی کەسێکی راسیست و فاشیستە، کە دژە ژنە، دژی مافەکانی ژنانە، لەوانە لەم هەڵبژاردنەدا بەدژی کێشەی لەباربردنی منداڵە کەترسی بۆسەر ژیانی ژنان هەیە، دژە پەنابەرە لەبەرنامەی هەڵبژاردنەکەیدا نەیشاردەوە کە هەڵبژێرێت ئەوا نزیکی یازدە ملیۆن پەنابەر دیپۆرت دەکاتەوە، دژی مافەکانی منداڵانە بەوەی کە خوێندن تایبەت دەکات، کۆنەپەرستەو دەستدەگرێت بە دینەوەو بەدژی رەگەزی سێیەم و گۆڕینی ڕەگەزە، بەجیا لەمانەش کەسێکی وا دەبێت بە سەرۆک و هەڵدەبژێرێت کە زیاتر لە سی کەیسی تۆمەتی لەسەرەو کە بەشێکی تا ئێستاش لەدادگادا ماونەتەوە.
سێهەم؛ ئەوەی لەهاتوهاواری هەڵبژاردنەکەیدا هات کە وەزعی ئابووری ئەمریکا چاک دەکات، نەیشاردەوە کە باج لەسەر سەرمایەداران دەکاتە سفر، باجی لەسەدا دە لەسەر کاڵای هاوردە دادەنێت، ئەمەش کاریگەری بۆ سەر بەشی خوارەوەی کۆمەڵگا دەبێت، بەڵام باجی سەر کرێکاران و کارمەندان هەر دەبێت بمێنێت، راستی ئەمەشی لەبەرژەوەندی سەرمایەداراندایە، نموونەیەکی زیندوی بەرژەوەندی ترەمپ و حزبەکەی هەمان بەرژەوەندی سەرمایەدرانە، لە یەکەم رۆژی دوای هەڵبژاردن واتە لە ٦ی نۆڤەمبەردا، سەروەتی دە لەسەرمایەدارە گەورەکان، شەست و چوار ملیار دۆلار بەهۆی بەرزبوونەوەی پشکەکانیان لەبازاڕی جیهانیدا زیادبوو کە هەم ترەمپ پشکی بەرکەوت و هەم ئیلۆن ماسک کە یەکێک بوو لەوانەی لەدەورەی هەڵبژاردندا لەپاڵ ترەمپدا وەستاو ملیۆنان دۆلاری سەرفکرد بۆ دەنگهێنانی ترەمپ، هەروەها بیڵ گەیتس و چەند ملیاردێری دیکە لەو لیستەدان، ئەمەش لە گەورەترین میدیای خودی بۆرژوازی لە گاردیانی بەریتانی و دەیان میدیای تردا بەڕوونی باسکراوە.
چوارەم؛ تا بەهەلومەرجی جیهانی دەگەڕێتەوە، ئەمریکای ئێستا لەدەورەیەکدایە کە کێشەکانی جەمسەرەکان چۆتە جێگایەکی ترەوە کە نەک جێگای ئەمریکای لەبەرامبەر جەمسەرەکانی روسیاو چیندا لەخوارەوە راگرتووە، بەڵکو جێگاوڕێگای ئەمریکا لە جەمسەری وڵاتانی رۆژئاوادا کە ئەم رابەرایەتی دەکرد، هاتۆتەخوارەوە.
دنیای چەند جەمسەری ئەمڕۆ، جێگای ئەمریکای وەک تەنیا زلهێزی دنیای نەهێشتووە، ئەوەتا جەمسەری روسیاو چین هەنگاوەکانیان لە هاوپەیمانیەتی ئابوریدا زیاتر خۆیان رێکدەخەن و لەکۆبوونەوەی برێکس پڵەسدا لە مانگی رابردوودا، واتە ئۆکتۆبەردا، بەشوێن دراوێکی هاوبەشیشەوەن بۆ لێدان لە دۆلارو دراوەکانی تری ئەو جەمسەرەی ئەمریکای تێیدایە، ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکاو رۆژئاوا پەیوەست دەبن بە برێکس پڵەسەوە وەک تورکیا کە ئەندامی ناتۆو هاوپەیمانی ئەمریکایە، وڵاتانێکی هاوپەیمانی کۆنی ئەمریکاو غەرب لە ئەفریقادا سەنگەرەکانیان دەگوێزنەوە بەرەولای روسیاو چین، روسیا مەیدانی سیاسی و ئابوری لێگرتوون و چین مەیدانی ئابوری.
بەمشێوەیە وەستانی ئەمریکا لەجێگاوڕێگایەکی وادا، ترەمپ هەر هەنگاوێک بنێت، کەخۆیشی نەیشاردۆتەوە، کە ئەمریکاو بەرژەوەندی ئەمریکا یەکەمە، بەڵام ئەمریکا پاکەتێکی دەستەسڕی کاغەز نیەو بیکەیتەوەو هەموو دەستەسڕەکانی وەک یەک بن، بەڵکو کۆمەڵگایەکی چینایەتی کە لەسەر پایەی بەرژەوەندیە جیاوازەکانی کارو سەرمایە وەستاوە، کە ئەگەرچی سەرمایەداران کەمایەتین، بەڵام چینی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگا زۆرینەن، ئەگەرچی بەپێی پێویست رێکخراو نین، ئەگەرچی حزبی چینایەتی کۆمۆنیستی خۆیان نیە، کە ترەمپ و حزبەکەی و هەموو سەرمایەداران لێی تۆقیون، بەڵام هەموو ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران دەبیستن بۆ خواست و داواکاریەکانیان، هەموو چەپەکان و ئازادیخوازان دەبینین کەچۆن لەپێشەوەن بەدژی کۆمەڵكوژی ئیسرائیل لەفەلەستین، بەڵام بەپێچەوانەوە کە ترەمپ و حزبەکەی و بایدن و حزبەکەی بەرگری لەو کۆمەڵکوژیە دەکەن، واتە کێشەکانی داهاتووی ترەمپ هەم ناوخۆیی و هەم دەرەکیە.
هەربۆیە هەرخۆشخەیاڵیەک بەوەی وەزعی ئابوری ئەمریکا باش دەکات، شتێک نیە لەوەزیاتر کە چاوەکان هەر لەسەر سەرمایەداران و حزبەکان و رابەرەکانی لەچەشنی؛ ترەمپ، کییەر ستارمەر، ناتانیاهۆو خامنەیی و پۆتینە، ئەمە هەمووی بەرژەوەندیی سەرمایەداران و مافیاکانە. هەر خۆشخەیاڵیەک بەوەی کە ترەمپ و ئەمریکا ئاسایش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنێت، شتێکی جیا نیە لەوەی کە لەهەوڵی بردنەپێشەوەی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیدایە لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی کۆنەپەرستی کەنداو لە سعودیەوە بگرە تا وڵاتانی تری کەنداو، هەموو دەورەی پێشووی ترەمپی بینی، وەستانی لەپاڵ ئیسرائیل و گوێزانەوەی پایتەخت بۆ قودس، هەموو هەمان هەڵوێستی بایدنیشی بینی؛ وەستان لەپاڵ کۆمەڵكوژی ئیسرائیلدا، ئەم دەورەیەی داهاتووش هەمان هەڵوێستی ترەمپ و حکومەتی ئەمریکا هەر وەستانە لەپاڵ ناتانیاهۆ و کۆمەڵکوژیەکەی لەژێرناوی بەرگری لەخۆ، هەموو دنیا سیاسەتی ترەمپی بینی لە ئەفغانستان ساڵی ٢٠٢٠ کەدەستی یەکێک لەڕەشترین و کۆنەپەرسترین هێزی تاڵیبانی گرت و ئەفغانستانی تەسلیم کردن.
بەپێچەوانەوە دەورەی داهاتوو بۆ ترەمپ لەبەرامبەر شەڕی روسیاو ناتۆ لە ئۆکرانیا سەختر دەبێت، ترەمپ ئەگەر بەشوێن رێکەوتنەوە بێت لەگەڵ پۆتین، ئەوە لەبەرژەوەندی پۆتین دەبێت، بەڵام بۆ جێگاو پێگەی ئەمریکاو ناتۆ نەگونجاو دەبێت. چونکە بەرژەوەندی سەرمایەی ئەمریکا و رۆژاوا لەم کێشمەکێشەی لەگەڵ لەگەڵ ڕوسیادا لەوەدایە کە ئەم شەڕەی ئۆکرانیا بەدژی روسیا بشکێنێتەوەو هەموو شکستێکی ئۆکرانیا واتە شکستی ناتۆ و پێگەی ئەمریکا وەکو هێزی بێرکابەری جیهانی سەرمایەداری. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە رامپ فشارەکانی بۆ سەر ووڵاتانی ئەوروپا بکات بە سەپاندنی بەرپرسیارێتی دارایی بەسەریاندا بەرامبەر بە ئۆکرانیا. ئەوەش دەوری دەبێت لە توندکردنەوەی نائینسجامی نێوان ئەمریکاو ئەوروپا و بەرەی ناتۆ.
هەربۆیە باشترکردنی ژیانی ئابوری خەڵكی ئەمریکا، هێنانی ئاسایش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ مەسەلەی فەلەستین و تا دەگاتە مەسەلەی کورد، نە بە ترەمپ و نە حزبی کۆماریەکان و نە دیموکراتەکان ئەگەر کامالا هاریس دەنگی بهێنایە و نە بەپەرلەمانە دیموکراتیەکەیان دەکرێت. سیاسەتی داهاتووی ترەمپ هەمان سیاسەتی حکومەتی سەرمایەداری پێشووی دەورەی خۆی و بایدنە بەپێی هەلومەجی ئێستا کە بەرژەوەندیەکانیان و دەسەڵاتیان دەیخوازێ بۆ مانەوەی خۆیان. هەربۆیە ئاڵوگۆڕی ریشەیی بە هاتنەمەیدانی هوشیارانەی چینی کرێکارو حزبی کۆمۆنیستی چینی کرێکار دەکرێت، بەچوونەپێشەوەی هێزی ئینتەرناسیۆنالیست دەبێت، کە ئەمەش نەک هاوکێشەکان لەئەمریکادا، بەڵکو لەسەراسەری دنیادا دەگۆڕێت.