پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە هەڵبژاردن دیزاینی سیاسی هەرێم دەگۆرێت و دەسەڵاتی خۆ سەپێنی حزبەکانی دەسەڵات لاواز دەکات، هەلبژاردن هەمان ئەو ئاکامەی دا بەدەستەوە، کە لەخولەکانی تردا و بەپێی دۆخی تایبەتی کوردستان، درێژەی هەبووە.  ئێستا حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، سەرقاڵ یان باشتر بڵێین لە ململانێ لەسەر پیکهێنانی کابینەی دەهەمی حکومەتدان!. دیارە حکومەت لە هەرێمی کوردستاندا هیچ کاتێک و لەهیچ بڕگەیەکدا، جگە لە دیکۆرێک و ماکیاژێک بۆ شاردنەوەی دەسەڵاتی میلیشایی و حزبۆکراتی، زیاتر شتیکی تر نەبووە. حکومەتی داهاتوو یان کابینەی دەهەم، لەهەمان چوارچیوەدا و بۆ هەمان مەبەست پێک دێت.

بانگەشەی پیکهێنانی حکومەت و بەشداری لایەنەکان لەو حکومەتەدا و کێشمەکێش لەسەر پۆستەکان، لە بنەرەتدا بۆ پیکهێنانی حکومەتێکی نۆرماڵی سەراسەری و خاوەن دەسەلات و بریار نییە، بەڵکو بەکردەوە ململانێیەکی حزبییە بەرووی هەر حکومەت و دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی و یاسایی و سەراسەریدا.

هەردوو حزبی دەسەڵات بەدەستی هەرێم پارتی و یەکێتی، خۆیان بەکردەوە و لە دنیای واقعیدا، بە بوونی ‌هێزی چەکداری حزبی، بە دەیان هەزار بن دیوار، بە دەزگای ئاسایشی چەکداری هەمەجۆری حزبی، بە بەستنەوەی قوتی هاوڵاتیان و دامەزراندن و هەلی کار بە تەزکیەی حزبی، بە دەست بەسەرداگرتنی هەموو داهات و سامانی هاوڵاتیان، بە خۆبەستنەوە بە جەمسەرە ناوچەییە جیاوازەکان، بە گوێرایەڵ کردنی دادگاکان و سەندنەوەی هەموو سەربەخۆیەک لێیان، هەموو دەروازەکانیان بەرووی پیکهێنانی هەرچەشنە حکومەتێکدا داخستووە.

حکومەت و هەموو جۆرە حکومەتێک، بێ گوێدانە بە هەر ناوەرۆکێک، ناکۆکە بەدەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی… بۆیە چ پارتی و چ یەکێتی، بەکردەوە دژی پیکهێنانی هەر جۆرە حکومەتێکن. گوێزانەوەی دەسەڵات لە حزبەوە بۆ حکومەت… یەکگرتنی هیزی چەکدار و ئەمنی و سەربەخۆ کردنی، گێرانەوەی داهات و سامان بۆ دەستی حکومەت، ئەو هەنگاوانەن، کە دەستی دەسەڵاتی حزبی کورت دەکاتەوە و بەو ئەندازیەش دەرفەت دەدات بە جەماوەر و هاوڵاتیان تا کاری خۆیان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە یەکلایی بکاتەوە، تەنانەت ئەوە هەنگاوێکە بۆ چوارچێوەدان بە هەر هەڵبژاردنێکی نۆرماڵ و بۆ هاوکیشەی نیوان حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنیش. نابێ بیرمان بچیت، ئۆپۆزیسیۆن کاتێێک مانای هەیە کە رووبەڕووە لەگەڵ دەسەڵاتێکی دەوڵەتی و حکومی. تا کاتێکدا فەرمانرەوایی لەدەستی دەوڵەت یان حکومەتدا نەبێت، هیزی سیاسی نەیاری دەسەڵات، ناچیتە ناو چوارچیوەی ئۆپۆزیسیۆن. حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن دوانەیەکی لێکهەڵپێکراون لە ململانێیەکی بەردەوامدا، بۆ دەست راگەیشتن بە فەرمانرەوایی یان ئاڵوگۆری دەسەڵات.

لە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و جۆری دەسەڵاتدارێتی زۆنەکاندا، حکومەتێک نییە تا ئۆپۆزیسیۆنی هەبێت… ئەوەی هەیە لە زۆنی زەردا پارتی وەکو حزب هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی ئەمنی و داهات و سامان و بەڕیوەبردن و پەیوەندی و بریار و …تاد، قۆرغ کردووە و بەهیزی چەکداری حزبی و پشتیوانی دەرەکی بەرگری لێدەکات. لە زۆنی سەوزیش، بەهەمان شیوە جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی ئەمنی و ناوخۆیی و داهات و سامان و پەیوەندیەکان و بریار و بەپشتیوانی جەمسەرێکی دەرەکی لەدەستی یەکێتی دایە و بە هیزی چەکداریش بەرگری لێدەکات… حزبەکانی نەیاری دەسەڵات، ناتوانن لە رێگای هەڵبژاردنەکان و بەشێوەی ئاسایی و یاسایی دەسەڵات لەدەستی پارتی و یەکێتی دەربهێنن. دیارە پارتی و یەکێتیش ناتوانن لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە جێ بە یەکتری لێژ بکەن… ئەم واقعیەتە داسەپاوە ئەوە دەخاتە ڕوو لە هەرێمدا لە جێگای حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن، ململانێی حزبی لە نێوان حزبە دەسەڵات بەدەستەکان لەگەڵ یەکتری و لەلایەکی ترو بەهەمان شیوەش لەگەڵ حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتدا و لەگەڵ یەکتری هەیە… بۆیە حزبی گەورەو بچوک هەیە نەک حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بەمانا باوەکەی.

لە روانگەی ئەو واقعییەتە سیاسیە داسەپاوەدا، لە هەرێمدا حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن نییە، ململانێی نێوان حزبەکان هەیە. چۆن ناسنامەی حکومەت بۆ دەسەڵاتی حزبۆکراتی دروست نییە، ناسنامەی ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ حزبەکانی نەیاری دەسەڵات گونجاو نییە.

پیگەی سەرجەم ئەو حزبانە یان سەرجەم خانەوادەی بۆرژوازی کورد، بەوانەی خاوەن دەسەڵاتن یان ئەوانەی خوازیاری دەسەڵاتن و بەشن لەو دەسەڵاتەدا، بە هەمان ئەلگۆ پیشوو لە هەرێمدا دریژەی دەبێت. حکومەت و پەرلەمانیش بەهەمان شێوەی پیشوو، بەجیا لە ئاڵوگۆری ریژەی کورسیەکانی لایەنە بەشدارەکان تیایدا، وەکو دوو دامەزراوەی روکەش بۆ شاردنەوەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و بۆ شیواندنی رای گشتی کەڵکیان لێوەردەگیرێت.

بەکورتی کابینەی دەهەم زوو پێک بێت یان لە درێژەی زبری و قوڵی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بچێتە پێشەوە و دوابکەوێت، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە هەردوو دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی وەکو هیزی سەرەکی دەسەڵات دەمێننەوە. لەو نێوەدا فاکتەرێک کە چەند ساڵێکە هاتۆتە ناو واقعیەتی سیاسییەوە، رەوەندی باڵادەستی ناوەند و دەسەڵاتی سیاسی بەغدایە بەسەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێمدا، ئەو رەوەندە بەردەوام دەبێت و هەژموونی ناوەند بە ئاقاری قوتدانی چەند پرسێکدا دەچێتە، پیشەوە… کە کاریگەری بەرجەستە بەسەر دۆخی سیاسی هەرێم و پیگەی پارتی و یەکێتی و هیزەکانی تردا دەهێنێت… لەوانە، هەوڵی دەسەڵاتی بەغدا بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی پارتی و یەکێتی بەسەر داهاتی ناوخۆیی هەرێم و دەروازە کومرگی و سنورەکان و پرسی موچە و دابەشکردن و بە دیجیتاڵکردن و گێرانەوەیەتی بۆ ژێر سایەی ناوەند… ئەو فاکتەرە دەتوانێت دەستی پارتی و یەکێتی لە راگرتنی لەشکری بن دیوار و راگرتنی کادرانی حزبدا لە رێگای پارەو موچەوە بەقازانجی خۆیان کورت بکاتەوە… پرسی دووەم، پرسی تواندنەوەی هیزە چەکدار و ئەمنییەکانە، لە چوارچێوەی هیزی ئەمنی و بەرگری و سوپای عێراقدا… ئەم هەنگاوە لەلایەکەوە کۆتایی بەدرۆی یەکخستنەوەی هیزی پیشمەرگە و چەکداری پارتی و یەکێتی و… دەهێنێت و لەلایەکی تریشەوە دەستی پارتی و یەکێتی کورت دەکاتەوە کە لەڕێگای هیزی چەکدار و ئەمنی حزبییەوە، هەژموونی خۆیان وەکو پیشوو بەسەر خەڵکی کوردستاندا درێژە پێبدەن و باڵانسی هیزیان لەبەرامبەر بەخەڵکی کوردستاندا دەگۆرێت و لە کایەی هەڵبژاردنەکانیشدا، کورسییە پێش وەختە مسۆگەرەکانیان کە پشتی بەو لەشکرە بەستووە، نامێنی” ئەم فاکت و پرسە، ناتوانێت بەخێرایی بچیتە پیشەوە، بەڵام رەوەندێکە بەری پێناگیرێت”.

بەجیا لەو رەوەندە کە رەوەندی هەژموونی بەغدا بەسەر دەسەڵاتی هەرێمەوەیە و هۆکاری گۆرانکارییە، یەک فاکتی تر دەتوانێت ببێتە مایەی ئاڵوگۆر لە دۆخی سیاسی کوردستاندا بە سودی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی کوردستان. ئەویش پیشرەوی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و حزور پەیداکردنی هیزی چەپ و کۆمۆنیزمە، لە کێشمەکیشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا… لەدڵی نەفرەت لە دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی پارتی و یەکێتی و لە نەبوونی حزبی نەیاری بەهێزی بۆرژوازی بەدژی ئەو دەسەڵاتەدا و رەوینەوەی خۆشباوەری بە هیزە بۆرژوازییەکانی تر، شانسی چەپ و کۆمۆنیزم بۆ بەهیز بوون و دەرکەوتنی وەکو هیز و ئاراستەیەکی سیاسی و چێنایەتی جیاواز و بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی و بە پراکتیکی شۆرشگێرانەوە، واقعیەتیكە…

بەهیز بوونی چەپ و کۆمۆنیزم لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەم دەتوانێت ببێتە مایەی ئاڵوگۆری بەرجەستە لە دۆخی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و جەماوەری بیبەشدا و هەم دەتوانێت ئاسۆیەکی تر بخاتە بەردەم ئاییندەی سیاسی کوردستان و گۆرینی شیوەی پەیوەندی هەرێم بە بەغداوە. بوار بۆ ئەم ئەڵتەرناتیف و جیاواز و شۆرشگێرە، هەیە.

 

ناوەڕاستی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤

Check Also

چیرۆکی ئاڵای سوور!

وەرگێڕانی: توانا محەمەد نوری لە ئازاری ١٨٧١ شۆڕشگێڕانی فەرەنسا دەستیان بەسەر هۆتێل دی ڤیل لە …