بڕیاری دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ و گالانت!

موحسین کەریم

دوای (٦) مانگ لە داوای داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، کەریم خان، بۆ دەرکردنی بڕیاری دەستیگرکردن بۆ ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گالانت، وەزیری جەنگی پێشووی ئیسرائیل و هەریەکە لە ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی حەماس و یەحیا سنوار، سەرۆکی حەماس لە غەززە، کە دواتر هەردوکیان لەلایەن ئیسرائیلەوە تیرۆرکران، سەرەنجام رۆژی سێشەممەی ڕابردوو رێکەوتی ٢١ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر، دادگای ناوبراو بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ نەتانیاهۆ و گالانت دەرکرد بە تۆمەتی ئەوەی کە هوشیارانەو بە ئەنقەست دەوریان هەبووە لە بێبەشکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە لە دەستگەیشتن بەو هۆکارانەی دەبێتەهۆی رزگاربوونیان لەمردن و تاوانی دژی مرۆڤایەتیان ئەنجامداوە!

ئەگەرچی (٦) مانگی خایاند تا دادگای ناوبراو ئەو بڕیارە دەربکات، کە لەو ماوەیەدا هەزاران هاوڵاتی مەدەنیی دیکە لە غەززەو لوبنان کۆمەڵکوژکران کە لەناویاندا ژمارەیەکی بەرچاو مناڵ هەیەو سەدان قوتابخانەو خەستەخانەو ماڵوحاڵی خەڵك لەگەڵ زەویدا تەختکران، ئەگەرچی توانای جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە زۆر لە سفرەوە نزیكە، بەڵام تەنها ئەوەی کە لە دەزگایەکی بەناو دادی سەر بە ووڵاتانی رۆژاواو ئەمریکا کە دوای تەوابوونی جەنگی سارد، بۆ دادگایی سەرانی دەوڵەتانی بلۆکی رۆژهەڵات دایانمەزراندوە و لەچاوتروکانێکدا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا دەردەکات، دەرکردنی بڕیارێک دژی سەرانی تاوانباری ئیسرائیل، خۆی مانای سەرکەوتنێکی مەعنەوی مرۆڤایەتی ئازادیخوازو ئینساندۆستە کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەردەوام سەرشەقامەکانیان لە دەوڵەت و سەرانی دەوڵەتە رۆژاواییەکان و ئەمریکا گرتوە لەسەر ئەو پشتیوانیە بێمەرجەی لە ئیسرائیلی دەکەن و بەرامبەر بەچاونوقاندنیان لە کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، وە بەردەوام خوازیاری راگرتنی شەڕ و کاولکاری لە فەلەستین و سزادانی سەرانی تاوانباری دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر جینۆسایدی خەلکی فەلەستین بوون!

لەلایەکی دیکەوە خودی ئەم بڕیارە، نیشانەی لێکترازانێکە لەناوخێزانی بۆرژوازی رۆژاواو ئەمریکادا دەربارەی کێشەی فەلەستین. لەکاتێکدا ئەمریکا دژی بڕیارەکە دەوەستێتەوە و ناتانیاهۆ بە بڕیارێکی دژە جولەکە(ئەنتی سەمێتیزم) ناوزەدی دەکات، زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپاو کەنەدا ڕایانگەیاندوە کە رێز لە بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەولەتی دەگرن سەبارەت بە دەستگیرکردنی نەتانیاهۆو گالانت. جۆزیف بوریل، سەرۆکی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند کە هەموو ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەسەریانە پابەندی بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەولەتی بن. حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوە هەیە نەتانیاهۆ دەستگیربکرێ ئەگەر سەردانی بەریتانیا بکات… وتاد. لەولاشەوە لیندسی گراهام، گۆنگریسمانی ڕاستڕەوی پەڕگیری ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی فەرەنساو ئەڵمانیاو کەنەدا و بەریتانیا دەکات، ئەگەربێتو هاوکاری دادگا بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی!

چەمکی “دژە جولەکە- ئەنتی سەمیتیزم” کە دەیانساڵە وەکو قەڵغانێکی ئایدیۆلۆژی لەلایەن ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپاوە بە ئیسرائیل بەخشراوە، تا هەموو تاوانەکانی دژی خەڵکی فەلەستین، وەکو “مافی بەرگریکردن لەخۆ” پاکانە بکەن و لەهەرجۆرە لێپیچینەوەیەکی یاسایی پارێزگاری لێبکەن، ئیتر لەژێر زەبری بزوتنەوەی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی خەڵکی جیهان و بەتایبەتی رۆژاوا، لەبەر رۆشنایی تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی خەڵکی مەدەنی فەلەستین و نارەزایەتی جیهانی دژی بەو کۆمەڵکوژیە، خەریکە بێبایەخ دەبێت! ئیتر دەوڵەتانی ئەوروپا بەتایبەتی، ناتوانن خۆیان لەژێرفشاری ئەو بزوتنەوە ڕادیکال و ئینسانیەدا دەربازبکەن و نادیدەی بگرن، ناتوانن کۆمەڵکوژی مناڵی فەلەستینی و روخاندن و کاولکردن و بۆردومانی خەستەخانەو قوتابخانەو کوشتنی مناڵی قوتابخانەو نەخۆش و برینداری ناو نەخۆشخانەکان و بێبەشکردنی دوو ملیۆن کەس لە ئاوی خواردنەوەو کارەبا و مەوادی خۆراکی و ئاوارەکردنیان و ….تاد. لەژێرناوی پڕوپووچی” مافی بەرگریکردنی ئیسرائیل لەخۆ” دەرخواردی هاوڵاتیانی خۆیان و رای گشتی بدەن!

ئەم بڕیارەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، شکستێکی سیاسی گەورە بوو بۆ ئیسرائیل و ئەمریکاو هاوپەیمانە رۆژاواییەکانی، هەروەکو سەرەتای دەستپێکردنی دەورەیەکی تازە دەبێت بۆ پرسی فەلەستین و بەدەستهێنانی پشتیوانی رای گشتی و رەسمیی جیهان بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین. ئەگەر تاوانەکانی ئیسرائیل دژی خەڵکی مەدەنی غەززە سۆزی خەڵکی مرۆڤدۆست و ئازادیخوازی دنیای بەلای خۆیدا ڕاکێشاو وایکرد کە چەندین دەوڵەت پرسی دەوڵەتی فەلەستین بە رەسمی بناسن، ئەوا ئەم بڕیارەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەو پارێزبەندیەی لە ئیسرائیل، کۆرپە نازدارەکەی ئەمریکاو رۆژاوا، سەندەوە کە تاوانەکانی دژی خەڵکی فەلەستین و سەربادان و ئینکارکردنی چارەسەری کێشەی فەلەستین و پرسی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی بە ئاسانی بۆبچێتەسەر و لەناوخۆی ئیسرائیلیشدا ئیمکانی دروستبوونی هاوسەنگیەکی تازە لەنێوان خەڵك و حکومەتە راستڕەوەی نەتانیاهۆ زیاتر دەبێت!

Check Also

چیرۆکی ئاڵای سوور!

وەرگێڕانی: توانا محەمەد نوری لە ئازاری ١٨٧١ شۆڕشگێڕانی فەرەنسا دەستیان بەسەر هۆتێل دی ڤیل لە …