موحسین کەریم
دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد و باڵادەستیی هێزە ئیسلامیەکانی نزیك لە تورکیا لە دەسەڵاتی سیاسی سوریادا، زەوقی دەوڵەتی تورکیا و ئۆردوگان بۆ گێڕانی دەوری زیاتر وەکو یاریزانێکی هەرێمی، دوای دەرپەڕاندنی ئێران و بێکاریگەرکردنی لە دۆخی سوریادا، زیادیکردوە. ئێستا تورکیا خۆی وەکو یاریزانی سەرەکی دەزانێ لە بڕیاری سیاسی سوریادا، بۆیە دەیەوێ ئەم دەرفەتە بەفیڕۆ نەدات بۆ فراوانکردنەوەی دەوری خۆی لە عێراق و کوردستانی عێراقدا.
گومان لەوەدا نیە کە تورکیا ساڵانێکی زۆرە لەرێگای پەیوەندیە سیاسی- ئابوری- ئەمنیەکانی لەگەڵ پارتی و بارزانیدا کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر ئەو ناوچانەی کوردستانی عێراقدا هەیە کەلەژێر دەسەڵاتی پارتیدایە. بێجگە لەوەی دەیان بنکەی سەربازی لەو ناوچانەدا دامەزراندوە، هەرکات بیەوێ هێرشی چەکداری دەکاتە سەر گوند و شارەکانی ئەو ناوچانە بۆ پەلاماردنی هێزەکانی پەکەکە، هاوکات پارتی لە هەموو روویەکەوە بەرژەوەندی خۆی بە تورکیاوە گرێداوەتەوە و نفوزی سیاسی تورکیا بەسەر پارتیدا فەرمانڕەوایە. بەڵام دوای روخانی بەشار ئەسەد چاوی تورکیا تەنها لەسەر پارتی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی نیە، بەڵکو چاوی لەسەر سەرجەم هەرێمی کوردستان و بگرە عێراقیشە.
دوای پێچانەوەی دەورو نەخش و نفوزی ئێران لە لوبنان و فەلەستین و سوریادا، ئاراستەی روداوەکان بەو ئاقارەدا دەڕوات کە پووچەڵکردنەوەی کاریگەری سیاسی ئێران لەسەر عێراق هەنگاوێکی داهاتووی ستراتیژی ئەمریکا بێت لە ناوچەکەدا. هەرئێستا فشارەکانی ئەمریکا لە حکومەتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی هەنگاوێکە بەو ئاراستەیەدا.
دەوڵەتی تورکیا خۆی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەدا مەلاس داوە کە بە لاوازبوونی رۆڵی ئێران لە عێراقدا دێتەپیشەوە. بێگومان ئەوەی کە تاچ ڕادەیەك تورکیا دەتوانێ جێگای ئێران بگرێتەوە، مەسەلەیەکی ئاڵۆزو مسۆگەر نیە، بەڵام فراوانکردنەوەی دەسەڵات و نفوزی خۆی بەسەر هەردوو زۆنی هەرێم و حکومەتی هەرێمدا ئەو یەکەم هەنگاوەیە کە تورکیا لەئێستادا وەکو ئاکامی روخانی رژێمی بەشار و ئەگەری لاوازبوونی دەوری ئێران لە عێراقدا لێێ دەڕوانێت.
تورکیا دەمێکەیە فشاری لەسەر یەکێتی داناوە بۆئەوەی خۆی بدات بەدەست تورکیاوە، بەڵام دوو هۆکار رێگای لەوە گرتووە کە یەکێتی بەو فشارە یاخود بەو داوایەی تورکیا ڕازی بێت. یەکەم؛ یەکێتی لە دابەشبوونە ناوچەییەکاندا لەنیوان ئێران و تورکیادا خۆی لەپاڵ ئێراندا دەبینێ و بەرژەوەندیەکانی لە هەموو روویەکەوە بە ئێرانەوە گریداوەتەوە. ئێران رێگای ئەوەی پێنادات! دووەم؛ تورکیا ئامادە نەبوو هەمان ئەو ئیمتیازەی پارتی بە یەکێتییش بدات! بۆیە یەکێتی لەوە بێئومید بوو کە بە گواستنەوەی بۆ بەرەی تورکیا دەتوانێ هاوسەنگی سیاسی تێكچووی نێوان خۆی و پارتی ڕاستبکاتەوە
ئێستا تورکیا بەمەبەستی ناچارکردنی یەکێتی بۆ ملدان بە فشارەکان و داواکاریەکانی بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە و هەڵپێچانی لایەنگرانی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی، پەنای بۆ رێگایەکی دیکە بردوە. ئەویش کۆکردنەوەی هەموو ئەو هێزانەیە کە کورسی پەرلەمانیان هەیەو دەتوانێ دژ بە یەکێتی و لەناوچەکانی دەسەڵاتی یەکێتی بەکاریان بهێنێ یان سودیان لێوەربگرێت لەژێر چەتری حکومەتێکدا کە پارتی دروستی دەکات. لەماوەی ڕابردوودا لەپاڵ بانگێشتکردنی مەسرور بارزانی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ تورکیاو کۆبونەوەی لەگەڵ ئۆردوگان و بەرپرسانی باڵای تورکیادا، هەریەکە لە سەلاحەدین بەهادینی ئەمینداری یەکگرتوو لەگەڵ شاسوار عبدلواحیدی سەرۆکی نەوەی نوێ بۆ تورکیا بانگێشتکراون و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی تورکیادا کۆبونەتەوە. بەوجۆرە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم لەلایەن پارتیەوەو بە بەشداری یەکگرتوو و نەوەی نوێ، ئەو سیناریۆیەیە کە تورکیا بۆی داڕشتوون و یەکێتی روبەرووی ئەمری واقع دەکەنەوە.
بێگومان حکومەتی هەرێم بەبێ بەشداری یەکێتی دروست نابێت. بەڵام پارتی دەتوانێ حکومەتێک پێکبهێنێت کە لەڕووی رواڵەتیەوە شەرعیەتی یاسایی و پەرلەمانی هەبێت و ئەوەش وەکو بەڵگەیەك بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و دەوڵەتاندا بەکاربهێنێ. بەڵام بەحوکمی واقعیەتی دوو زۆنیی دەسەڵات، جێبەجێبوون و قبوڵکردنی شەرعیەتی ئەو حکومەتەش جێگای مشتومڕ و کێشە دەبێت!
سەرەنجام پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم بەناو گێژاوێکدا تێدەپەڕێت کە تورکیا دەیەوێ مۆری خۆی بدات لە پێکهاتەو کارکردی ئەو حکومەتە و زاڵکردنی نفوزی سیاسی و ئەمنی خۆی بەسەر سەرجەم هەرێمدا لەکاتێکدا هێشتا ئێران نفوزی بەسەر دۆخی سیاسی و بڕیاری سیاسی عێراقدا راگرتوە. ئایا لەم دۆخەدا یەکێتی بەردەوام دەبێ لەسەر ملنەدان بە مەرجەکانی تورکیا کە رەنگە نائارامی زیاتر روبەرووی هەرێم و ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی بکاتەوە. یاخود بەرامبەر بە وەرگرتنی ئیمتیازاتێکی سیاسی و پێگەیەکی باشتر لە حکومەتی داهاتووی هەرێمدا ئێستا خۆی رادەست دەکات، لەکاتێکدا لاوازبوونی نفوزی ئێران لە عێراقدا ئەو دەرفەتەی ئێستاشی بۆ ناهێڵێتەوە!