کێشەی کورد لەنێوان تورکیاو پەکەکەدا!

موحسین کەریم

ماوەیەکە پرسی کورد لە تورکیاو سوریا بووەتە بابەتی گەرمی زۆریک لە دەزگا میدیاییە کوردی و عەرەبیەکان. دوای بانگەوازەکەی دەوڵەتباخچەلی سەرۆکی حزبی نەتەوەپەرتی تورکیاو پشتیوانیکردنی لەلایەن ئۆردوگانەوە، سەبارەت بە دەوری ئۆچەلان لە کۆتاییهێنان بە”تیرۆر” و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دەستپێکردنی پرۆسەی “ئاشتبونەوە” لە تورکیا و دوای روخانی رژێمی ئەسەدو هاتنەسەرکاتی هەیئەی تەحریری شام و پرسی توانەوەی هێزە چەکدارەکانی دژی ئەسەد لەناو سوپای سوریادا، کە بەرادەیەکی زۆر ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە بوونی سەربەخۆی سەربازی و سیاسی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) و پارتی یەکێتی دیموکراتی کە پارتێکی سیاسی سەر بە رەوتی ئاپۆیە لە سوریا و پێکهاتەی سەرەکی هەسەدە پێکدەهێنێ، پرسی کورد لەو دوو ولاتە بووتە یەکێک لە پرسە سیاسیە گرنگەکانی هەردوو ووڵات و بگرە ناوچەکەش.

لەلایەکەوە تورکیا لەرێگای کردنەوەی دەرگا بۆ دەخالەتی ئۆجەلان، هەوڵی ئەوە دەدات کە پەیامێك لە ئۆجەلانەوە بۆ هێزەکانی پەکەکەو هەسەدە بڵاوبکاتەوە تا دەستبەرداری چەکەکانیان بن و مەرجەکانی تورکیا بۆ ” ئاشتی” و کۆتاییهێنان بە شەڕ و هێرشی سەربازی بۆ سەر پەکەکەو هەسەدە قبوڵ بکەن. بێگومان هەنگاوێكی لەوچەشنە لەڕووی سیاسی و سەربازیەوە لە بەرژەوەندی تورکیایە، کە لەلایەکەوە نزیکەی چوار دەیەیە لەناوخۆی تورکیادا لە شەڕێکی بێهودەدایە لەگەڵ پەکەکەدا، بێئەوەی سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بهێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە هێزەکانی پەیەدەو هەسەدە، کە بەدرێژکراوەی پەکەکەیان دەناسێت، بەشێکی سوریایان بەدەستەوەیەو تورکیا بە مەترسی بۆسەر “ئاسایشی نیشتمانی” خۆی ناوزەدیان دەکات. هەرئێستاش لەرێگای بەکرێگراوەکانی لە “سوپای نیشتمانی سوریا” و بە پشتیوانی تانک و تۆپ و فڕۆکەی جەنگی، هێرشێکی فراوانی بۆسەریان دەستپێکردوە، بەڵام دەسکەوتێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە! تورکیا و بەتایبەتی حکومەتی ئۆردوگان و هاوپەیمانەکانی، لەم دۆخەی ئیستای جیهان و ناوچەکەو ناوخۆدا، ئومێدێکی زۆریان لەسەر ئۆجەلان هەڵچنیوە بۆئەوەی لەکێشەی پەکەکەو هەسەدە رزگاریان بکات.

تائێستا دووجار تیمی (دەم پارتی) کە لەڕووی سیاسی و فکریەوە لەسەر پەکەکە و رەوتی ئۆجەلان حساب دەکرێن، سەردانی زیندانی (ئیمراڵی)یان کردوەو چاویان بە ئۆجەلان کەوتوە. بەپێی ڕاگەیاندنەکانی تیمەکەی دەم پارتی، ئۆجەلان پێشوازی لە “دەستپیشخەری”یەکەی حکومەتی ئۆردوگان کردوەو ئامادەیی هاوکاریکردنی نیشانداوە. میدیاکانی نزیك لە پەکەکە باس لەوە دەکەن کە رۆژی ١٥ی شوبات ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە دەبێت و پەیامێکی گرنگ ڕادەگەیەنێت! بێگومان ئەوەش ئەو مەرجە بوو کە دەوڵەت باخچەلی داینابوو بۆئەوەی ئۆجەلان لە”مافی هیوا” بەهرەمەند بێت، واتە جۆرێك لە ئازادی پێ ببەخشرێت! هەندێ میدیاش باسیان لەوە دەکرد کە ئۆجەلان وتویەتی “نامەوێ لەناو تابوت دا بچمەدەرەوەی زیندان!”

بەپێی هێڵی فکری-سیاسی ئۆجەلان، کە دوای زیندانیکردنی و بەجۆرێك بە ئیلهام وەرگرتن لە ئانارشیستی ئەمریکی(مەری بوکچین) پێی گەیشتوە، کێشەی کورد لەڕێگای “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی” یەوە چارەسەر دەبێت لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی کوردیان لێدەژی! لەسەر ئەم بنەمایە، هەسەدە داوای لامەرکەزی سیاسی دەکات لەچوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا. وەکو لەڕاگەیاندنی تیمی دەم پارتیدا دوای چاوپێکەوتنی دووەم لەگەڵ ئۆجەلاندا ئاماژەی پێکراوە، ئۆجەلان باسی چارەسەری پرسی کوردی کردوە لە “هەر چوار پارچەی کوردستاندا”، کەپێدەچێت هەمان رێگاچارەی لامەرکەزی بۆ کێشەی کورد لە هەر چوار ووڵاتی تورکیاو سوریاو ئێران و عێراق پێشنیار بکات. ئەوەی چەندە ئەم رێگاچارەیە وەکو پرسێکی عەمەلی لەسەر ئاستی چوار ووڵاتدا جێگا پەیدا دەکات، بنەمایەکی ئەوتۆی نیە، بەڵام پرسەکە راستەوخۆ پەیوەست دەبێت بە کێشەی کورد لە تورکیا و سوریادا. ئەوەی تورکیا مەبەستیەتی ئەوەیە کە ئەم مەسەلەیە لە سوریاو تورکیادا لە بەرژەوەندی خۆی بەلایەکدا بخات. ئەوەی بە ئۆجەلانیش دەکرێ لەباری عەمەلیەوە هەر لەو چوارچێوەیەدا ئیمکانی جێبەجێبوونی هەیە، ئەگەر هیچ فاکتەرێکی دیکە کاریگەری لەسەر ئاراستەی روداوەکان نەبێت و هەنگاوەکان پووچەڵ نەکاتەوە! بەڵام ئایا تا چ رادەیەك ئەم سەوداو مامەڵە لەنێوان دەوڵەتی تورکیاو ئۆجەلاندا سەرکەوتوو دەبێت و ئامانجەکانی تورکیا لە هەڵوەشاندنەوەو ڕادەستکردنی چەك لەلایەن پەکەکەو هەسەدەوە لەلایەك و خواستەکانی ئۆجەلان لە لامەرکەزیەتی سیاسی لە تورکیاو سوریا، بەدی دێن و دەستبەر دەکرێن؟ ئەوەش بۆخۆی پرۆسەیەکی سیاسی ئاڵۆزو پڕگرفت و ناڕۆشن و لەرزۆکە!

بەڵام بەدەر لەوەی لەنیوان ئۆجەلان و پەکەکەو هەسەدە لەلایەك و دەوڵەتی تورکیا لەلایەکی دیکەوە، چی ڕوودەدات و بەکوێ دەگەن، کێشەی کورد لە هەریەکە لە تورکیاو سوریا لەڕێگای “لامەرکەزی سیاسی” و ” فیدراڵیزمی نەتەوەیی”یەوە چارەسەر نابێت. لەکاتێکدا پێناسەی دەوڵەت تورکی و عەرەبی بێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتێکی ئیسلامی ناسیۆنال تورکی لە تورکیاو ئیسلامی عەرەبی لە سوریا دەسەڵاتدار بن، خەڵکی کوردزمان ناتوانن هاوڵاتی یەکسان بن لەگەڵ هاوڵاتیانی تورک و عەرەب لەو دوو ووڵاتەدا. تاکاتێك پێناسەی دەوڵەتی تورکیاو سوریا وەکو دوو دەوڵەتی غەیرە قەومی و غەیرەدینی و سیکولار لە دەستوری ووڵاتدا جێگیر نەبێت و هاوڵاتیانی تورکیاو سوریا وەکو هاوڵاتی یەکسان، بەدەر لە نەتەوەو ئاین و رەگەزیان یەکسان نەبن، ئیمکانی پێکەوەژیانی دڵخوازانەی هاوڵاتیانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان ناواقعی دێتەبەرچاو. بۆیە چارەسەری ڕاستەقینەو عادیلانە بۆ کێشەی کورد لە هەریەکە لە سوریاو تورکیادا بەوجۆرە دەبێت کە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیاو سوریا مافی ئەوەیان هەبێت کە لە ڕاپرسیەکی ئازادانەدا بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە ئایا لەگەڵ دەوڵەتەکانی تورکیاو سوریادا دەمێننەوە یاخود جیادەبنەوەو دەوڵەتی سەربەخۆ دروست دەکەن.

 

Check Also

مانگرتنی مامۆستایان و ئەزمونێکی گرنگ!

موحسین کەریم ئەمڕۆ ٩ی شوبات، لە(١٣) هەمین رۆژی مانگرتنی ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر لە خواردن …