ناڕەزایەتیەکانی فەرمانبەران ومامۆستایان، بەرهەقە وخواستەکانیان خواستی هەموو خەڵکی کوردستانەو پێویستە بەتەواوی تواناوە پشتگیریان لێبکرێت!

نزیکەی هەفتەیەکە ژمارەیەک لە مامۆستاو فه‌رمانبه‌ر، وه‌ك ناڕه‌زایییەک ‌به‌رامبه‌ر دواكه‌وتنى موچه‌و خراپى بژێوى ژیانیان، لەبەردەم ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەشاری سلێمانی خیمەیان هەڵداوە و بەشێکیان مانیان له‌خواردن گرتوه. وەک پشتیوانیەکیش بۆ ئەم ناڕەزایەتیەی مامۆستایان وفەرمانبەران،  ڕۆژانە بە سەدان هاوڵاتی سەردانی خێمەی مانگرتوەکان دەکەن و  هاوکات لە ناوچەی شارەزور و دەڤەری ڕاپەرین، مامۆستایانی ناڕازی، لەکۆبونەوەی جەماوەری و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەکانیاندا، هەم ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستا و فەرمانبەران دەربڕیوەو هەم هاودەنگی و پشتیوانی خۆیان بۆ خواستەکانی مامۆستاو فەرمانبەرانی مانگرتوی سلیمانی دەربڕیوە. لەهەولێریش سەرەڕای ڕێگریکردن لەخۆپیشاندان و گردبونەوە و هەڕەشەو دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوان، لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی پارتیەوە، مامۆستایانی گرێبەست، پشتیوانی خۆیان بۆ خواستەکانی مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتوەکانی سلێمانی دەربڕیوە. هەرئەمڕۆش ئەنجومەنی سەراسەری مامۆستایانی ناڕازی، وەک پشتیوانیەک بۆ خواستەکانی فەرمانبەران و مامۆستیان، لەبەیاننامەیەکدا بانگەوازێکی بۆ خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری بڵاوکردۆتەوە..

هەموو ئەم ناڕەزایەتی و هەوڵ و خەباتەی مامۆستایان و فەرمانبەران، بەدوای ئەوەدا دێت کە سەرجەم حیزبەکان بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، لەسەردەمی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا، بەڵینیاندا کە کێشەی موچەی مامۆستا و فەرمانبەران چارەسەردەکەن، تەنانەت لەپێشوازیکردنی سەردانەکەی سودانیدا، بۆلای حیزبەکان و دەسەڵات، پڕوپاگەندەی سەرتاپا لەدرۆ و چاوبەستیان بڵاوکردوە و بەخەڵکیان ووت کەسودانی ئامادەیی دەربڕیوە کێشەی موچەی فەرمانبەران و”شایستەداراییەکانی هەرێم” چارەسەر بکات. بەڵام نەك ئەو بەڵێنانە هەموویان بەکردەوە بوونە بەشێك لە بەڵینە درۆیینەکانی کاتی هەڵبژاردن، بەڵكو کارنامەی هەردوو حکومەتی عێراق وهەرێم، بەگشتی بەرامبەر بەژیان و گوزەرانی خەڵک و بەتایبەتیش بەرامبەر بەموچەی موچەخورانی هەرێم، لەمێژە ناوەڕۆکی بەرژەوەندیخوازی و دژەخەڵکی و نابەرپرسیارانەی هەردولای لەمەحەک داوە و چیتر جیگایەکی بۆ ئەو ئومید و داوایە نەهێشتۆتەوە کە بابەتی موچەی هاوڵاتیانی هەرێم لە ململانێی نیوان هەرێم وبەغدا و کێشەکانی نیوانیان دەربکێشرێ و وەک باقی موچەخۆرانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ.

بێگومان ئەو شەپۆلە لە ناڕەزایەتی پشتیوانی و دەربڕینی هاوپشتی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو، ئەو راستیەی سەلماندەوە کە هەردوو حوکمەتی هەرێم و بەغدا، وەک دوو دەسەڵاتی چینی سەرمایەدارو بازرگانان و خاوەن سەرمایەو کۆمپانیاکان، لەچوارچیوەی سیستمێکی فیدڕاڵی قەومیدا، مەسەلەی مووچەو بژیوی خەڵکیان بەبارمتەگرتوەو وەک کارتێکی سیاسی بۆ داسەپاندنی مەرج و ئیمتیازاتی سیاسی و ئابوری بەسەر یەکتردا و بۆ فراوانکردنەوەی قەلەمڕەوی دەسەڵاتیان بەسەرخەڵکدا بەدەستەوەگرتوەو هیچ لایەکیان خۆیان بەبرپرسیاری ژیان و بژێوی هاوڵاتیانی ژێردەستیان نازانن. بەتایبەتیش حکومەتی هەرێم کە ڕۆژانە سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی بەتاڵان دەبات و لەڕیگای بەگەرخستنی سەدان کۆمپانیا و داسەپاندنی گرانی و هەژاری و بێکاری و خۆدزینەوە لە خزمەتگوزاریەکان و سەپاندنی باج و سەرانەوە، دەیان ملیار کۆدەکاتەوە، بەرپرسیاری یەکەمە لەدابینکردنی مووچەی موچەخۆرانی کوردستان و دەبێ لەلایەن جەماوەری ناڕازی کوردستانەوە ناچار بکرێت بەسەلماندنی ماف و داواکاریەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی مەحرومی کوردستان. ئەوەشی کە مامۆستایان و فەرمانبەران داوادەکەن موچەکانیان پێبدرێت، پلەی وەزیفیان بەرزبکرێتەوەو دابمەزرێن..، سەرەتایترین ماف و داوای بەرهەقی هاوڵاتیانە و ئەرکی هەر حکومەتێکە وەڵامی بەکردەوەی پێبداتەوە.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وێرای ئەوەی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران و هەوڵ و خەباتەکەیان بۆ گەیشتن بەداخوازیەکانیان دەردەبڕێ، هاوکات لەکەنار ڕێکخەران و هەڵسوراوانی نارەزایەتیەکانیاندا ڕادەوەستێت و پشتیوانی گەرمیان لێدەکات. هەروەها حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان داوا لەسەرجەم خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ژنان و لاوان و بێکاران و جەماوەری بێبەش دەکات کە بەهەرجۆرێک بۆیان گونجاوە، پشتیوانی لەنارەزایەتی و داخوازیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو بکەن و بەتەنها جێیان نەهێڵن. بگرە دەبێ هەموو بەشە نارازیەکانی کۆمەلگا هاوشیوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەدەوری داخوازیەکانیان کۆببنەوەو یەخەی دەسەڵاتداران بگرن. بەدڵنیایەوە تەنها بەخەباتی یەکگرتوانەو هێنانەمەیدانی هێزی ڕێکخراوی جەماوەری، دەتوانرێت نەک هەر موچەو قوتی خەڵک لەچنگی دەسەلاتداران دەربکێشێرێت، بەڵکو ڕێگا بەرەو داهاتویەک بکرێتەوە کەژیانێکی ئاسودەو خۆشگوزەران بۆهەموان دەستەبەر بکات.

سەرکەوتوبێت، مانگرتنی فەرمانبەران ومامۆستایان.

پەرەگەرتوو بێت خەباتی جەماوەری زەحمەتکێش بۆ بەدەستهێنانی ژیان و بژێویەکی شایستە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢/٢/٢٠٢٥

 

Check Also

مانگرتنی مامۆستایان و ئەزمونێکی گرنگ!

موحسین کەریم ئەمڕۆ ٩ی شوبات، لە(١٣) هەمین رۆژی مانگرتنی ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر لە خواردن …