مانگرتنی مامۆستایان و ئەزمونێکی گرنگ!

موحسین کەریم

ئەمڕۆ ٩ی شوبات، لە(١٣) هەمین رۆژی مانگرتنی ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر لە خواردن لە بەردەم نووسینگەی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسلێمانی، دژی دواخستن و نەدانی مووچەکانیان و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەو …تاد. لەلایەن حکومەتی هەرێم و هاوکات گرێدانەوەی بە ململانێی حەقیرانەی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمەوە، لەسەر داوای “ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕزای”، بڕیاربوو لەبەردەم نوسینگەی حکومەت لە هەولێر، خۆپیشاندان ئەنجام بدرێ. بۆ ئەو مەبەستە سەدان مامۆستاو فەرمانبەر و خەڵکی ناڕازی کە پشتیوانی مانگرتوانن، لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجەو دەڤەری ڕاپەڕین و گەرمیان و… ەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن، بەڵام کاتێك گەیشتنە بازگەی دێگەڵە رووبەرووی هێرش و پەلاماری دڕندانەی هێزەکانی ئاسایش و زێرەڤانی پارتی بوونەوەو بە گازی فرمێسكرێژ و کێبڵ و دار کەوتنە لێدانی خۆپیشاندەران و لەئاکامدا چەند خۆپیشاندەر بریندار بوون. بەوجۆرە خۆپیشاندەران بەبەکارهێنانی زەبروزەنگ لەدژیان، ناچار بە پاشەکشەو گەڕانەوە بۆ شارەکانی خۆیان کران!

ئەوەی جێگای سەرنجە، بەشێكی زۆر لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناو پەرلەمان کە پشتیوانی خۆیان بۆ بانگەوازەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاگەیاندبوو، سەرەڕای ئەوەی دەیانهەزار دەنگی خەڵکی هەولێریان لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەماندا بەدەستهێناوە و بە دڵنیاییەوە هەزاران ئەندامیان لەناو مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی هەولێردا هەیە، نەیانتوانی خۆپیشاندانێکی چەند سەد کەسی لەناو شاری هەولێردا بۆ پشتیوانی مانگرتوانی سلێمانی و ئەو خۆپیشاندەرانە بەڕێبخەن کە لە سلێمانی و شارەکانی دیکەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتبوون! ئەم ئەزمونەی خۆپشاندەرانی بازگەی دێگەڵە، ئەو ڕاستیەی سەلماند کە سەرجەم ئەو هێزانەی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی کە خۆیان بە پشتیوانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مانگرتووان هەڵدەخەن، ناتوانن لە هەولێر و بەرامبەر و لەدژی پارتی هیچ جوڵەیەكی سیاسی- جەماوەری لەخۆیان نیشان بدەن. سنوری چالاکی ئەوان هەرئەوەندەیە کە ژمارەیەك دەنگ کۆبکەنەوەو بچنەوە ناو پەرلەمان و حکومەتەکەی پارتیەوە و کۆمەڵێک دەسکەوتی مادی بەدەستبهێنن و هیچی تر!

بێجگە لەوە، ئەو جۆرە لە نەرمینواندنی یەکێتی نیشتمانی بەرامبەر بە مانگرتووان و خۆپیشاندەران، چ سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی و دواتریش قوباد تاڵەبانی بۆلای مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو، هەوڵ و پیلانێکی قێزەونە، وەکو لە قسەکانی یەکێك لە مامۆستایانی مانگرتوودا ئاشکرا کرا، بۆئەوەی دەست بکێشێتە ناو ئەم جموجوڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە، تا لەدژی پارتی بەکاری بهێنێ لەپێناو وەرگرتنی پۆستی زیاتر لە دەسەڵات و داهاتی کوردستاندا! لەلایەکی دیکەوە لای خەڵکی کوردستانیش وا پیشان بدات کە بەپێچەوانەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیەوە کە ئازادی سەرکوت دەکرێت و رێگا بە هیچ جۆرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەك نادرێ، لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتیدا ئازادی هەیە! تابەوجۆرە خەڵک و خۆپیشاندەران چەواشەبکات و هەموو تاوانەکانی حکومەتی هەرێم بخاتە ئەستۆی پارتیەوەو خۆی لێبێبەری بکات!

بەڵام ئەزمونی مانگرتن و خۆپیشاندانی ئەمجارەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەوەی دوپاتکردەوە کە یەکێتی و پارتی دوو حیزبی بۆرژوازی تاڵانچی دەسەڵاتدارن کە بەرپرسی هەموو ئەو نەهامەتی و کارەساتانەن بەسەر خەڵکدا هاتووەو دێت! ئەوان هەردوکیان بەپرسیاری بڕین و نەدانی مووچەو دەستبەسەراگرتنی پارووی دەمی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران و خێزانەکانیان و سەرجەم خەڵکی کوردستانن. بۆیە دەبێ رووی ناڕەزایەتیەکانی خەڵك و مامۆستایان و فەرمانبەران لە یەکێتی و پارتی بێت. لەلایەکی دیکەوە دەبێ ئەوەیان بەڕوونی بۆ دەرکەوتبێت کە ئۆپۆزیسیۆنی ساختەچی پەرلەمانی بەناو پشتیوانی ئەوان، هێج نین بێجگە لە کۆمەڵێك بازرگانی سیاسی کە لەسەر رەنج و قوربانیەکانی ئەوان بازاڕی خۆیان گەرم دەکەن!  تەنها رێگای گەیشتن بە خواست و مافەکانیان و بەرگری لە داهاتوویان پشتبەستنیانە بەهێزی جەماوەریی رێکخراوو سەربەخۆی خۆیان.

Check Also

دوو تاوانی ناخ هەژین،رەنگدانەوەی نایەکسانی ونادادپەروەریەك کەلە کۆمەڵگاکەدا چەسپاوە!

دەشتی جەمال ڕۆژی پێنجشەمە١٣ ئازار بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ ئاشکرایکرد کە تەرمی ژنێك لە زێی گەورە …