ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی شوبات/ فێبریوەری ٢٠٢٥، بە ئامادەبونی سەرجەم ئەندامان و بە بەشداری هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزب و بە میواندارێتی، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، هاوڕێ فارس مەحمود، مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کۆبوونەوەی مانگانەی خۆی بەست. دەستوری باسەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە: دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسی کوردستان، مانگرتنی ١٥ ڕۆژەی مامۆستایان و فەرمانبەران و هەندێک لایەنی کاری ڕێکخراوەیی و ئۆرگانەکانی حیزب.

لە بارەی پێشهاتە نوێیەکانی دۆخی سیاسی کوردستانەوە، سەرەتا هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی لە قسەوباسێکدا لەسەر ڕەوتی گۆڕانکاریەکانی جیهان و ناوچەکە ڕاوەستا، بەتایبەتیش هاتنەسەرکاری ترەمپ و ئەو لێکەوتانەی کە لە ڕوداوەکانی سوریا و غەززەدا، ڕووی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کردووە و بەدوای خۆیدا کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی عیراق و کوردستان و پێگەی حیزب و جوڵانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان داناوە. لەم چوارچێوەیەشدا کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی، دەرکەوتنی مەسەلەی کورد لە ئاستێکی ناوچەیی و هەوڵەکانی ئەحزابی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد بۆ بەدەستەوەگرتنی ئەم مەسەلەیە لە ڕاستای بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی زیاتر لەلایەک و هاتنەخوارەوەی ڕۆڵی لایەنە شیعەکان و دەسەڵاتەکەیان لەعێراقدا، وەک بەرئەنجامێک لە پاشەکشەی ئێران لەئاست ناوچەکەدا، لەلایەکی ترەوە، وەک دوو پێشهاتی سەرەکی لە دۆخی سیاسی کوردستاندا دەستنیشان کرد، کە بەهۆیەوە هاوکێشەی هێزی بە قازانجی پارتی لاسەنگ کردووە، حکومەتی عێراق و لایەنە شیعەکانی وادارکردووە بە ملدان بەڕێکەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت و چارەسەری کاتی و نیوە ناچڵی کێشەی موچە.  

هەروەها کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی ڕۆڵی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییانەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ناڕازی، وەک فاکتۆرێکی کاریگەر بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵک و گۆڕانکاری بەرز نرخاند، بەتایبەتیش مانگرتنی ١٥ ڕۆژەی ژمارەیەک لە مامۆستا و فەرمانبەر، کە هاوپشتی و هاوسۆزییەکی فراوانی لە ئاستی کۆمەڵگادا بەدوای خۆیدا هێنا و پشتیوانی جەماوەری ناڕازی لە شێوەی داخستنی دوکان و بازاڕەکان وەک ئەزمونێکی نوێی جەماوەریی، مۆرێکی گەورەی ڕیسوایی بەنێوچاوانی حیزبە بۆرژوازیەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە نا و وەک سەرەتایەک لە ڕەواندنەوەی فەزای چاوەڕوانی و خۆشباوەڕی کە بەدوای سیناریۆی هەڵبژاردنی خولی تازەی پەرلەماندا هاتەکایەوە، جێگای گرت. لەم ڕوەوە کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی ڕاگەیاندنی سوپاس و تەقدیری بێپایانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانی بەهەموو ئەو مامۆستا و فەرمانبەر و هەڵسوڕاوانەی کە لەم جوڵانەوەیەدا ڕۆڵیان گێڕا، بەپێویست زانی و جارێکی تریش پێداگری لەسەر هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام و بێدرێغی حیزب کردەوە، تا گەیشتن بەخواست و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان و بەدیهێنانی ئایندەیەکی شایستە.

بەشێکی تری کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی کە تەرخان بوو بۆ پێداچونەوە بە کاری ڕێکخستن و ئۆرگانەکانی حیزب، چەند بڕیار و ڕینماییەکی لە ڕاستای فراوانکردنەوەی ڕۆڵی دەخالەتگەرانە و هەڵسوڕان لەئاست بزووتنەوەی کرێکاری و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا، پەسەند کرد. لەکۆتایشدا، هاوڕێیان خەسرەو سایە و فواد سادقی وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و جێگرەکەی پەسەند کرد و هاوڕێیانی دەستەی کارگێری لە جێگەی خۆیدا هێشتەوە. 

١٧/٢/٢٠٢٥

 

Check Also

هاورێ حەسەن مارف بۆ هەمیشە جیهێشتین !

بەداخو پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆبەروای١٢ی تەمووز/جولای ٢٠٢٥ هاورێی ئازیزمان حەسەن مارف، هەڵسوراوی کۆمۆنیست و روخسارێکی خۆشەویستی …