ڕاگەیاندن: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
بەمەبەستی یەکتر ناسین و ئاڵوگۆڕی بیرورا لەسەر دۆخی سوریاو ئایندەی ناوچەکانی ڕۆژئاوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرامبەر بە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٥، وەفدێکی حیزبمان کەپێکهاتبوو لە هاوڕیان عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و فواد سادق وشاباز مەحمود، ئەندمانی مەکتەبی سیاسی، سەردانی بارەگای نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکراتی (PYD) لەشاری سلێمانی کرد و لەلایەن شاندیکەوە کەپێکهاتبوو لەبەریزان دکتۆر جاوایدان کەمال و بێریڤان محەمەد و مەحمود ڕەشۆ، ئەندامانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی نوێنەرایەتی پێشوازییان لێکرا.
لەمیانی سەردانەکەدا جگەلە خۆناساندن، هەردولا لەبارەی دۆخی سوریاو ناوچەکە و دەخالەتی جەمسەرە جیهانیەکان لە خولقاندنی ناجێگیری سیاسی لە رۆژ هەڵاتی ناوەراستدا و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانەوە بیرورایان گۆڕیەوە، لە هەمانکاتدا ئاماژە بەو هەرەشانەی کەروبەڕووی ناوچەکانی ڕۆژائاوا بۆتەوە درا، بەتایبەتیش ئاماژە بەپیلانگیری وهێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێردەسەلاتی هیزەکانی سوریای دیموکرات وهەوڵی هێزە ناوچەیی وجیهانیەکان و دەسەلاتە نوێیەکەی دیمەشق، بۆ لەباربردنی ئەو دەستکەوتانەی بەدیهاتوون قسەوباسکرا. هەروەها لەمیانەی گفتگۆکاندا وەفدی حیزبمان چەند سەرنج پێشنیاری لەبارەی چارەسەری کورد وگرێدانەوەی خەباتی خەڵکی کوردستانی سوریا بە خەباتی سەراسەری کرێکاران وزەحمەتکێشانەوە، لەپێناو هێنانە سەرکاری حکومەتیکی سکولاری نەقەومی و نەدینی، کەمافی هاولاتی یەکسان و ئازادیەکان بۆ هەموان دەستەبەربکات پێداگری کرد. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوون و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خەڵکی کوردستان و دۆزی دادپەروەرانە بکات.
٢٠/٢/٢٠٢٥