یەکێک لە کۆڵەکەکانی نیزامی سەرمایەداری، جیاکاری ڕەگەزی و بەدیاریکراویش جیاکارییە لەنێوان ژن و پیاودا، لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئابوری و بەرهەمهێنان و سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریدا. هەموو ئەمانەش لەپێناو زامنکردنی زۆرترین قازانج و کەڵەکەی سەرمایەدایە. چینی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەی، تەنانەت لەپێناو ئەم ئامانجە و ڕاگرتنی ستەم و جیاکاری بەسەر ژنانەوە، هەمیشە لە هەوڵی برەودان بە پیاوسالاری و دەمەزەردکردنەوەی بیروباوەڕی دواکەتوانە و ڕەوایەتیدان بە پلەدوویی و ژێردەستەیی ژناندایە، تا دەگات بەزەوتکردنی مافە فەردی و مەدەنییەکان و تائەو جێگەیەی بۆی بچێتەسەر بەرگی یاساییان پێدەبەخشێت.
بۆژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی بەدرێژایی زیاتر لە سێ دەیە ژنانی کوردستانی بەگشتی و ژنانی کرێکاری بەتایبەتی، ڕووبەڕووی هەلومەرجێکی سەختی جیاکاری و ستەم و توندوتیژی و بێمافی کردۆتەوە. لەڕێگای برەودان بە فەرهەنگی پیاوسالاری و دەمەزەردکردنەوەی بیروباوەری پرتوکاوی کۆن و خێڵەکی و تێکەڵکردنی ئیسلام و شەریعەتەکەی لەگەڵ یاساکاندا و شۆڕکردنەوەی بۆ ناو ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، ماف و ئازادییەکانی ژنانی بە قێزەونترین شێوە لە قاڵبداوە. ژنانی کرێکار لە قەڵەمڕەوی بەرهەمهێنان و ئابوریدا لە مووچە و لە هەڵبژاردنی کار و پیشەدا، لە سەعاتکار و بەهرەمەندبون لە ڕاهێنان و فێربوندا و لە هەموو ئاستەکاندا جیاکارییان لەگەڵدا دەکرێت.
لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ژنان بەجیا لە کاری دەرەوەیان وەکو کرێکار و کارمەند، بێبەرامبەر و حسابکردن بۆ ماندوبوونیان، ئەرکی ماڵداری و مناڵ بەخیوکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، بەبێ ئەوەی لە هیچ بیمەیەکی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند بکرێن. لە بواری یاسایی و مافەکاندا ژنان لە مەسەلەی زەواج و جیابوونەوە، میرات و سەرپەرشتی خێزان، هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و خاوەندارێتی ماڵ و موڵک، تەنانەت جلوبەرگ پۆشیندا، یەخسیری هەمان بەرژەوەندیەکانی سودی سەرمایە و سەرمایەدارین.
جیا لەوانە، توندوتیژی لە دەیان شێوەدا بەدژی ژنان لە ڕاستییە تاڵەکانی کۆمەڵگەی کوردستانن. لە سوکایەتی و بەکەم سەیرکردنەوە، بۆ هەڕەشە و ئازاردان، بۆ گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کار، تا دەگات بە هەراسانکردنی ژنان لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەوانەش زیاتر تیرۆر و ناچارکردنیان بە خۆکوژی… گۆشە بەگۆشەی ئەم دۆخە سەختەن کە رووبەڕووی ژنان و کۆمەڵگەی مۆدێرنی کوردستانن. لەگەڵ ئەوانەدا نەبوونی مووچە، گرانی و بێکاری لەو هەلومەرجە سەختە ئابوریەدا بۆتە هۆی ئەوەی باندەکان و دەڵاڵانی بازرگانی سێکسی، بەرەو هەڵكشان بچن و خراپ کەڵک لە دۆخی بەشێک لە ژنان وەربگرن و ناچار بە لەشفرۆشییان بکەن و تێکەڵ بە باندەکانی بازرگانی سێکسییان بکەن. بەشی هەرەزۆری ئەو باندانەش دەستیان لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەکاندا تێکەڵە. ئاماری قوربانیەکانی کوشتن و خۆسوتاندن ساڵانە ڕوو لەهەڵکشانە و گۆڕستانی بێناونیشانی ژنانی کردۆتە پەڵەیەکی ڕەش بەنێوچاوانی دەسەڵاتەوە. لەکەنار ئەم ڕاستیانەوە تائێستا کوشتنی ژنان بەوێنەی کوشتنی بەئەنقەست مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ناکرێت و تۆمەتبار و تاوانبارانیان ئازادن و ئەگەر کەسانێکیش دەستگیر بکرێن، بەپاساوی” شەرەفپارێزی” ئازاد دەکرێن، یان لە بارەگای دەستسازی حزبەکاندا بەناوی سوڵحی عەشایەری، دۆسیەی ژنانی قوربانی، دیزە بەدەرخۆنە دەکەن.
بەم دواییانە، دەسەڵاتی کۆنەپەرستی بۆرژوازی کورد لە ساتوسەودایەکی شەرمەزارکەردا، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی شیعە و سوننەدا، ڕەزامەندی کرد لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بەپێی شەریعەتی جەعفەری تا لە دەرەوەی یاسا مامەڵە بە پرسی زەواجەوە بکەن و بەمەش پەنجەمۆری تەئیدیان دا لە بەشودانی کچانی مناڵ و تەمەن نۆ ساڵ. ئەمەش توندوتیژییەکی ئاشکرایە لە دژی مناڵان و ڕەوایەتی بەخشینە بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەریان. ئەم هەڵویستەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی ئامادەیە لەپێناو مانەوە و ئامانجە نەتەوەپەرستیەکانی خۆیدا، نەک تەنها لەگەڵ هێز و لایەنە کۆنەپەرستەکانی دژە ژن لە عێراقدا بکەوێتە ساتوسەودا، بەڵکو ئامادەیە لەسەر داوای ڕەوتە ئیسلامیەکان، یاسای کۆنەپەرستانەی زیاتری دژە ژن، لەبەرامبەر بە مەدەنیەتی کۆمەڵگەدا بەدەستەوە بگرێت.
هەشتی مارس، ڕۆژ و هێمای “نا” وتنە بەم هەلومەرجە سەختەی ژنان. ڕۆژی ناڕەزایەتیە بە جیاکاری و ستەم و توندوتیژی و بێمافی، ڕۆژی هاتنەمەیدانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازیە. ئەم ساڵ لە کاتێکدا یادی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەینەوە، کە خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری ڕۆژانە بۆ خواستی باشکردنی ژیان و خزمەتگوزاریەکان یەخەی دەسەڵاتداران دەگرێ، کە تێیدا ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە. ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییانەی مامۆستایان و فەرمانبەران نیشانیدا کە ژنان هێزێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی ململانێیە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورددا.
دەبا ٨ ی مارسی ئەمساڵ بکەینە ڕۆژی هاتنەمەیدان و ڕاوەستانەوەی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی بەدژی هەرجۆرە جیاکاری و ستەم و بێمافیەک کە ڕووبەڕووی ژنان کراوەتەوە. با هەشتی مارسی ئەمساڵ بە تەوژمێکی فراوان و بەهێزەوە لەژێر ئاڵای ئازادی و یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، پێبنێتە مەیدانەوە و لەم نێوەشدا خواستی هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەموارکراوی باری کەسێتی عێراق، وەک یەکێک لە نەبەردە کۆمەڵایەتیەکانمان لە ڕاستای گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی، بەدەستەوەبگرین.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەهەموو توانایەوە لە پشتی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەپێناو ماف و داخوازییەکان و یەکسانیان لەگەڵ پیاوان لە هەموو زەمینە و مەیدانەکاندا تیدەکۆشێت.
بژی ٨ مارس، رەمزی وەستانەوە بەڕووی ئاپارتایدی جنسیدا!
حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان
٢٤/٢/٢٠٢٥