بەڕێز خاتوو بینیدیکتا لاسی سکرتاریەتی گشتی سۆسیالیستی ئینتەرناشناڵ
بابەت :توندوتیژی یەکێتی نیشتمانی بەرامبەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان
بەڕێز / سەرۆك و سکرتاریەتی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ
دوای سڵاو..
لەدرێژەی ناڕەزایەتیەکانی چەند هەفتەی ڕابردوودا، دژی نەدانی مووچەکانیان و خراپی باری گوزەرانیان، دوای پینچ مانگی بەردەوام خۆپیشاندان و ڕێپیوان و مانگرتن، بەڵام دەسەلاتدارانی کوردستان وەلامیان نەدانەوە، رۆژی ٢٣ی شوبات، ژمارەیەك مامۆستاو فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، بۆ رێگرتن لەو تەنکەرانەی نەوت بە قاچاغ دەگوازنەوە بۆ ئێران کە لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بە یەکیتی نیشتیمانی کوردستان و بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئەنجامی دەدەن، کەسەر رێگای تەنکەرەکان خێمەیان هەڵدا وەکو دەربێنی ناڕەزایەتی و ناچارکردنی یەکێتی و پارتی کە پیکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردسنانن، بە وەڵامدنەوە بە خواستەکانیان کە بریتیە لە دانی مووچ دواکەوتوەکانیان و پلە بەرزکردنەوەو مووچە دزراوەکانی چەند ساڵی ڕابردوویان، کە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت. بەلام لەجیاتی وەڵامدانەوە بە داواکاریەکانیان دوێنی شەو ٢٤ لەسەر٢٥/٢/٢٠٢٥، هیزەکانی کۆماندۆی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر خێمەکەیان و چەند مامۆستا و فەرمانبەریان بریندارو چەند کەسیشیان دەستگیرکردن. هەروەها پەلاماری چەندین رۆژنامەنوس و میدکاریان داو ئازاریاندان و بەشێک لە کەلوپەلەکانیان شکاندن و دەستیان بەسەردا گرت.
ئەم توندوتیژی و پەلاماردانەی هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستی پێکردوە دژی خۆپیشاندەران لە شارۆچکەی عەربەت رویداوە کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە، لەکاتێکدا یەکێتی ئەندامی سۆشیال ئینتەرناشناڵە و بۆماوەی چەندین ساڵ جەلال تاڵەبانی، سکرتێری پێشووی یەکێتی، یەکێك بووە لە جێگرەکانی سەرۆکی سۆشیال ئینتەرناشناڵ. ئیستەش یەکێتی ئەندامە لەڕیکخراوەکەتاندا.
ئەم کردەوەیە دژی مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و ڕادەربرین و ئازادی رۆژنامەگەری و رێگەگریگرتنە لە گواستنەوەی هەواڵ و راستیەکان بۆ خەڵك و پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە، کە ڕۆژانە ئەم حزبە پێشێلی ئەو مافانە دەکەن کە ڕاگەیەندراوە.
بۆزانیاری ئێوە ئەوەی ئەم دۆخە ناهەموارەی پێكهێناوە، هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدادن. حکومەتی هەرێم کە یەکێتی و پارتی دوو حیزبی سەرەکی پێکهێنەرین، لەگەڵ حکومەتی بەغدا، مەسەلەی موچەو بژیوی خەڵکی کوردستانیان کردۆتە کارتێکی سیاسی بۆ داسەپاندنی مەرج و ئیمتیازی سیاسی و ئابووری بەسەر یەکتردا. بەهیچ جۆرێك هیچ لایەکیان خۆیان بە بەرپرس نازانن بەرامبەر بە دانی موچەو دابینکردنی ژیان بژیوی هاولاتیانی کوردستان. لەکاتێکدا رۆژانە سامانی ژیر زەوی و سەرزەوی کوردستان لەلایەن حکومەتی پارتی و یەکێتیەوە بەتالان دەبرێت و هاوکات چەندین باج وسەرانەشیان بەسەر خەڵکدا سەپاندوە. سەرەتاترین مافی هەر فەرمانبەرو مامۆستایەك ئەوەیە کە هەموو مانگێك مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و ساڵانە مووچەکانیان زیاد بکات و پلەی وەزیفیان بەرزبکرێتەوە پێبەپێی ساڵەکانی خزمەتیان، بەڵام نەك موچەکانیان زیاد ناکرێت و پلەکانیان بەرزناکرێتەوە، بەڵکو مووچەی مانگانەشیان پێنادرێ و دەستی بەسەردا دەگیرێت لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە. کاتیكیش بۆ داواکردنی ئەو خواستە رەوایانەی خۆیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن ، ڕوبەرووی چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی دەبنەوە و سەرکوت دەکرێن، وەکو روداوەکەی شەوی ٢٤لەسەر ٢٥ی شوبات.
هەربۆیە داواتان لێدەکەین بەفشارهێنان بۆسەر سەرکردایەتی یەکیەتی و لێپرسینەوە لەکارە سەرکوتگەرەکانی لەپاڵ خەڵکی کوردستاندا ڕابوەستن و ناچاری بکەن کە دەست لەم جۆرە پێشێلکاریانە هەڵگرێ و سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات و کەلوپەلی رۆژنامەنوسان بگەرێنێتەوە. هاوكات ئازادی خۆپیشاندان و مانگرتن بەفەرمی بناسێت و گوێ بۆداواکانی خەڵك و مامۆستا و فەرمانبەران بگڕی و وەڵامیان پێبداتەوە.
دەشتی جەمال
بەرپرسی کۆمیتەی رابەریی
ڕێکخراوی دەرەوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٥/٢/٢٠٢٥