موحسین کەریم
لەدێگەڵە، مامۆستایان و فەرمانبەران، کەوتنە بەر پەلاماری هێزەکانی پارتی و رێگایان لێگیرا بچنەناو هەولێرەوە، تا دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بە ئۆفیسی سەرەکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە هەولێر بگەیەنن. ئەم کردەوەیەی پارتی، جەوهەری سەرکوتگەری و دژە ئازادی و دژە دیموکراسی پارتی بۆ خەڵك و مامۆستایان و فەرمانبەران بەشێوەیەکی بەرچاوترنیشان دا. ئەگەرچی بۆئەوانەی کە دەیانویست بەرەو هەولێر بەڕێبکەون، ئەوە شتێکی چاوەڕوانکراو نەبوو، بەڵام ئەوان ویستیان پەیامێك بگەیەنن. ئەو کارەی پارتی بووە جێگای نارەزایەتی گشتی خەڵک و لەئاستی ناوخۆو دەرەوەی کوردستانیشدا میدیاکانی بەخۆوە خەریك کردو بووە فشارێکی ئیعلامی و تاڕادەیەك سیاسی بۆسەر پارتی. ئەو دەمە یەکێتی و میدیاکانی وایان ڕادەگەیاند کە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، ئازادی هەیەو ئەوەتا چەندین مانگەو دەیانجار مامۆستایان و فەرمانبەران خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتی خوێندنیان کردوەو لە گوڵ کاڵتر پێنەوتراوە. رۆژانەش کەناڵەکەی سەرۆکی یەکێتی( کەناڵ ٨) هەواڵەکانی مانگرتن لەخواردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و کۆبونەوەی خەڵك و خۆپیشاندانەکانی خەڵکیان بڵاودەکردەوە. بەڵام ئەم دۆخە ئەوەندەی درێژە نەکێشا تا ئەوە بۆ هەموو ئەوکەسانەش، کە بروایان بەم پڕوپاگەندەیەی یەکێتی کردبوو، روون بێتەوە کە دێگەڵەو عەربەت هیچ جیاوازیەکیان نیە.
بێگومان پارتی هیچ کاتێك تەحەمولی خۆپیشاندانی دژ بەخۆی نەکردوە. هەرجۆرە جوڵەیەکی سیاسی و نارەزایەتی جەماوەری کە رووی لە پارتی بێت هەر لەسەرەتاوە سەرکوت دەکرێ. ئەوەش وایکردوە کە خەڵکی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتی، نەتوانن بەشێوەیەکی فراوان ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە ستەم و زوڵمی پارتی و حکومەتەکەی دەرببڕن. دەنا مامۆستا و فەرمانبەری هەولێر و سۆران و بادینانیش وەکو مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو راپەڕین ناڕازین لە نەدانی مووچەکانیان و تاڵانکردنی. ناڕازین لە پلە بەرزنەکردنەوەو بەرزکردنەوەی مووچەکانیان. ئەوانیش هەمان خواستەکانی فەرمانبەران و مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕینیان هەیە. هەر ناڕەزایەتیەك دژی نەدانی مووچەو پاشەکەوتکردنی و سەپاندنی باج و خەراج لەسەر خەڵك و دۆخی خراپی ژیانی خەڵك و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان و فرۆشتنیان بە کۆمپانیا ئەهلیەکان و کۆمپانیانی نزیك لە بەرپرسانی حزبەکانی دەسەڵات، ڕاستەوخۆ یەخەی پارتی دەگرێت وەکو پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی هەرێم و دەسەڵات لە کوردستان. بۆیە پارتی بڕیاری خۆی داوە کە مەگەر بە مەرگی خۆی، دەنا رێگانادات خەڵک و مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕەزایەتی دەرببڕن لەو ناوچانەی لەژێر دەسەلاتی راستەوخۆی خۆیدایە.
بەڵام روداوەکەی عەربەت، ئەوەی نیشان دا کاتێك ڕاستەوخۆ رووی ناڕەزایەتیەکان لە یەکێتی دەبێت و دەکەوێتە بەرامبەر بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی یەکێتیەوە، ئیتر پارتی و یەکیتی هیچ جیاوازیەکیان نامێنێ. ئیتر ناوچەی سەوز کۆریای باشوور نیە و زۆنی زەرد کۆریای باکوڕ! پارتی بە ئاشکرا و بێپەردە سەرکوتی خۆپیشاندەرانی کرد، بەڵام یەكێتی پیلانێکی قێزەونی دژی خۆپیشاندەران بەڕێوەبرد. هەرخۆی کۆمەڵێك بەکرێگیراوی ناردە ناو خۆپیشاندەرانەوە کە لەسەر ڕیگەی سەرەکی عەربەت- سلێمانی خێمەیان هەڵدابوو وە رێگریان لە تانکەرە نەوتەکان دەگرت بەرەو ئێران بڕۆن. هاوکاتیش هێزێکی کۆماندۆی هێنابووە نزیكی خێمەی خۆپیشاندەران. هەر بە پیلانی هێزەکەی کۆماندۆ، ژمارەیەك شۆفێری تانکەر هەوڵی شکاندنی بەربەستەکە دەدەن و ئەو بەکرێگیراوانەش کە نێردرابوونە ناو خۆپیشاندەران، کەوتنە بەردبارانی تانکەرەکان. هێزەکەی کۆماندۆ ئەوە دەکاتە فرسەت و پەلاماری خۆپیشاندەران و پەیامنێری کەناڵەکان دەدەن کە بۆ ڕوماڵی خۆپیشاندانەکە لەوێ بوون. ژمارەیەك خۆپیشاندەر بریندار دەکەن و خێمەکەیان دەڕوخێنن و بڵاوەیان پێدەکەن و ژمارەیەکیشیان دەستگیر دەکەن.
ئەگەرچی یەکێتی. ئەمە یەکەمجاری نیە کە سەرکوتی خۆپیشاندان دەکات و توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێ، هەروەکو لە روداوەکانی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ و دواتر خۆپیشاندانەکانی گەرمیان و سەیدسادق و سلێمانیدا کە چەندین خۆپیشاندەر رفێنران، زیندانی کران، کوژراون و بریندارکران…بەڵام سالانێك بوو، وەکو فشارێك بەرامبەر بە پارتی بەمەبەستی وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی و ئابوری زۆرتر و گرنگتر، دوای ئەوەی کە پارتی جومگە گرنگەکانی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری کوردستانی بەدەستەوە گرت، جۆرێك لە نەرمی دەنواند بەرامبەر بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان، تا ئەو بۆچوونە بەهێزبکات کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستان پارتیەو یەکێتی لێی بێبەریە. بەداخەوە تاڕادەیەکیش گوێگر بۆ ئەم چەواشەکاریە لەناو بەشێکی خەڵکی ناڕازیدا پەیدابووبوو! بەڵام ئەو کردەوە قێزەونەی یەکێتی دژی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆپیشاندەرو خەڵکی نارازی لە عەربەت، ئیتر جێگای بۆ هیچ جۆرە خۆشباوەڕەیەك نەهێشتەوە بەرامبەر بانگەشە چەواشەکارانەکانی یەکێتی سەبارەت بە بوونی ئازادی لە زۆنی سەوز و بێبەریبوونی لەو دزی و تاڵانیەی لە خەڵک دەکرێت. لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەی چەندبارە پشڕاستکردەوە کە مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و هەموو ئەوانەی کە مافیان پێشێل دەکرێ یەك رێگایان لەپێشە بۆ سەرکەوتن، ئەویش دوورکەتنەوەیە لە هەموو جۆرە پڕوپاگەندەیەکی ریفۆرمخوازی و ئاشتی لەگەڵ دەسەڵاتی مافیایی سەرکوتگەردا.. ئەوان شەڕێکی چینایەتیان لەدژی خەڵک ڕاگەیاندوەو ئامادەن تاوان بکەن کاتێك مەترسی لەسەر بەرژەوەندی و قازانج و گیرفانیان دروست دەبێت. بۆیە دەبێ خەڵكی ستەملێکراو و مافخوراوی کوردستانیش ئامادەی ئەو جەنگە چینایەتیە بن لەدژیان و بیانشکێنن!