پلینۆمی ٣١ی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کۆتایی هات

لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی نیسان، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ئۆرگانەکانی حیزب و بە بەشداری هاوڕێ سەمیر عادل سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، پلینۆمی (٣١) ی خۆی بەست.

سەرەتا پلینۆم بە سرودی ئینتەرناسیۆناڵ و خولەکێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ٢٧ هەمین ساڵیادی هاوڕێیان و شاپور و قابیل و سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی دەستی پێکرد، دواتر هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، وتاری دەستپێکردنی پلینۆمی پێشکەش کرد. دوای ئەویش دەستوری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان و باسەکانی پلینۆم پەسەندکرا کە بریتی بوو لە:

١ڕاپۆرتی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و ئۆرگانەکانی حیزب لە نێوان دوو پلینۆمدا

٢هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاڕاستە و ئەرکەکانی حیزب…

٣پرسی هەڵبژاردنەکان..

٤/ بڕیار و بڕیارنامەکان… 

ڕاپۆرتی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی ئۆرگانەکان:

سەرەتا هاوڕێ خەسرەو سایە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی، ڕاپۆرتی کاری حیزب و مەیدانەکانی خستەڕوو… ئاماژەی بەو مەیدانانە کرد کە هەڵسوڕانی حیزب و ئۆرگانەکان تێدیا پێشڕەوییان کردووە و پاشان پەنجەی لەسەر لاوازیەکانی کاری حیزب و ئەو بەربەست و گرفتانەی کە لە کاری ئەم دەورەیەی حیزبدا هەبووە دانا. لە کۆتاییشدا چەند پێشنیارێکی لە ڕاستای برەودان بە مەیدانەکانی کاری حیزب و کارکردن بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکان خستە بەردەم پلینۆمەوە. بەدوای ئەودا پلینۆم ڕێگای کردەوە بۆ قسەوباسی بەرپرسی ئۆرگانەکان و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر سەرجەم ڕاپۆرتەکان کە پێشتر بە نوسراو خرابوونە بەردەستی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی دوای بەشداری و سەرنجدان لەلایەنە جیاجیاکانی کاری ئۆرگانەکان و هەڵسەنگاندنیان، پلینۆم وێڕای ئەوەی پێداگری لەسەر ڕاوەستاوی و بەرچاوڕۆشنیی حیزب و سیاسەتەکانی کردەوە  لە کاری ئەم دەورەیەی حیزبدا، هاوکات لەسەر خاڵە لاوازەکان ڕاوەستا و لەبەرامبەریاندا، چەندین پێشنیاری لە دووتوێی چەند بڕیاردا پەسەند کرد.

 هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاڕاستە و ئەرکەکانی حیزب:

ئەم دەستورە و باسەکەی لەلایەن هاوڕی عەبدوڵا مەحمودەوە خرایەڕوو، کە تیایدا ئاماژەی بەو ئاڵۆگوڕانە کرد کە لە عێراق و کوردستاندا و لەژێر کاریگەری ڕوداو و ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دەورەیەی دنیاو ناوچەکە ڕویان داوە… دواتریش گرنگترین سەرخەتی جیهەت هەنگاوەکانمانی ئاماژە پێدا. پاش بەشداری گەرموگوڕی هاوڕێیان و خستنەڕووی سەرنج و پێشنیارەکانیان، پلنیۆم لەو بارەیەوە بریاریدا لە رێگای بەیاننامەیەکەوە سیاسەت و رێگاچارەکانی حیزب بخاتە بەردەم کۆمەڵگە.

پرسی هەڵبژاردن:

ئەم دەستوورە لەلایەن هاوڕێیان رێبوار ئەحمەد و عەبدوڵا مەحمودەوە، پێشکەش کرا… کە تیایدا لەسەر جێگاوڕێگای هەڵبژارن، پرانسیبە گشتیەکانی، ئەزموونەکانی، ئامادەیی حیزب، هەلومەرجەکانی بەشداری و ڕەتکردنەوەی… قسەوباس کرا… پاش بەشداری تێروتەسەلی هاوڕێیانی ئامادەی پلنیۆم، پێداگری لەسەر بەهێزکردنی تواناییەکانی حیزب کرا بۆ ئامادەبوونی لە مەیدانەکانی کیشمەکێشە سیاسیەکانی کۆمەڵگە و هەڵبژاردنیش وەکو مەیدانێکی ئەم بەرامبەرکێییە.

بڕیار و بڕیارنامەکان:

لە بەشی بڕیار و بڕیارنامەکاندا، چەندین بڕیار پەسەندکران سەبارەت بە چۆنیەتی عەمەلیکردنەوەی ئەو سیاسەتانەی کە لە باسەکانەوە دەبێت دەربکێشرێن و هەروەها هەنگاوی پێویست بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی حیزب و بردنەسەری تواناییەکانی لە مەیدانی سیاسی و دەرکەوتنی وەکو حیزبیکی دەخاڵەتگەری کۆمەڵایەتی…

هەڵبژاردنی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی:

لەم بەشەی بەرنامەی کارەکانی پلینۆمدا هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف بە تێکرای دەنگ بە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرایەوە و هەروەها ١١ کەسیش بۆ مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران کە بریتین لە هاوڕێیان: خەسرەو سایە، دەشتی جەمال، ئازاد مەجید، عەبدوڵا محمود، موحسین کەریم، فوئاد صادق، ڕێبوار ئەحمەد، شاباز محمود، ئالان مەعروف، وەستا مەهدی ڕەسول و رێبوار عارف.

پلنۆم بەدوای دوو ڕۆژ لە قسەوباسی چڕوپڕ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

بەدوای تەواوبونی کارەکانی پلینۆم، مەکتەبی سیاسی لە یەکەمین کۆبونەوەی خۆیدا هاوڕێ خەسرەو سایەی وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و فوئاد سادقی بەوێنەی جێگری سەرۆک هەڵبژارد و دەستەیەکی کارگێڕی لە هاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حیزب، دیاری کرد.

22-4-2025

Check Also

پەیامی هاوپشتی بۆ کۆنفرانسی یەکیتی خەباتی کریکارانی فەلەستین

هاورێیان! ئیمە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین کۆنفرانسی یەکێتیەکەتانەوە بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەکەین. …