حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، کۆمیتەی بەریتانیا لەکۆنفرانسی ڕێکخراوی “ڕزگاری کرێکاران” ۆرکر لیبرەیتی بەشداری کرد ولەلایەن هاوڕی نوری بەسیرەوە پەیامی حیزب خویندرایەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی ئەوپەیامەیە:
پەیامی کۆمیتەی بەریتانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بۆ کۆنفرانسی ۆرکر لیبرتی لە لایەن نوری بەشیرەوە پێشکەشکرا بەزمانی ئینگلیزی لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٥دا بە بەشداریکردنی شاندێکی حزب، ئەمە دەقی کوردیەکەیەتی.
بەیانی هەمووتان باش…
هاوڕێیانی بەڕێزی ۆرکر لیبرتی،
سەرەتا پیرۆزبایی بەستنی کۆنفرانستان لێدەکەین و سوپاستان دەکەین بۆ بانگێشتکردنمان بۆ ئامادەبوون لە کۆنفرانسەکەتاندا.
هاوڕێیان وەکو ئاگادارن، سەرمایەداری لەناو گێژاوی قەیرانەکان و ڕاکردن بەدوای قازانج و کەڵەکەی ساماندا، نەك هەر دۆخی ژیان وگوزەرانی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش و کەمدەرامەتی روبەرووی مەترسی کردۆتەوە، نەك هەر ژیانکردن لە هەژاری و برسێتی و بێمافیدا لە چوارگۆشەی دنیادا بەسەر چینی کرێکارو جەماوەری بێبەشکراودا سەپاندوە، نەك هەر ئەو دەسکەوتانەی کە نزیك بە سەدەیەك لەمەوبەر چینی کرێکار لە زۆربەی ووڵاتانی رۆژاوایی و ئەوروپیدا، بەدوای ئەویشدا لە زۆربەی ووڵاتانای دنیادا، لە پەیوەند بە هەلومەرجی کار، کرێ، سەعاتی کارکردن، سەلامەتی و مافی خۆپیشاندان و مانگرتن و …تاد. بە خەبات و قوربانیدانی خۆیان لەبۆرژوازی و دەولەتەکانیان سەندبوو، بگرە جەماوەر بەگشتی لەسایەی ئەو خەباتەی چینی کرێکارەوە، دەستیان بە کۆمەڵێك خزمەتگوزاری و ماف و ئازادی گەیشتبوو، ئێستا نەك ئەمانە کەوتونەتە بەر هەڕەشەی بەردەوامی لێسەندنەوەو نەهێشتنی لەلایەن دەوڵەتە سەرمایەداریەکانەوە، بگرە لەرێگای شەڕە ناوچەییەکانیان و توندکردنەوەی کەشوهەوای میلیتاریزم و هەڵپەکردنیان بۆ قازانج و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ووزەو کانزا و کەرەستەی خاو و جەنگە بازرگانیەکانیان، وە لەئاستی جیهانیدا، ژیان و مانەوە و ئایندەی ملیۆنەها ئینسانی کرێکارو زەحمەتکێشیان خستۆتە بەردەم تونێلێکی تاریك و هەڕەشەی لەناوچوونەوە!
جەنگی ٣ ساڵەی بەوەکالەتی نیوان ناتۆ و روسیا لە ئۆکرانیا، کە ژیانی سەدان هەزار مرۆڤی کردۆتە قوربانی و سەدان هەزاریشی تووشی پەککەوتەیی و لەدەستدانی بەشێك لە جەستەیان کردوە، ئۆکرانیای نابوت و وێران کردوە و ملیۆنەها هاوڵاتی ئۆکرانیای ئاوارەی ووڵاتانی ئەوروپا کردوە، پەرەگرتنی ڕاسیزم و ڕاستڕەوی بۆرژوازی لە ئەوروپا و چووەنەسەدەسەڵاتی پارتە فاشیست و ڕاسترەوە توندڕەوەکانی بۆروازی بۆسەر حوکم و سیاسەتی خۆپڕچەكکردن و تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاح بۆ چەك و پێشبرکێی میلیتاریستی و سەپاندنی باج و گرانی بەسەر چینی کرێکار و، جینۆسایدی ئیسرائیل دژی هاوڵاتیانی غەززەو بۆردومانەکانی ئیسرائیل دژی خەڵکی لوبنان و سوریا و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیاو نۆکەرانی بۆسەر دانیشتوانی رۆژهەڵات و باکوری سوریا و دواتریش ملهوڕی و هێزنواندنی ئەمریکا دژی ئێران کە دۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی روبەرووی مەترسی جدی کردۆتەوە ، هەموو ئەمانە بەرهەمی ئەم دۆخە قەیرانگرتوەی سەرمایەدارین کە خەریکە لەگەڵ قەیران و چاوچنۆکی و گرفتەکانی خۆیدا مرۆڤایەتی بۆناو کورەی ئاگر پاڵپێوەدەنێت.
ئەم دۆخە خەتەرناکەی روبەرووی چینی کرێکار لەئاستی جیهاندا بۆتەوە، هۆکارەکەی تەنها زاڵبوونی دەسەڵاتی بۆرژوای و چاوچنۆکی ئەوان بۆ قازانج و کەڵەکەی سامان و چەوساندنەوەی لەڕادەبەردەی چینی کرێکار و پێشبکڕێی نێوان کۆمپانیا فرە رەگەزەکان و سەپاندنی ملیتاریزم بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا نیە، بەڵکو لە لایەکیدا ئاکامی لاوازی بزوتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیزمی چینی کرێکارە لە جەرگەی خەبات و تێکۆشان بۆ روبەرووبونەوەدا لەگەڵ بۆرژوازی و نەبوونی حزبە کۆمۆنیستیەکانی چینی کرێکارە کە لە جەنگی چینایەتیدا نوێنەرایەتی بەرژەەوەندیەکانی چینی کرێکارو ڕابەری چینی کرێکارو جەماوەری کەمدەرامەت و زەحمەتکێش بکەن بەرەو کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری سەرمایەو دامەزراندنی دەسەڵاتی چینی کرێکار.
دۆخی خەباتی چینی کرێکارو زەرەرورەتی ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ ئەم جەنگە چینایەتیە کە لەگەڵ رزگاری خۆی لە دەسەڵاتی سەرمایە، کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش لە ستەم و چەوساندنەوەو بێمافیەکان و شەڕەکانی بۆرژوازی و دەوڵەتەکانیان رزگار بکات، ئەوە لەئێمە کۆمۆنیستەکانی چینی کرێکار دەخوازێت کە خۆمان بۆ ئاستی ئەم بەرپرسیارێتیە مێژوویی و چینایەتیە بەرزبکەینەوە. دەبێ ئامادەیی فکری و سیاسی و رێکخراوەیی چینەکەمان، چینی کرێکار فەراهەم بکەین تا لەم دۆخە دەربازی بکەین و هەنگاو بەرەو دنیایەکی باشتر ، دنیای ئازاد و یەکسانی کۆمۆنیستی بنێت. ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش بەبێ یەکخستنی ریزی سیاسی و رێکخراوەیی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و رێکخراوە کۆمۆنیستیەکانی چینی کرێکار مەیسەر نابێت. ئێستا لە هەموو کاتێك زیاتر زەمینەی بابەتی روخاندنی دنیای نایەکسانی سەرمایەداری فەراهەم بووە و لەهەموو کاتیکیش زیاتر زەرورەتی پەیداکردوە بۆئەوەی مرۆڤایەتی لە برسێتی و کارەسات و لەناوچون بپاریزین.
لەکۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوزین و ئومێدەکەین کە بڕیارەکانی کۆنفرانس و کارەکانی داهاتووتان بەو ئاقارەدا بڕوات کە دەوری شایستە بگێڕێت لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەناو بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا هەیە لەپەیوەند بە حزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی کرێکاری شۆڕشگێڕی بەهێز لە بەریتانیادا و دەوری لە بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران لە بەریتانیا و لەئاستی نێوەنتەوەییدا….
سەرکەوتووبن
کۆمیتەی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان