دەنگ گەلێکی هێندە ئازاو بێوەستان هەن کەدەسەڵاتدارن و ستەمکاران تەنانەت دوای مردنیش لێیان دەترسن.

ووتەی دەشتی جەمال لە ١٥ هەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان

ئەمڕۆ ١٥ هەمین ساڵیادی نووسەرو ڕۆژنامەنووس و کەسێك بەرز ڕادەگرین کەجگە لەقەڵەم هیچ چەکێکی لەدەستدا نەبوو. ئەو ڕەخنەگری دەسەڵاتێك بوو، ڕەخنەگری جیاکاری و بێمافی بوو، بۆیە قسەکانی لەشمشێر قووڵتر دەبڕن. لەبەرەکانی شەڕدا نەبوو، بەڵکو هەڵگری ڕەخنەیەکی چینایەتی قوڵبوو لە دژی دەسەڵات و ڕەمزەکانی بۆرژوازی کورد.

لەپشت لاپەڕەکانەوە وەستابوو، بەڵام بناغەکانی دەسەڵاتی هەژاند. سواڵی ئاسوودە بوونی نەکرد، بەخەبات داوای ئازادی و دادپەروەری دەکرد. فەرمانەکانی جێبەجێ نەدەکرد، وێڵی دوای حەقیقەت بوو. بۆ ئەوەش هەوڵیاندا بێدەنگی بکەن، پێیان وابوو ئەگەر ژیانی لێبسیننەوە، دەتوانن کۆتایی پێــــبهێنن، بەڵام هەڵە بوون. ئێستا سەردەشت عوسمان ناوێکە لەناوی سەرۆك حکومەت وپەلەمان و وەزیرو گوزیرو دەزگاگانی گەورەترەو بووەتە هیمای ئازادی.

سەردەست عوسمان، دەنگێکە لەنێو هەر ناڕەزایەتیەکدا ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی دەپچرێت،،. هێمایەك بۆ ئەوەی کەدڕندەیی تا چەند دەڕوات بۆ بێدەنگکردنی ڕاستی، هەوڵێکی نەزۆکە. گڕی لەناخی هەر نووسەرێکدا داگیرساند کە بەبوێری بنوسیت و کڕنوش نەبات..

سەردەشت عوسمان ئەو وشانەی پێداین کە تا ئێستاش لەدڵی دەسەڵاتداران وستەملێکراواندا دەنگ دەدەنەوە. ئەوان وایانزانی بەکوشتنی دەنگی سەردەشت دەنیژن، بەڵام نەیاندەزانی تۆوێکە لەهەموو گۆشەیەکی جیهاندا چێنراوەو بووەتە ڕەمزیك بۆ ئازادی..

سەردەشت عوسمان کۆری کرێکارێك لەخێزانێکی زەحمەتکیش،ڕۆژنامەنووسێك، دەنگی خەڵك بوو، بەووتارو قەڵەمە ڕەخنەییەکەی پێی لەسەر ئەو جیاوازییە چیانیەتییە دادەگرت کە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە. بەلام ڕفاندیان ئەشکەنجەیانداو و کوشتیان، تا بێدەنگی بکەن و کۆمەڵگە بترسێنن..تا لەم ڕێگایەوە هەموو دەنگێکی  ئازاد کپ بکەن.. ئەو خوێندکارێک بوو هیوا بەداهاتوو. تاوانبار نەبوو، هەڕەشە نەبوو بۆ سەر کۆمەڵگە، بەڵکو سەردەشت عوسمان هەڕەشە بوو بۆ درۆ، بۆ گەندەڵی وجیاکاری وستەمکاری و پێداویستییەك بوو لەدژی دەسەڵاتێك کە لەسەر ترس و کۆنترۆڵکردن بنیاتنراوە، ڕۆژنامەنوسێك بوو بەقەڵەمەکەی بوێری ئەوەی هەبوو ڕاستی بڵێت لەکۆمەڵگەیەکدا کە ڕاستی سزا دەدرێت. خوێندکارێك بوو بوێری ئەوەی هەبوو لە سیستەمێکدا پرسیار بکات، کە پرسیار خەتی سورەو حەرامە. بۆ ئەوەش حکومەت هەر ئەو دامەزراوەیەی کە مەبەست لێی خزمەتکردن و پاراستنی بوو، بوو بەبکوژەکەی.

با ئەوەش بە ڕوونی بڵێم، بۆ ئەوەی هەموو ترسنۆکێکی دەسەڵاتدار بیبیستێت: لەوانەیە کۆتایی بە ژیانێک بهێنیت، بەڵام هەرگیز ڕاستییەکان ناسڕێتەوە. ڕەنگە تۆ ژیانی ئەوت بردبێت، بەڵام دەنگی ناسڕێتەوە، مرۆڤی باش بەدەستی سیستەمێک نامرێت کە بۆ پاراستنی تەنها خۆی دروستکراوە.

لەوانەیە تەرمی کەسێك بنێژیت، بەڵام ناتوانیت بزووتنەوەیەک بنێژیت. لەوانەیە کەسێکی باش بکوژیت، بەڵام بەم کارە هەزار کەسی تر دروست دەکەیت. چونکە مردنیان کۆتایی نییە. پڕیشکێکە. پریشکێك کەئاگری خەبات و تیکوشان و، توڕەیی، دادپەروەری داگیرسێنێت کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، دەسەلاتداران ئەگەر پێیان وایە دەتوانن بەکوشتنی مرۆڤێك بیرۆکەکان بکوژێت. دەتوانن لاشەیەك بنێژن، بەڵام ناتوانن حەقیقەت بنێژن. بۆ هەر ڕۆژنامەنووسێك کەبێدەنگ دەکەیت، دەیان ڕۆژنامەنووسێکی تر هەڵدەستن. بۆ هەر خوێندکارێک کە دەینێژیت هەزارکەس ڕێپێوان دەکات.

سەردەشت عوسمان لەنێوماندایە لەناڕەزایەتیەکاندا پر بەگەرووبەدەنگی بەرز قسە دەکات، بەدوای مەرگیدا کڵپەی ناڕەزایەتیەکی گەورە لەکوردستاندا هاتە ئاراوە بەرامبەر بەستەمکاری و گەندەڵی و بێ مافیەک کە دەسەڵاتدارانی کوردستان چەند دەیەیە بەسەر خەڵکی کوردستاندا دایان سەپاندبوو، دواتریش ١٧شوباتی بەرهەمهێنا کە دوا دیواری نێوان خەڵك ودەسەڵاتیڕووخاند. ناوی سەردەشت بوو بەڕەمزی ناڕەزایەتیەکان و ناوی ئەو لەمێژوودا هەڵکەندراوە وهەرگیز ناوی لەبیر ناکرێت لەناخی هەمواندا دژی.

ئەمڕۆ، بەدڵێکی پڕ حوزنەوە لەسەر گلکۆی سەردەشت عوسمان کۆبووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لەیادی ئینسانێك کەژیانی خۆی بەخشی لەپێناوی ڕاستیدا…گیان لەدەستدانی سەردەشت تەنها خەسارەتێك نیە لەو کەسانەی کەدەیان ناسی و خۆشیان دەویست،بەڵکو نەمانی زیانێکی گەورە بوو لەکۆمەڵگاو بزوتنەوەی ئازادیخوازی و ئینسان دۆستی.

بۆیە ئێمە بەدەنگی بەرز دەیڵێین، بەبوێری دەنووسین وناڕەزایەتی دەردەبڕین بەرەو پێشەوەی دەبەین. هەرگیز ناوی سەردەشت عوسمان لەبیرناکەین. ئەو لەهەموو ناڕەزایەتیەك لەپێناوی نان و ئازادی و خۆشگوزەرانی و لەپێناوی دنیایەکی باشتردا لەگەڵماندایە. لەهەرگۆشەیەکی ئەم جیهانەدا سەرکوتی ئازادی دەکرێت، سەردەشت دەنگی ناڕەزایەتی ئەوانەو سنورەکانی بڕیوە. ئەو لەپێناوی بەرگری لەڕاستی، نەچەمیەوە، ئەو هێمایەکە لەهەمواندا دەژی.

بۆ باوك ودایك و براو خۆشك و هاوکاران و خۆشەویستان وهاوسۆزان وهاوپیشەکانی سەردەشت عوسمان، سوپاس و پێزانینی قوڵم ئاراستەی ئێوە دەکەم. پێتان دەڵێم: سەردەشت تەنها کوڕو ڕۆڵەی ئیوە نییە، ئەو بووەتە حەقیقەتێکی حاشا هەڵنەگری بەرگری لەئۆردوی بێبەشانی کۆمەڵگەی کوردستان. ڕۆڵ و ئازایەتی سەردەشت هێمای بەردەوامی خەبات و کۆڵنەدانە لەپێناوی ئازادی و بەرابەریدا. ئەم پەیامە سنور بڕو بەردەوامە. ئەگەر پەیامی سەردەشت، پەیام و بانگەوازی هەموو ئینسانێکی ئازادیخوازو تیکۆشەرە، ئەوا بۆ دەسەڵاتداران مۆتەکەو مایەی ئەو پەڕی نەنگییە.

تیرۆری سەردەشت عوسمانی ئازیز…. بەڵگەی ڕسوایی دەسەڵات و هاندەری تیکۆشەرانی ڕێگای ئازادیە، بۆکۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتەی کە لەدەنگی ئازادو ڕەسای ئازادیخوازی دەترسێت.

مەرگ و شەرمەزاری بۆ بکوژانی سەردەشت!

بەرز و بەرێز بێت یاد و ڕێگای سەردەشتەکان!

٥/٥/٢٠٢٥

Check Also

پەیامی هاوپشتی بۆ کۆنفرانسی یەکیتی خەباتی کریکارانی فەلەستین

هاورێیان! ئیمە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین کۆنفرانسی یەکێتیەکەتانەوە بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەکەین. …