١ی ئایاری ئەمساڵ، بزوتنەوەی چینایەتی دژی سەرمایەداری

بەشداری رێکخستنەکانی  حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

ئامادەکردنی نوری بەشیر

تایبەتمەندی ئایاری ئەمساڵ لەبەرامبەر هەلومەرجێکدا بوو کە دنیای ئەمڕۆی سەرمایەداری بەخۆیەوە دەبینێت، لە هاتنەپێشەوەی باڵی راست و فاشیستی بۆرژوازی بۆسەر دەسەڵات لە چەندین ووڵاتی ئەوروپی و لە ئەمریکا، یان هەوڵیان بۆ سایەکردن بەسەر هەلومەرجی جیهانی قەیرانگرتووی سەرمایەداری و شکاندنەوەی بەسەر چینی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگادا، بۆ لێسەندنەوەی دەستەکەوتەکانی چینی کرێکار و ژنان و خەڵکی زحمەتکێش و ئازادیخواز کە بەخەباتی بێوچانی خۆیان بەدەستهاتووە. لە دۆخیکدا بوو کە بۆرژوازی بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ بێکارکردن، سەپاندنی کرێی کەم، هەلومەرجی کارکردنی سەخت و نائەمن، کاری تاقەتپڕوکێنی ژنان و منداڵان، بێدەربەستی بەژینگەو بەهێزکردنی راسیزم و فەزای دژی بێگانەو سەپاندنی هەولومەرجی جەنگ و کۆمەڵکوژی و برسێتی و کاولکاری بۆ بردنەپێشەوەی سیاسەت و نەخشەی نوێیان بۆ دنیای چەند جەمسەری ئەمڕۆ و سازدانەوەی دنیا بەپێی بەژەوەندیەکانی جەمسەرە نوێیەکان، بەمەش دنیایان خستۆتە بەردەم دۆزەخێکی ترسناک بۆ مرۆڤایەتی.

هەربۆیە هاتنەمەیدانی ریزی ملیۆنی کرێکاران و بەرەی ئازادیخواز لەسەرسەرای دنیادا، لەپاڵ خواستە ئابوریەکانیان بەدژی هێرشەکانی حکومەتانی سەرمایەداری و بۆرژوازی دەسەڵاتدار بۆسەر چینی کرێکار، خواستی سیاسیان بەدژی جەنگ و ملیتاریزم و کوشتارو برسێتی سیستەمی سەرمایەداری و سەرانیان لە چەشنی ترەمپ و هاوشێوەکانی بە لافتەو پلاکارد و  وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی وێنەی مارکس، مارشەکانیان لە شەقام و ناوەندی شارەکانی جیهاندا کە لەزۆرێک لە وڵاتەکان، لەکۆتایی نیسانەوە تاکو چەند رۆژ دوای ١ی ئایاریش بەشێوەی جۆراوجۆر، ئایار وەک رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێكار بەرزڕاگیرا.  ئەم هاتنەمیدانەی کرێکاران و جەماوەری یەکسانیخواز لە بۆنە ئایاریەکان و خودی ١ی ئایاردا، دەنگبەرزکردنەوەی چینی کرێکار بوو وەکو هێزكی ئاڵوگۆڕبەخش بەرامبەر بەچینی سەرمایەدار و حکومەتەنیاندا.

هاوکات حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان و رێکخستنەکانی لە کوردستان و لە ئاستی دنیادا لەپاڵ ئەو ڕیزە ملیۆنیەی چینی کرێکارو سەندیکاو یەکێتیە کرێکاریەکان و چەپ و سۆشیالسیت و ئازادیخوازاندا بە خواست و داواکاری کرێكاری و سیاسیەوە بە فراوانی بەشدارییان کرد.

لە کوردستان رێکخستنەکانی حزب بەشداری فراوانیان لە بۆنەکانی ئایاردا کرد، کۆبوونەوەی ١ی ئایاری کرێکاران لە بازیان کە دەنگی کرێکار ڕیکیخستبوو، جالاکانە بەشداریان کرد، لە سلێمانیش بەشداری کۆبوونەوەو رێپێوانی ١ی ئایار کە لەلایەن کۆمیتەی ١ی ئایارەوە سازدرابوو بەشداریان کرد. هەروەها رێکخستەکانی حزب لە دەرەوە لە وڵاتەکانی: فنلەندا، نەرویج، ئەڵمانیا، بەریتانیا، سوید و کەنەدا بەشدارییان کرد و بەدروشم و لافتەو پلاکاردەکانی حزب دیمەنێکی چالاکیە ئایاریەکانیان ڕازاندەوە.

رێکخستنەکانی دەرەوەی حزب لە زۆرێک لە وڵاتەکان، سەرەڕای بەشداری لە چالاکیە گشتیەکانی یەکی ئایار کە لەلایەن رێکخراو یەکێتیە کرێکاریەکانەوە سازدرابوون، چەندین سیمینارو کۆبوونەوەیان بەبۆنەی ئایارەوە ئەنجام دا. هەروەها لە چەندین شوێن چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڕابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و یەکێتیە کرێکاریەکان سەبارەت بە یەکی ئایار و خواستەکانی کرێکاران ساز دا.

 

 

Check Also

چارەنوسی ئێران لە پەیوەند بە باڵادەستی ئەمریکاوە

عوسمانی حاجی مارف دوابەدوای هێرشی دڕندانەی حکومەتی ئیسرائیل، بۆ سەر دانیشتوانی ئێران، دۆخی دانوستانەکانی نێوان …