کارەبای ٢٤ کاژێری یان ڕووتاندنەوەی خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت!

پاش زیاتر لەسی ساڵ لەحکومڕانی حزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانی کورد، ڕۆژی ١٤ی ئایار، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر نرخی کارەبا پەسەند کرد. بەپێی بڕیارەکە بنەمای هەر کیلۆواتێک لەهەنگاوی یەکەمدا بۆ سەرفکردنی ٤٠٠ چوارسەد وات کارەبا لەمانگێکدا بە٧٢ دینار دانراوەو لەهەنگاوەکانی دواتریشدا ئەم نرخە بۆ سەد هەزارو زیاتروزیاتر بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بەبەراورد بەنرخی ئیستای کارەبای نیشتمانی و مانگانەی مولیدە ئەهلیەکان، سەپاندنی نرخێکی چەند قات و گرانییە بەسەر هاوڵاتیاندا. تەنانەت ئەگەر ئەو نرخانەی کەئەنجومەنی وەزیران لەسەر کارەبا دیاریکردوە بەروارد بکرێت بە لانیکەمی کرێ وموچەی مانگانەی کرێکاران و کارمەندان وخەڵکی کەمدەرامەت کەلە٤٠٠ هەزار دینار تێناپەڕیت، ئەوا مانگانە خەرجیەکی زیاتر لەسەد هەزار دینار بەقازانجی کۆمپانیاکان دەخاتە سەرشانی هاوڵاتیان، کەجگەلەسەپاندنی بارگرانیەکی زیاتر هیچی ترنیە..

بەدڵنیایەوە بڕیارێكی ئاوای ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتێک کەهیچ شەرعیەتێکی نەماوە، هەوڵێک نیە بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا لەهەرێمی کوردستاندا، کەسالانێکی زۆرە هاوڵاتیان پیوەی دەنالێنن، بەڵکو ئەمە گۆشەیەکی ترە لەسیاسەتی باجگیری و سەپاندنی گرانی وپڕکردنی گیرفانی کۆمپانیاکان وبەرپرسانی حکومەت و ئەحزابەکانی دەسەڵاتدار لەسەر حسابی ڕووتاندنەوەی خەلكی هەژاروکەمدەرامەت. ئاشکرایە کە کارنامەی حکومەت و کابینە یەکلەدوای یەکەکانی چینی دەسەڵاتدار وەک نوێنەری سەرمایەداران وخاوەن کۆمپانیاکان شتێکی زیاتر نەبووە لەوەی کەژیان و گوزەرانی خەڵک وخزمەتگوزاریەکان بەبازاڕەوە گرێبدەنەوەو هیچ بەرپرسیاریەتیەک هەڵنەگرن، بەتایبەتیش کەکابینەکەی مەسروربەرزانی کەبەدروشمی چاکسازیەوە کەوتەکار، لەیەکەمین هەنگاوەکاندیدا دەستیبرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنی مەرکەزی وفراوانکردنەوەی کاری پەیمانکاری و بەگرێ بەستکردنی کاتی کاری مامۆستا وکرێکاران وسپاردنی هەموو بوارە خزمەتگوزاریەکان، لەوانە بواری خوێندن وفێرکردن، تەندروستی، ڕیگاوبان، گەیاندن، خانوبەرە، پاککردنەوەی خۆڵ وخاشاک.. بەکەرتی تایبەت و زیادکردنی ڕسومات وسەپاندنی سەدان باج، بەڕادەیەک کە قوت و داهاتی خەڵک لەهەرکوێ بێت ئەوا ئەم کابینەیە چنگی لێگیرکردوەو دەستی ڕوووتاندنەوەی بۆ درێژکردوە.

ئەم سیاسەت وپەلامارەی حکومەت لەکاتێکدا بەڕێوەبراوە کەپێنەدان ولێبڕین و پاشەکەوتکردنی موچەو سەپاندنی هەژاری، گرانی، بێکاری و یاریکردن بەنرخی ڕۆژانەی دراو بەسەر هاوڵاتیاندا گۆشەیەکی دزێوی ئەم سیاسەتی چاکسازییەی حکومەت بووە. لەئێستاشدا، گرانکردنی نرخی کارەبا لەژێر ناوی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاژمێری ئەڵقەیەکی تری ئەو ڕاوو ڕووتەیە کە حکومەتی هەرێم بڕیاری لیداوە.

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەقیانە لەکارەبای ٢٤ کاتژمێری وخزمەتگوزارییەکان، بەهرەمەند بێت، دەسەڵاتداران و حکومەتەکەشی ئەرکیانە لەسەر ئەو داهات و سامانە زۆروزەبەندەی بەردەستیان، خزمەتگوزاریەکانی وەک خوێندن، تەندروستی، گەیاندن وڕێگاوبان، پاککردنەوەی شار.. بەخۆڕایی وەیا بەنرخێکی ڕەمزی، بەستانداردێکی پێشکەوتوو دابین بکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەتەوای توانایەوە لەبەرامبەر بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گرانکردنی نرخی کارەباو هەر خزمەتگوزاریەکی تر ڕادەوەستێت وبەبڕیارێکی دژەخەڵکی وپەلامارێک بۆسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دەزانێت. خەڵکی وکوردستان نەک هەر نابێت ڕێگابدەن ئەم دەستدرێژی وڕوتاندنەوەیەی دەسەڵاتداران بەسەریاندا بسەپێت، بەڵکو دەبێت بەدەربڕینی ناڕەزایەتی وخەباتی یەکگرتوانەیان وبەگرتنەبەری شێوازی گونجاوی خۆیان لەدژی ئەم بڕیارە بوەستنەوەو دەسەڵاتداران ناچار بەپاشەکشەکردن بکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٥ی ئایاری ٢٠٢٥

Check Also

چارەنوسی ئێران لە پەیوەند بە باڵادەستی ئەمریکاوە

عوسمانی حاجی مارف دوابەدوای هێرشی دڕندانەی حکومەتی ئیسرائیل، بۆ سەر دانیشتوانی ئێران، دۆخی دانوستانەکانی نێوان …