مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکان لە ئێران دژی گرانیی نرخ و کەمکردنەوەی ئەو بڕە سوتەمەنیەی بە نرخی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە پێیان دەدرا و گرانکردنی نرخی بیمەکردن و زیادبوونی نرخی کەرەستەی یەدەکی و تایە و هەروەها کەمکردنەوە و دواخستنی کرێی گواستنەوەی بارەکانیان ماوەی نزیك بە دوو هەفتەیە بەردەوامە و نزیکەی ١٣٠ شار و شارۆچکەی گرتۆتەوە و شۆفێرانی پیکاب و تاکسیەکان پەیوەست بوون بە مانگرتنەکەوە.
ڕژێمی ئیسلامی ئێران وەکو پیشەی هەمیشەیی سەرەتا هەوڵیدا لە ڕێگای سەرکوت و تۆقاندنەوە شۆفێران لە مانگرتنەکە پەشیمان بکاتەوە و چەندین شۆفێری بارهەڵگری دەستگیرکرد و هەروەها بۆ شکاندنی مانگرتنەکە، شۆفێران و بارهەڵگرەکانی سوپای پاسدارانیان بەکارهێناوە. بەڵام وەڵامی شۆفێرەکان فراوانکردنەوەی مانگرتنەکەیان بوو، بەجۆرێك کە بەرپرسانی ڕژێمی ئیسلامی ناچاربوون بڕیاری گرانکردنی سوتەمەنی کە بە “سیستەمی سێ بەشی نرخ ” ناسراوە ڕابگرن و ئەوە ڕابگەیەنن کە خواستەکانی دیکەی شۆفێران لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێ.
شایانی وتنە مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگرەکان لەلایەن سەندیکا کرێکاریەکان و خەڵکەوە پشتیوانی لێدەکرێ. ئەوەش ترسی تەنینەوەی ناڕەزایەتیەکانی بۆ سەرجەم توێژ و بەشەکانی دیکەی خەڵك، لای ڕژێمی ئیسلامی ئێران دروستکردووە.
ڕژێمی ئیسلامی ئێران کە ساڵانێکی زۆرە لەسەر سەپاندنی هەژاری و برسیکردن بەسەر چینی کرێکار و زۆربەی جەماوەری زەحمەتكێشی ئێران و سەرکوتی هەر ناڕەزایەتیەکی کرێکاری و جەماوەری و خەفەکردنی هەر دەنگێکی ئازادیخوازانەی لاوان و ژنانی ئێران، تەمەنی نەگریسی درێژەپێدەدات، بەردەوام ڕووبەڕووی بەرەنگاری و خرۆشانی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران بووەتەوە. بزوتنەوەی ژینا، ساتێکی ئەو مێژووە بوو لە بەرەنگاری خەڵکی ئێران دژی رژێمی سەرکوتگەر و کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران، کە ٣ ساڵ لەمەوبەر پایەکانی رژێمی ئیسلامی لە شەقامەکانەوە لەرزاند و دواتریش بە مانگرتنە کرێکاریەکان و مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایان و خانەنشینان و باقی توێژەکانی دیکەی خەڵکی بێبەشی ئێران ئەو بەرەنگاریە درێژەی پەیداکرد و ئێستا بە مانگرتنی سەراسەری شۆفێرانی بارهەڵگر گوژمێکی دیکە دەدات بەو بەرەنگاریە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگرەکان و داواکاریەکانیان ڕادەگەیەنێت و هاوکات هەرجۆرە فشارێکی ڕژێمی ئیسلامی بۆسەر شۆفێرانی بارهەڵگرەکان بۆ وازهێنان لە مانگرتنەکەیان و دەستگیرکردنی ڕابەران و هەڵسوڕاوەکانیان بەتوندی سەرکۆنە دەکات. داواش لە سەرجەم ڕێکخراوە کرێکاریەکان و لایەنگرانی بزوتنەوەی کرێکاری دەکات کە بەشێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی لە خواستی ڕەوا و لە مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگرەکانی ئێران بکەن. ڕژێمی ئیسلامی دەبێ دەست لە سەرکوت و چاوسورکردنەوە هەڵگرێت و دەستبەجێ وەڵام بە داواکاریەکانی شۆفێرانی بارهەڵگرەکان بداتەوە!
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٣ی حوزەیران/ جونی ٢٠٢٥