موحسین کەریم
یەکێکیان مناڵ دەکوژێ، ئەوی دیکەیان موجافەزە بە ژیانیەوە دەکات تا خۆراك و دەرمان و حەفازە بۆ مناڵان دابین بکات! یەکیکیان پەنابەران و کرێکارانی کۆچبەر وەکو تاوانبارانی زیندانەکانی گوانتانامۆ و ئەبوغرێب زیندانی دەکات و ئەوی دیکە بۆ بەرگری لەمافی مانەوەیان سەرجادە دەگرێ و بەرگری لێدەکات! یەکێکیان ئامادەیە چەندین ووڵات و کۆمەڵگا کاولبکات لەپێناوی زاڵکردن و سەپاندنی بەرژەوەندیەکانی خۆیدا، خەستەخانەو خوێندنگاو دامەرزاوە خزمەتگوزاریەکانی خەڵك وێران بکات، لە جەنگەکانیاندا سەدان هەزارو بگرە ملیۆنەها مرۆڤ بە کوشت بدات یان لەژێر داروپەردوی بیناڕوخانوەکاندا بیاننێژێت، بەڵام ئەوی دیکەیان بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ سنورێکی نەتەوەیی، خاك، رەگەز، زمان، ئاین و بیروبڕاو…تاد. دەڕژێتە سەرشەقامەکان و شەڕ بۆ ئاشتی و ئارامی بۆ ئینسان دەکات! یەکیکیان زیندان و ئەشکەنجەخانەی داناوە و بە ملیارەها دۆلاری بۆ خەرج دەکات بۆئەوەی ئینسانەکان داوای نان و ئازادی نەکەن، ئەوی دیکە ئامادەیە ژیانی خۆی بدات بۆئەوەی نان و ئازادی بۆخۆی و هاوچارەنوسەکانی دابین بکات!
دوو دنیای جیاواز و دوو کۆمەڵگای جیاواز لەناو یەك کۆمەڵگادا کە پێی دەوترێ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی! لەناو یەك چوارچێوەی میللیدا، لەناو “یەك نیشتمان هاوبەش”دا! لەناو بەرواڵەت یەك چوارچێوەی سیاسی هاوبەشدا! دووجۆر لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی لەسەر یەك خاك دەژین، بەڵام بە دوو ئاراستەی جیاوازو بە دوو بەرژەوەندی جیاواز و دژ بەیەك! یەکێکیان کۆمەڵگای کەمایەتیەکانە کە تەنها نزیکەی ١٪ (لە سەدا یەکی) دانیشتیوان پێکدەهێنن، بەڵام بەری رەنجی ٩٩٪ی کۆمەڵگایان بۆخۆیان قۆرخ کردوە و ئامادەن لەپێناوی پاراستنی سامانەکەیاندا وەکو ئاژە دڕندەکان جەستەی باقی دانیشتوان، ئەو ٩٩٪ یەکەی دیکە، هەنجن هەنجن بکەن. لەژێر ئازار و ئەشکەنجەو ستەم و رەنج و چەوسانەوەو هەژاری و برسێتی و کوانووی شەڕە ناو بەناوەکانی خۆیاندا، بیانتوێننەوەو بیانسوتێنن! بەڵام ئەوی دیکەیان سەر بەو جیهانەی دیکە و بەشێکە لەو جیهانەی دیکە، واتە جیهانی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی! جیهانی ٩٩٪ ی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی.
چینی کرێکارو جەماوەری یەکسانیخواز و ئازادیخواز و وەتەنگهاتوو لە دەسەڵاتی سەرمایەو خاوەن کۆمپانیاکان، کە زۆرینەی کۆمەڵگاکان پێکدەهێنن، خەریکن لەژێرباری فشارە سیاسی و ئایدیۆلۆژی بۆرژوازی و پڕوپاندەگە چەواشەکارو هەڵخڵەتێنەرەکانی میدیاکانی پشت ڕاست دەکەنەوە. دەورانی پووچگەرایی بۆرژوازی و پۆستمۆدێرنیزمی بۆرژوایی و ئینکارکردنی هەرجۆرە هەوڵیکی چینی کرێکارو مرۆڤایەتی یەکسانیخواز و ئازادیخواز بۆ تێپەڕاندنی ئەم جیهانە لنگەو قووچەی بۆرژوازی خەریکە بەرەوکۆتایی دەچێت. چینی کرێکار و مرۆڤایەتی یەکسانیخواز و ئازادیخوازو دژە سەرمایەداری خۆیان خەریکن بۆ گێڕانەوەی ئیرادە پێدەنێنە مەیدانەوە. وەکو چۆن لە دەورانی جەنگی ڤێتنامدا، ئەم هێزە ئینسانیە پاشەکشەی بە گەورەترین و دڕندەترین دەوڵەتی بۆرژوازی – ئیمپریالیستی کرد، ئێستاش وەستانەوە بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی فەلەستینەکان لە غەززە بووەتە ئەو ساتە مێژووییەی کە مرۆڤایەتی بۆ بەرگری لەخۆی و بەهاکانی بەرامبەر بە شەڕخوازی و میلیتاریزم و دڕندەیی بۆرژوازی و دەوڵەتەکانی ئامادەیە قۆناغێکی نوێ لە بەرەنگاری دەست پێبکات، سەنگەرەکانی خەباتی چینایەتی لەپێناو دنیایەکی باشتر و ئازادو ئارام و یەکسان بۆ دانیشتوانی سەر گۆی زەوی یەك لەدوای یەك دابمەزرێنێت.
ئەم جەنگە چینایەتیە لە رەتکردنەوەی کرێکارانی بەندرەکانی ئەوروپاو ئەمریکا بۆ بارکردنی کەلوپەلی جەنگی بۆ ئیسرائیل دەست پێدەگات تا دەگات بە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی زانکۆکانی ئەمریکا دژی جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین، تا خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی رۆژانی شەممە لە لەندەن و شارەکانی دیکەی بەریتانیا و تا گەمارۆدانی پەرلەمان دژی سیاسەتی دەوڵەتی بەریتانیا بۆ هاوکاری و پشتیوانی ئیسرائیل، تا خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەسی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیاو ستۆکهۆڵی پایتەختی سویدو پاریسی پایتەختی فەرەنسا دژی برسیکردن و جینۆسایدی خەڵکی غەززە، تا گەشتە مەترسیدارەکەی کەشتیی مادلین بۆ غەززە بۆ شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیل، تا بە رێپێوانی هەزاران کەسی لە نزیکەی ٥٠ ووڵاتی دنیاوە، لە قاهیرەوە بۆ دەروازەی رەفەح و هەڵدانی خێمە، لەرۆژانی داهاتوودا، وەکو هاوپشتیەك لەگەڵ خەڵکی برسیکراوی غەززە و بۆ شکاندنی گەمارۆی دڕندانەی دەوڵەتی ئیسرائیل، کەسەرباری رێگریکردن لە گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکانی وەکو خواردن و کەلوپەلی دەرمانی و پزیشکی، رۆژانە هاوڵاتی برسی فەلەستینی لەکاتی چوون بۆ ئەو چەند ناوەندی دابەشکردنەی خۆراكە کە لە غەززە کراوەتەوە، قەتڵوعام دەکات!
ئەم هێزە جیهانیەیە ڕاچەنیوەی مرۆڤایەتی ڕاستەقینە، کە هەروەکو چۆن دەوڵەتانی بۆرژوازی ئەوروپی ناچارکردوە لە پشتیوانی بێمەرجی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بەناوی بەرگری لەخۆوە، ئاوازەکانیان بەرەو فشارخستنەسەر ئیسرائیل بگۆڕن، بۆئەوەی دەستبەرداری برسیکردنی خەڵكی غەززە بێت و تەنانەت سەرۆکی فەرەنسا بڵێت کە بەڕەسمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستین نەك کارێکی سیاسی بەڵکو پرسێکی ئەخلاقیشە، بەهەمانشێوە دەتوانێ خەڵکی غەززە لەژێر چنگی دەوڵەتی ئیسرائیل رزگاربکات و کۆتایی بە جینۆسایدی فەلەستینیەکان بهێنێت، هاوکات دەرگای چارەسەری پرسی فەلەستین، سەرەڕای سەربادانەکانی ئیسرائیل و نەتەنیاهۆ و ئەمریکای دۆستی هەمیشەیی ئیسرائیل، بکاتەوە! ئەوەش سەرکەوتنێک دەبێت بەئاراستەی شەڕی سەروماڵی لەگەڵ ئەم سیستەمە گەنیوو داڕزیوەی بۆرژوازیدا بۆ دامەزراندنی دنیایەکی باشتر بۆ مرۆڤایەتی.