خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژی سیاسەتی سكهەڵگوشین و جەنگخوازی لەلەندەن!
رۆژی ٧ی حوزەیران، ناوەندی لەندەن بووە مەیدانی ناڕەزایەتی گەورە بەدژی سیاسەتی حکومەت و هێرشەکانی بۆسەر ئاستی ژیان و گوزەرانی چینی کرێكارو خەڵکی کەمدەرامەت و بەدژی سیاسەتی جەنگخوازی و تەرخانکردنی داهاتی ووڵات بۆ کۆمەك بە جەنگ و میلیتاریزم و هەروەها لایەنگری بێشەرمانەی حکومەتی پارتی کرێکاران بۆ حکومەتی ناتانیاهۆو کۆمەڵکوژیەک کە بەدژی خەڵکی غەززە بەڕێیخستوە!
خۆپیشاندانەکە بەبەشداری دەیان هەزار کەس، کە لەلایەن رێکخراوە کرێکاریەکان و ئەنجومەنی خەڵك و بەرەی دژی شەڕەوە بانگەوازی بۆ کرابوو، لە بەردەم بینای ( بی بی سی )یەوە دەستی پێکرد بەرەو ماڵی سەرۆك وەزیران بەڕێکەوت. رێکخستنەکانی حزب لە لەندەن بە دروشمی ( نا بۆ سك هەڵگوشین و هەژاری، نا بۆ جەنگخوازی، بەڵێ بۆ هاوپشتی و بەرەنگاری) بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کرد. هەروەها بەشێکی دیکە لە دروشمەکان بریتیبوون لە: خزمەتگوازریەکان مەبڕن، باج لەسەر دەوڵەمەندان دابنێن! نا بۆ جەنگ و کوشتارو کۆمەڵكوژی خەڵکی غەززە. نا بۆ بڕینی بیمەی خاوەن پێداویستی تایبەت. پارە بۆ خزمەتگوزاری نەك بۆ جەنگ…. و تاد.
شایانی گووتنە دەیان سەندیکاو یەکێتی کرێکاری و رێکخراوی سیاسی لایەنگری چینی کرێکار و سۆشیالیست و گروپ و کەمپینی پارێزەی ژینگەو مافی مرۆڤ و ..تاد. لەم خۆپیشاندانەدا بەشداربوون.
خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەسی لە ستۆکهۆڵ/ سوید دژی جینۆساید لە غەزە:
رۆژی ٧ی حوزەیران، خۆپیشاندانێکی جەماوەری گەورە، کە بە گەورەترین خۆپیشاندان لە مێژووی نوێی سوید دا مەزەندە دەکرێ کە دەیان هەزار کەس تێیدا بەشداریان کرد، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، دژ بە جینۆسایدی خەڵکی مەدەنی غەزە لەلایەن ئیسرائیل و هەروەها پشتیوانی دەوڵەتی کۆنەپەرست و ڕاستڕەوی سوید لە ئیسرائیل، بەڕیخرا. رێکخستنەکانی حزب لە سوید بەشداری چالاکانەیان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و چەند دروشم و پۆستەریان بە زمانەکانی سویدی و ئینگلیزی، بەرزکردبوەوە. خۆپیشاندەران خوازیاری دەستبەجێ ڕاگرتنی جینۆسایدی غەزە و هەڵگرتنی گەمارۆ بوون لەسەر خواردن و کۆمەکە مرۆییەکان کەلایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆیان خراوەتە سەر و رێگا نادرێ بگاتە خەڵکی غەززە.
شایەنی باسە لە پاڵ بەرزکردنەوەی دروشمی دژی شەڕ و کۆمەڵکوژی و بایکۆتی ئیسرائیلدا، دروشمی (کوشتنی ١٨ هەزار منداڵ بەرگریکردن لەخۆ نیە!) ، (فەلەستین! فەلەستین! مناڵی تۆ مناڵی منیشە)! لە دروشمە دیارەکانی ئەم خۆپیشاندانە بوون.
ئەم خۆپیشاندانە مەزنەی ستۆکھۆڵم نیشانەی دەرکەوتنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری پێشکەوتوخواز و ئازادیخوازە کە سەرەڕای ڕیسواکردنی دەوڵەتی منداڵکوژ و کۆمەڵکوژی ئیسرائیل و سیاسەتە فاشیستیەکانی بەرامبەر بە خەڵکی فەلەستین، ھەروەھا نیشانیدا کە دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی سوید و ووڵاتانی تری ئەوروپا، نوێنەرایەتی جەماوەری ئازادیخواز ناکەن و ئەوە تەنها جەماوەری کرێکارو یەکسانیخواز و مرۆڤدۆستە کە بەرگری لە بەها ئینسانیەکان دەکات بەبێ ڕەچاوکردنی نەتەوەو ووڵات و رەنگی پێست و ….تاد.