هاوکاری هاوچارەنووسەکانتان بکەن!
ماوەی هەفتەیەکە ڕژێمی فاشیستی ئیسرائیل هێرشێکی سەربازی گەورەی بە پشتیوانی ڕاشکاوانەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، بە پاساوی لەبەین بردنی توانایی ئێران لە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دەستپێکردووە. لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا، بەجیا لەو زیانانەی کە لە دامەزراوە سەربازیەکان کەوتووە، بە سەدان کەس لە هاوڵاتیانی سڤیل و بێتاوان بوونەتە قوربانی و بەهەزارانیش بریندار بوون. هاوکات چەندین تەلار و شوێنی گشتی و نیشتەجێبونی هاوڵاتیان چ لە ئیسرائیل و چ لە ئێران داڕماوە و بەشی زۆربەی هاوڵاتیانی شارەکانی هەردوولا کەوتوونەتە بەر مەترسییەوە و ناچار بە خۆحاشاردان و ئاوارەیی و جێهێشتنی شوێنی ژیان و کاریان کراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ درێژەکێشان و بەردەوامی ئەم هێرشانەدا ئەگەری زۆربوونی ئاوارەیی ملیۆنی نەک لەناوخۆی ئێراندا، بەڵکو بۆ دەرەوەی ئێران زیاتر و زیاتر دەکات. بەدڵنیاییەوە ئاکامەکانی ئەم جەنگە کە دەستەی فەرمانڕەوای فاشیستی ئیسرائیل دەستی داوەتێ، مەترسیەکی گەورە و فراوانی کردۆتە پەڵەیەکی ڕەش بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، کە قوربانیەکانی جگە لە خەڵکی مەدەنی و زەحمەتکێشی ناوچەکە و سەپاندنی کاولکاری و کوشتاری بەکۆمەڵ شتێکی تر نابێت.
چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی ئێران، کە زیاتر لە چوار دەیەیە لە خەباتی بەردەوامدان بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی هاری سەرمایەی ئیسلامی لە ئێران، کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” ئاکامی پێشڕەوی ئەم بزووتنەوەیە بووە، ئێستا کەوتوتە ناو بەرداشی هێرشی سەبازی و بۆردومانی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەلایەک و سەرکوتگەری ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران لەلایەکی ترەوە.
کریێاران و جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!
ئەم جەنگ و کاولکاریە جەنگێكی کۆنەپەرستانە و ئینسانکوژیە و نەک هەر جەنگی ئێمە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەدژی خەبات و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئێمەی خەڵکی کرێکار و ژنان و لاوان و هەموو ئەو ئینسانەیە کە ساڵانێکە بۆ خواستی ئازادی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی ئاسودە و بەدەر لە کوشتار و کاولکاری، یەخەی دەسەڵاتدارانمان لە ناوچەکەدا گرتووە. ئێمە خەڵکی کوردستان بەپێچەوانەی ئەحزابی دەسەڵاتدارای کوردستان و ڕەوتەکانی ناسیونالیزمی کوردەوە کە چاویان لەم جەنگە بڕیوە و گوایە”بەرژەوەندیەکانی کورد” لە کاولکاری و قەسابی کردنی خەڵکی ئێران و داڕمانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێراندایە، ئێمە هیچ بەرژەوەندیەکمان لەم جەنگەدا نییە. بگرە دوکەڵ و ئاکامە زیانبارەکانی ڕاستەوخۆ ڕووی لە ژیان و ئەمنیەت و خەباتێکە کە ڕۆژانە بۆ ئازادی و موچە و خزمەتگوزاریەکان یەخەی دەسەڵاتدارانمان بۆ گرتووە. سینارێۆیەکە کە ڕەوتە ناسیونالیستەکان لەسەرو هەر پرەنسیپێکی ئینسانیەوە بە ڕاوەستانیان چ بە ئاشکرا و چ بەنهێنی لەپاڵ ئەمریکاو ئیسرائیلدا، شتێکی تر نییە جگ لە دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆیەکی ڕەش کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە خەڵکی فەلەستین و عێراق و لیبیا و سوریا و لوبناندا بەسەر خەڵکی ئەم کۆمەڵگایانەدا سەپاندوویانە. لەیەک وتەدا ئەوان دەیانەوێت بە خۆگرێدانەوە بە بوردومان و ڕۆکێتە سوتێنەرەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، ڕژێمی ئێران بڕوخێ و خۆیان بە هەمان ئەو دەسەڵات و سیستەمە گەندەڵ و تاڵانچیە بگەن کە زیاتر لە سی ساڵە ژیانی خەڵکی کوردستان دەهاڕێ. بۆیە دەبێ ڕیزی خۆمان لە سیاسەت و کارکردەکانی ناسیونالیستی کورد و حیزبەکانی جیا بکەینەوە و بەتەواوی هێز و توانامانەوە لەدژی ئەم جەنگە ڕابوەستین و لەپاڵ بزووتنەوەی خەڵكی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێراندا ڕاوەستین و لەم میحنەتەدا بەتەنها جێیان نەهێلین. خەڵکی ئێران جگە لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنە بۆرژوازیەکان، لەوانە شاپەرستان و ڕەوتەکانی ناسیونالیزمی کورد، ئەوان ئەم جەنگەی ئیسرائیل بۆ سەر ژیان و ئەمنیەت و خەباتێک دەزانن کە چەندین ساڵە لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران مەیدانی شارەکانیان بۆ گرتووە.
جەماوەری زەحمەتکێسئی کوردستان، ئازادیخوازان، ئینسان دۆستان!
لە هەلومەرجێکدا کە ئێران و ناوچەکە بەهۆی ئەم جەنگە داسەپاوەی ئیسرائیل و هاوپایمانانیەوە ڕووبەڕووی وێرانکاری بۆتەوە، ئەوە چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی ئێرانە بە جیا لە گرانی و سەرکوتگەری ڕژێمی هاری سەرمایە لە ئێران، ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانەی ئیسرائیل و بە غەززەکردندایە. دانیشتوانی ئێران بۆ بەرگری لە ژیانی خۆیان و خێزان و پارێزاوبوونیان ناچارن شوینی کار و ژیانیان جێ بهێڵن و ئاوارە ببن، بەشێک لەم خەڵکە بەهۆی هاوسنوری و نزیکییان ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن. هاوڵاتیانی ئاوارەی ئێرانی پێویستە لە پێشوازی و ئامێزی ئاوەڵای ئیوە بەهرەمەند ببن… پێویستە هەموو هاوکاری و ڕێ و شوێنێکی پێویست و جێگای حەوانەوە و ئاسایشیان بۆ دابین بکرێت… ئەگەر دوو ژوورتان هەیە لەگەڵیان دابەشی بکەن، ئەگەر دوو نانتان هەیە یەکێکی ببەخشن بە ئەوان.
ئێوە لە بیرتانە لە ڕۆژانی سەخت و ئاوارەییدا، چۆن جەماوەری چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران پیشوازییان لە ئێمە بێبەشانی عێراق و کوردستان کرد و ئامێزی مهیرەبانی و ئارامییان بۆ کردینەوە و دەرگای پیشوازییان بۆ ئاوەڵا کردین! ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئێمە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ئەو هاوکارییەی نێوانمان، کە بەرهەم و ئاکامی هاوچارەنووسیمانە، بە پێشوازی لە خەڵکی ئاوارەی ئێران دریژە پێبدەین و لە ئامێزیان بگرین.
ئێمە وەکو حیزبی کۆمۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە کاتێکدا کە لەپاڵ خەلڵی موتەمەدینی جیهاندا بەتەواوی توانامانەوە لەدژی ئەم جەنگە ڕاوەستاوین و داوا دەکەین دەستبەجێ کۆتایی پێبێت، هاوکات بانگەوازی جەماوەری بەشمەینەتی کوردستان دەکەین بۆ هاوکاری و پێشوازی بێدرێغ لە خەڵکی ئاوارە و لێقەوماوی ئێران و بەشێوەی گونجاوی خۆتان لەپاڵیاندا ڕاوەستن.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢١/٦/ ٢٠٢٥