بەرەبەیانی ٢٢ی حوزەیران، ئەمریکا لە ڕێگای هێزێکی ئاسمانی و دەریایەوە، بە دەیان فڕۆکەی جەنگی لەوانە فڕۆکەی جۆری (B-2)، وە بە هاویشتنی سەدان مووشەکی تۆماهۆک، هێرشێکی فراوانی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمی ئێران. ئەم هێرشە سەربازیەی ئەمریکا لەکاتێکدا دەستی بۆبرا کە جیهان لە چاوەڕوانی دوو هەفتەدا بوو کە ترامپ ڕایگەیاندبوو، بۆئەوەی دەرگای گفتوگۆ بەکراوەیی بهێڵرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران! بەڵام ترەمپ و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا، لە سەرو هەر نۆرم و پرەنسیپێکی باوی نێودەوڵەتییەوە، جارێکی تر ملهوری و هێزنواندنی سەربازی هەڵبژارد و کۆمەڵگای ئێران و ناوچەکە و جیهانیشی بەرەو ئایندەیەکی تاریک و پڕ لە مەترسی ڕاپێچکردەوە.
پاساوەکانی ئەمریکا لەم سیاسەتە جەنگخوازی و میلیتاریستیەیدا، “بەرگریکردنە لە ئەمنیەتی ئیسرائیل” و “بەرگرتنە لە دەستڕاگەیشتی ئێران بە چەکی ئەتۆمی”، لەکاتێکدا ئەوە خودی ئیسرائیلە کە بە پشتیوانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەخوێن و کاولکاری و شەپۆلەکانی ئینسانکوژیدا، نوقمکردوە. کاولکاری و کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە و ئاوارەکردن و کۆچپێکردنی ملیۆنی و بەستنی ڕێگا لە گەیشتنی هاوکاریە مرۆییەکان بە ژنان و مناڵی فەلەستینی، تا پەلاماردانی خەڵکی لوبنان و دەستدرێژیە سەربازیەکان بۆسەر سوریا و عێراق و ئێران و یەمەن، بەڵگەیە بۆئەوەی کە ئەوە ئیسرائیل و حکومەتەکەی ناتانیاهۆیە، بۆتە هۆکار و سەرچاوەی نائەمنی و تێکدانی ژیان و گوزەران و ئەمنیەتی خەڵکی ناوچەکە.
ئەوەی کە ترامپ و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا لەم سیاسەتە ملهوڕی و جەنگخوازیەیاندا کوشتار و کاوڵکردنی ئێرانیان هەڵبژاردوە، ئامانجیکی تری نییە جگە لە هەستانەوەی پێگەی داکەوتووی ئەمریکا لەبەرامبەر هێزە ئیمپریالیستیەکانی تردا و بۆ ئارایشتدانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆی و پێدانی ڕۆڵی پۆلیسی ناوچەیی بە ئیسرائیل، ئەویش لەسەر حسابی ڕاکێشانی دۆخی ناوچەکە و جیهان بۆ ژێرسایەی شەڕیکی نەبراوە، کە تەنها ژیان و گوزەران و ئەمنیەتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کۆمەڵگای مەدەنی دەکاتە قوربانی.
ئەم هێرش و پەلامارەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەگەڵ ئەوەدا کە ڕاستەوخۆ لەدژی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لەئاستی ناوچەکە و خەباتی شۆڕشگێرانەی کرێکاران و ژنان و خەڵکی ئێرانە کە ساڵانێکە یەخەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی گرتووە، هاوکات پەیامێکی ملهوڕانە و مەترسیدارە بۆ جیهان، ئەویش بەوەی کە هەر هێز و دەوڵەت و لایەنێک لە دەرەوەی بازنەی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا ڕاوەستێت، لەگەڵ هێرش و پەلامارە سەربازیەکانیدا بەرەوڕوو دەبێتەوە. لە ڕاستیدا خەڵکی جیهان و ناوچەکە ئەزمونێکی تاڵ و پڕ لە کارەساتیان لەگەڵ ئەمجۆرە لەشکرکێشی و سیاسەتی جەنگخوازی ئەمریکادا هەیە. ئەزمونی جەنگ و کاولکاریەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان، کە بە پاساوی “دژایەتیکردنی تیرۆر” و “چەکی کۆمەڵکوژی”ەوە، دوو جەنگی گەورەی بەرپاکرد و دوو کۆمەڵگای لەبەر یەك هەڵوەشاندەوە و دەرگای بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونی کۆنەپەرستترین گروپ و هێزی ئینسانکوژی نەتەوە پەرست و ئیسلامی و تایفی خستەسەر پشت، هەرئێستا لە بیرەوەری خەڵکی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکە و دنیادا زیندووە! ئەوان دەزانن کە ئەو ئایندەیەی ئەمریکا دەیەوێ بۆ خەڵکی ئێرانی بنەخشێنێ، تەنها وێرانکردن و کاولکاری و شەڕی دینی و تایفی و نەتەوەیی و تێكچوونی شیرازەی کۆمەڵگایەکی ٩٠ میلۆنیە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا کە لەپاڵ خەڵکی ئازادیخواز و موتەمەدینی دنیا و جوڵانەوەی جیهانیی لەدژی جەنگ و پەلامارە سەربازیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەناوچەکەدا ڕاوەستاوە، هاوکات ئەم هێرشەی ئەمریکا بۆسەر ئێران بەتوندی سەرکۆنە دەکات و هەرجۆرە پشتیوانی و هاوکارییەکی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ناوچەکەش بۆ ئەم شەڕە بەشەریکە بەش لە تاوانەکانی جەنگ و ئینسانکوژیدا لەقەڵەم دەدات.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی خەڵکی کوردستان و سەرجەم ڕێکخراوە کرێکاری و مرۆڤدۆست و ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهان دەکات لە دژی ئەم بەربەریەتە ئاشکرا و هەوساربچڕاوەی ئەمریکا و دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل ڕابوەستن و خوازیاری دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرشەکانیان بن بۆ سەر ئێران.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٣ی حوزەیران/ جون ٢٠٢٥