بە دوای ئەوەدا کە مامۆستایان و موچەخۆرانی شاری سلێمانی بڕیار و هەوڵیان دا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٦/٦ دا، بەرامبەر بە نەدانی مووچەی مانگی ٥ و ٦، لیژنەی ئەمنی پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ لەبەیانێکدا داوا لە ناڕازیان ئەکات کە خۆپیشاندان نەکەن و “هەڵیبگرن بۆ کاتێكی سەقامگیرتر”! ئامانجی سەرەکی ئەم ڕاگەیاندنەی لیژنەی ئەمنی کە بە ناوی هەستیاری دۆخەکەوە ئەیانەوێ خەڵک بترسێنن، ئەوەیە پێش بە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران بگرن. ساڵەهای ساڵە ئەم دەسەڵاتە لەژێر ناوی قەیرانی ئابوری و هەبوونی بیانوی شەڕ لەگەڵ داعش و ململانێی سیاسی خۆیاندا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوەنددا، موچە و قوتی خەڵک ئەبڕن و باکیان بە برسێتی و گرانی و نەبوونیەک نەبووە کە بەسەر شانی مامۆستایان و فەرمانبەران و موچەخۆرانەوە بووە. هەرچی هەم و غەمی ئەم دەسەڵاتەیە ئەوە بووە کە چۆن پارەوپولی ئەم کۆمەڵگەیە بۆ خۆیان هەڵلوشن و کۆشک و تەلارەکانی خۆیانی پێبڕازێننەوە و کۆمپانیاکانیانی پێ گەورەتر بکەن. نەدانی مووچە و یاخود لێبڕین و نیوەمووچە و چارەکە مووچەشیان کردووە بە نسیبی موچەخۆران. ئێستاش کە بیانوی هەبوونی جەنگ و فەزای جەنگی هەیە، باشترین پاساوێکە کە کەوتۆتە دەستیان تاکو بەمجۆرە خەڵکی توڕە دابمرکێننەوە و ڕێ لە ناڕەزایەتیەکانیان بگرن.
ئەم ڕاگەیاندنەی لیژنەی ئەمنی سلێمانی تەواوکەری کار و بەرنامەی دەسەڵاتە کە ناهێڵێ خەڵک بە گشتی و مامۆستا و فەرمانبەران دەنگ بەرامبەر بە بێمووچەیی و بێمافیەکان هەڵببڕن. جەنگ و میلیتاریزم نە بڕیاری خەڵکی کوردستانی لەسەرە و نە هەڵبژاردەی ئەوانە ئیتر بۆچی بەو بیانوە دەست لە هەڵبڕینی دەنگی ناڕازایەتییان هەڵبگرن؟! بەتایبەتی کە لە ئێستادا ئاگربەست لەنێوان لایەنەکانی جەنگدا ڕاگەیەندراوە. ئەگەر لیژنەی ئەمنی وەک خۆی دیعایە ئەکات کە دەنگی ناڕازی ئەگەیەنن بە دەسەڵاتداران لە کوردستان و ناوەند و ئەگەر ڕاست ئەکەن کە بە شوێن سەقامگیری ناوشار و خۆپیشاندەرانەوەن، با بفەرمون ڕێ لە هەر شێواندن و ناسەقامگیریەک بگرن کە بیانەوێ ئامانجی ناڕازییان و خۆپیشاندەران بشێوێنن.
ئێمە لە کۆمیتەی سلێمانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە ئەم هەڵوێست و ڕاگەیاندنەی لیژنەی ئەمنی ڕەت ئەکەینەوە و لەپاڵ مامۆستایان و موچەخۆرانی ناڕازیدا ڕائەوەستین و پشتیوانی بێدرێغ لە داواکانیان بۆ بەدیهاتنی مووچە لە کاتی خۆیدا و باشبژێوییان ئەکەین. مامۆستایانی ناڕازی مافی بێمەلاولای خۆیانە هەرجۆرە ناڕەزایەتیەکی گونجاوی خۆیان ئەنجام بدەن بە خۆپیشاندانیشەوە و لیژنەی ئەمنی و دەسەڵاتدارانی شاریش نەک نابێ ڕێگەبگرن لێیان، بگرە پێویستی ئەمنیەت و ئاسایشی خۆپیشاندەران و شار لە ئەستۆ بگرن. ئەگەر نا، ئەم هەڵوێستەیان لە خانەی سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازیاندا ئەنووسرێ.
کۆمیتەی سلێمانی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٤ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥