جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژ بەئێران و ئاکامە زیانبارەکانی!

نوری بەشیر

بەدوای توندبوونەوەی کێشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە پێی نایە قۆناغێکی توندی پڕوپاگەندەی شەڕو هێرش و بۆمبارانی بنکە سەربازی و ئابوریەکانی یەکتر و هەروەها پێشبڕکێ لە کوشتاری خەڵکی مەدەنی لە ئێران و ئیسرائیل، کە وایکرد مەسەلەی بەردەوامی کوشتاری خەڵكی فەلەستین و بەتایبەت غەززە لەگەڵ بەردەوامیدا بشارێتەوە، وە ناڕەزایتەکان بەرێتە دواوە، بەڵام بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جیهانی بەدژی جەنگ و کوشتارو ملهوڕی ئیسرائیل کە بە پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانێکی ئەوروپا، مەترسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی لەخوێنهەڵکێشراو وێنەیەکی ئینسانکوژیی فراوان دەخاتە بەردەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە، نەک تەنها بەدژی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، بەڵکو بەدژی خودی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا سەری بەرزکردەوە.

ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپی بەبیانوی ئەوەی کە گوایە هاوکاریکردنی ئیسرائیل بە چەك و پشتیوانی سەربازی بۆ “بەرگریکردنە لە ئەمنیەتی ئیسرائیل” و ” پێشگرتنە لە دەستڕاگەیشتی ئێران بە چەکی ئەتۆمی”، بیانویەکی پووچە، چونکە ئەوەی ئەمنیەتی ناوچەکەو خەڵکی ناوچەکەی روبەرووی مەترسی کردۆتەوە، هاوڵاتی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکات، شارەکان وێران دەکات، کۆمەڵگاکان لەبەر یەك هەڵدەوەشێننەوە، ئەوە خودی ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپی و ئیسرائیلە  کە سڵ ناکەنەوە لەهیچ تاوانێک. لەکاتێکدا ئیسرائیل بەبەرچاوی جیهانەوە مناڵی برسی فەلەستینی لەسەرەی خواردن وەرگرتندا دەکوژێت، ئەوان بە مافی ئیسرائیل بۆ پارێزگاریکردن لەخۆی ناوزدەی دەکەن، ئیسرائیل هێرشە دەکات سەر ئێران و ناویان لێناوە مافی ئیسرائیل بۆ پاراستن لەخۆی، هەر بزوتنەوە و ناڕەزایەتیەك دژی دەوکەتی فاشیستی ئیسرائیل و تاوانەکانی لە غەزە بە دژایەتی جوڵەکە تاوانبار دەکەن و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە غەززە دەستگیر دەکەن!

بەڵام سەرەنجام هێزی نارەزایەتی مرۆڤایەتی ئاشتیخواز و ئازادیخواز و مرۆڤدۆست لە دەنگی دەنگی فڕۆکەو بۆمبەکانی ئەوان بەهێزترە. سەرەنجام ئەو هێزە جیهانیە ئینسانیەیە کە توانی سنورێك بۆ ملهوڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دابنێ، تا دەستیان بلەرزێ لەوەی ناوچەکەو جیهان بەرەو وێرانکاری ڕابکێشن. ئەو دەنگەی ناڕەزایەتیە بوو کە دەوڵەتانی ئەوروپای پشتیوانی ئەمریکاو ئیسرائیلی ناچارکرد بکەونە بۆڵەبۆڵ بەرامبەر بە تاوانەکانی ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل و بە هۆکاری تێکدانی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکەو جیهانی بزانن. باسی مەترسی تەنینەوەی نائارامی و  ئاژاوە بکەن بەهۆی درێژەکێشانی جەنگەکەو هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە بۆسەر ئێران و وێرانکاری لە غەززە. سەرەنجام ترامپ، دوای نیشاندانی هێزی بازووی شەقاوەچێتی  ئیمپریالیزمی ئەمریکی، بانگەشەی ڕاگرتنی جەنگ و بۆمبارانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات!

هەڵبەتە، لەنێوان جەنگ و وەستانی شەڕدا، بە هەموو پێوانەیەکی مرۆڤایەتی وەستانی شەڕ مایەی خۆشحاڵیە، ئەگەرچی ئەم هەنگاوەی ترەمپ و ئەمریکا لەلایەک جێگای گومانە، لەلایەکی ترەوە لەبەرژەوەندی ئەمریکاو ئیسرائیل و بۆ مانەوەی رژێمی ئێرانە، بەڵام بەرژەوەندی خەڵک لەوەدایە کەبەڵای کوشتار بەسەر خەڵكی ئەم دوو وڵاتەو بەڵای جەنگ بەسەر سەری خەڵکی ناوچەکەوە بڕواتە دواوە. خەڵكی ئێران و ئیسرائیل و ناوچەکەش بەرژەوەندیان لە جەنگی ئەم دوو حکومەتە کۆنەپەرستە سەرمایەداریەدا نیە، ئەگەرچی ئاشتیشیان لەوەوە نیە کە لەبەرژەوەندی خەڵكەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵكو لەبەرژەوەندیەکانی خۆیانەوەیە. کۆمەڵگای جیهانی و ریزی خەڵكی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و یەکێتیە کرێکاری و لایەنە چەپ و سۆشیالسیتەکان ئەمە باش دەزانن، هەربۆیە ناڕەزایەتی جیهانی نزیک بەدوو ساڵ بەدژی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە و هاوپەیمانە ئەمریکی و ئەوروپاییەکانی بەردەوامبوو لەشێوەیەکی تردا، ئەگەرچی بەشێوەیەکی کاتی فەزای جەنگ چ لە ئیسرائیل و چ لە ئێران نارەزایەتی خەڵکی لەو دوو رژێمە بردە داوە،  خەڵکی هەردوو ووڵات بەهۆی ترسی بۆمباران و مووشەکەکانی ئێران و ئیسرائیل ناچاربوون ماڵو حاڵی خۆیان چۆڵ بکەن یاخود ژیان لەژێر زەمینەکاندا بەسەر بەرن، بەڵام سەرەنجام دوورکەوتنەوەی بەڵای شەڕ دەتوانێ ئومێدیك لای خەڵکی ئەو دوو وڵاتە و ناوچەکەش دروست بکاتەوە بۆئەوەی بتوانن نارەزایەتیەکانی خۆیان، رەنگە لە هەلومەرجێکی سەخت تردا دوبارە دەست پێبکەنەوەو فراوانی بکەنەوە.

ئێمە کۆمۆنیستەکان دەزانیین، خەڵكی هەروەک چۆن بەرژەوەندی لە جەنگی ئەو وڵاتە سەرمایەداری و کۆنەپەرستانەدا نیە بێجگە لە کوشتارو ئاوارەیی و کاولکاری، بەهەمانشێوە ئاشتی نێوانیشیان لەبەرخاتری خەڵک نیە بەڵکو رێکەوتنیانە لەسەر دابەشکردنی ئەو تالانی و دزیەی کە لە رەنجی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشدا دەستی بەسەردا دەگرن!، بەڵام نەبوونی فەزای جەنگ بۆ خەڵک لەبارترە بۆ رێکخراوبوون و ناڕەزایەتی، وە خەڵكی مرۆڤدۆستیش ئەمە دەزانن، هەربۆیە فەزای وەستانی جەنگەکە دەتوانێت ریزی ناڕەزایەتیەکان گەورەتر بکات، خەڵک لە جێگاو رێگاو شوێنی کاری خۆیدا بێت.

٢٤ی جونی ٢٠٢٥

 

Check Also

هاورێ حەسەن مارف بۆ هەمیشە جیهێشتین !

بەداخو پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆبەروای١٢ی تەمووز/جولای ٢٠٢٥ هاورێی ئازیزمان حەسەن مارف، هەڵسوراوی کۆمۆنیست و روخسارێکی خۆشەویستی …