دەشتی جەمال
ئەم ووتارەی دەشتی جەمال لە پلاتفۆرمی ئۆن لاینی دیبەیتی چەپ لە Labour Hub بەزمانی ئینگلیزی بڵاوبۆتەوە و ئۆکتۆبەر دەقی کوردیەکەی لێرەدا بڵاودەکاتەوە.
لەدوای هێرشە ئامانجدارەکانی ئیسرائیل بەپاساوی ڕووبەڕووبوونەوەی “مەترسی ئێرانێکی ئەتۆمی” بۆسەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەرپرسانی باڵای و ئەندازیاری ئەتۆمی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژی هەینی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی و هێرشەکانی هەردوولا و بۆمب و مووشەکباران بۆسەر شارەکانی ئێران و ئیسرائیل، بە کردەوە جەنگێکیان پەرەپێداوە، سەدان هاوڵاتی بێتاوانی کوشتوە و بریندارکردوە لەهەردوولا، کە ئیتر کۆنترۆڵکردنی و ئایندە و پانتایی و لێکەوتە مرۆییەکان و ڕادەی وێرانکارییەکەی بۆ هیچ کەسێك ئاشکرا نیە و ترس و نیگەرانییەکی قووڵی لای خەڵکی ئێران و ئیسرائیل و ناوچەکە و جیهان پەرەپێداوە. ترس لە درێژەدان و فراوانبوونی ئەم شەڕە و دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی سێبەری بەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاگرتوە.
بە پێچەوانەی پڕوپاگەندە جەنگخوازییەکانی دەستەی فەرمانڕەوای ئیسرائیلەوە، ئەم شەڕە لەجەوهەردا لەدژی ژیان و گوزەران و ئەمنیەت و ئارامی خەڵکی ئێران و ناوچەکەیە و شیرازەی کۆمەڵگای مەدەنی کردۆتە ئامانج و ناوچەکە بەرەو سەپاندنی سیناریۆیەکی ڕەش کەپێشتر لەعێراق و لیبیا و سوریا و لوبنان و ئێستاش لە غەززە، ئاسەوارە دژەئینسانیەکانی و ئەو کوشتار و کاولکارییەی تاقی کردۆتەوە، کە وێنە تراژیدیەکانی لەبەرچاو خەڵكی ئینساندۆستی جیهاندایە. لەسەرێکی تریشەوە ئەم جەنگە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئاوەڵاکردووە تا شەپۆلێکی هەڕەشە و تۆقاندنی لەدژی خەڵكی ناڕازیی ئێران، لەوانە کرێکاران و ژنان و لاوان و ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەبەرێت. میلیتاریزمەکردنی شارەکان، تا سەپاندنی گرانی و کەمکردنەوەی خۆراك و دەرمان و سنوردارکردنی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە سەرانسەری وڵاتدا، تا دەستگیرکردن و زیندانیکردنی سەدان هەڵسووڕاوی جەماوەری و هاوڵاتیانی مەدەنی بەتۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل”دا، هاوکات پەرەگرتنی قەیرانی برسێتی و بێبەنزینی و ئاوارەیی و بێبەشکردنی خەڵك لە هەموو پێداویستییەکانی ژیان هەرئێستا بەشێکە لە دەرکەوتەی ئەم جەنگەی کە بەرپاکراوە.
حکومەتی ئیسرائیل دەمێکە وەك ڕێگایەك بۆ ڕزگاربوون لەو بنبەستە سیاسییە و لەو قەیرانە ناوخۆیی و چەقبەستووییە سیاسی و گۆشەگیریەی لەئاستی ناوخۆ و جیهاندا بەهۆی ئەو کوشتار و کاولکارییەی کە لەغەززەدا دەستی داوەتێ، هێرشکردن بۆسەرئێران و بەرپاکردنی جەنگێکی کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانی خستۆتە بەرنامەی خۆیەوە. بەتایبەتی درێژە کێشانی جەنگ لەغەززە و کۆمەڵکوژی خەڵکی بێتاوانی فەلەستین بەناوی “پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل”ەوە، حکومەتەکانی ڕۆژئاوای هاوپەیمان لەگەڵ ئیسرائیلدا ناچارکردووە خۆیانی لێ دوور بخەنەوە، لەسەرێکی ترەوە مەودای تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل و تواناکانی بزووتنەوەی جیهانی بۆ پشتیوانی لە خەڵكی فەلەستین، هەروەها ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە دژی ئەم شەڕە و کۆمەڵکوژیی خەڵکی فەلەستین لە خودی ئیسرائیلدا ورووژاندووە.
ترەمپ و نەتانیاهۆ پێیانوایە بەم هێرشە دڕندانەیەی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی ئیفلیج دەکات و ناچاری دەکات بەوەی لە پێگەی لاوازییەوە لە دانوستانەکاندا تەسلیم بەهەر مەرجێك و هەڕەشە و ملهوڕییەکانیان بێت. بەڵام ئەمە جگە لە بەرنامەڕێژییەکی هەڵە و سەرەڕۆییەك کە هەردوو دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیان بۆ بردوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەردەم مەترسی گەورەوە. ئەوەتا سەرکردە ڕاستڕەوە فاشیستەکانی ئیسرائیل زۆر خوێنساردانە ڕایدەگەیەنن کە “تاران دەسوتێنین”! “خەڵکی تاران باجێکی قورس دەدەن بۆ هەڵدانی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی” و “ئێمە تاران دەکەینە بەیروت”، وە لەبەرامبەردا کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لەخەڵکی تەلئەبیب دەکات چۆڵی بکەن.
بێگومان لە هەلومەرجێکدا کە مرۆڤایەتی شارستانی و ئازادیخواز لە هەموو جیهاندا دەزانێت کە ئیسرائیل شەڕێکی قورسی بەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکە سەپاندوە، کە کۆتاییەکەی ڕوون نیە، بەرگریی بێمەرج و بێشەرم لە ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکا و بەشێك لە حکومەتەکانی ڕۆژئاواوە لەژێر ناوی “مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی”، بەرپرسیارێتی قورس دەخاتە سەرشانی هەموو ئەو حکومەتانەی هاوبەشی دەکەن لەم تاوانەی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی ئێران و قووڵترکردنی ئەم جەنگە و تاوانە هاوبەشەکانیان دژی خەڵکی فەلەستین، سوریا، لوبنان و ئەمڕۆش ئێران.
هەربۆیە ئەم جەنگە دەبێت ڕابگیرێت ،کاریگەریی ئەم جەنگە تەنها قوربانییەکانی خەڵکی ئیسرائیل و ئێران نین، بەڵکو پێگەی چینی کرێکار و بزووتنەوە ناڕەزایەتی و ئازادیخوازەکانی خەڵکی ئێران و ئیسرائیل لاواز دەکات و دەباتە دواوە، خرۆشان و ناڕەزایەتییەکانی سێ ساڵی ڕابردووی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییەکانی مانگی ڕابردووی سایەق لۆرییەکانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی سەرکوتگەری ئێران، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئازادیخوازی ئیسرائیل دژ بە سیاسەتی جەنگخوزانە و فاشستی ئیسرائیل، که بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئەمنییەت لەمەیداندایە، لاواز دەکات و کاریگەریی گەورە لەسەر خەباتی ئازادیخوازانە و هەقخوازانە و ئینسانییان دادەنێت.
خەڵکی ئازادیخواز و بەشەردۆستی بەریتانیا نابێت ڕێگە بدەن حکومەتەکەی کییەر ستارمەر بەشداری ئەم جەنگە بکات. نابێت ڕێگەی پێبدرێت هاوکاری لۆجستی و سەربازی بخاتە ئیختیاری حکومەتی فاشتی ئیسرائیلەوە، ئەو کوشت و کوشتار و جینۆسایدەی فەلەستین و هێرشکردنە سەر شوێنی نیشتەجێبون و ژیانی خەڵکی مەدەنی لە ئێران، بکاتە پاساوای ئەم جەنگە.
پیویستە یەکێتییە کرێکاریەکانی بەریتانیا و رێکخراوی مرۆڤدۆست و سوشیالستەکان، هەلسوراوانی کرێکاری و ئازادیخوازان و ئەندامانی لیبەر پارتی کە هاوراییان نیە بە سیاسەتە ڕاستڕەوییەکانی ستارمەر، دەبێ لەپاڵ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران و ئیسرائیل و خەلکی ناوچەکە راوەستن و وەك بەشێك لەم بەرەی شارستانی و ئینساندۆستی جیهانی بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ راگرتنی دەستبەجێی ئەم جەنگە ڕاوەستن. هاوکات دەبێ تەواوی فشارەکان بۆسەر بەرپرسانی باڵای لیبەر پارتی و حکومەتەکەی توند بکەنەوە و ڕێگا نەدەن حکومەتی لەیبەر پارتی ببێتە بەشێك لەم جەنگ و کاولکاریە و هەڵەکانی تۆنی بلێر دووبارە نەکاتەوە، کەبەرامبەر بە خەڵك و کۆمەڵگەی عێراق دەستی بۆبرد.
خەڵکی ئازادیخوازی ئیران و ناوچەکە چاوی لە هەوڵەکانی ئێوەیە. کرێکاران وخەڵکی ئازادیخوازی بەریتانیا هیچ بەرژەوەندیەکی لەم جەنگەدا نیە، بە پێچەوانەوە ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ لەدژی خەلكی بەریتانیا و ئیران وفەلەستین وناوچەکەیە. هەربۆیە پێویستە هەمومان پێکەوە لەڕوانگەی داکۆکیکردن لەژیان و ئەمنیەت و پاراستنی کۆمەلگای مەدەنی لە ئیران وڕۆژهەلاتی ناوەراستدا، پێکەوە داوابکەین:
- ڕاگرتنی دەستبەجێی بۆردومانەکان و کۆتایی پێهێنانی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەدژی خەڵكی ئێران.
- ڕاگرتنی شەڕ و کاولکاریەکانی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، لەغەزەو گرتنەبەری ڕیگایەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشه ی فەلەستین.
- کشانەوەی هیزە سەربازەیەکانی ئەمریکا لەناوچەکە وپاکردنەوەی ڕۆژهەلاتی ناوەراست لەمیلیتاریزمی دەولەتانی ناوچەکەو ڕۆژئاوا.
- ڕاگرتنی هاوکاری سەربازی و لۆجستی بەریتانیا وە ولاتانی تر بۆ ئیسرائیل و راگرتنی لایەنگیریان لەهێرش وپەلامارەکانی ئیسرائیل.
بێگومان ئەوە تەنها بزوتنەوەی جیهانی دژی جەنگ و کاولکاریە، کە دەتوانێ هەم ئەم جەنگەی ئیستا کە لەدژی خەڵکی ئیران بەڕێکەوتووە، کۆتایی پێ بهێنی و هەم جیهان لە چەکی ناوەکی پاك بکاتەوەو جیهانێکی ئینسانی خاڵی لەمیلیتاریزم وئینسانکوژی و کاولکاری دامەزرێنێ.
٢١/٦/٢٠٢٦