سەرکوت وەک وەڵامێکی حازر بە دەست بە داخوازی موچەخۆران

جەمال موحسین

٢٥ ی جونی ٢٠٢٥

ئەوە بوو بە دوو مانگ و موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران نەدراوە. لە قەیران و ململانێی نێوان دەسەڵاتی کوردایەتی و ناوەنددا, بەکارهێنانی کارتی قێزەونی بڕینی موچە و قوتی خەڵک یەکێکە لە پیسترین سیاسەت کە بەدەستیانەوە گرتووە. ئەگەرچی بڕینی مووچە لە چەند ساڵی پێشوودا هەر جارە و بیانو و پاساوێکیان بۆ داتاشیوە، بەڵام ئەم ململانێیە بووە بە “هەدیەی ئیلاهی” و “خوای بۆی داون”، چونکە باشترین پاساوێکە تا بتوانن درێژە بە سیاسەتی برسیکردن و بڕینی مووچە بدەن.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە و خۆیان بۆ ئەوە ئامادە کرد کە سبەینێ ٢٦/٦ خۆپیشاندان بکەن بۆ داواکردنی پێدانی مووچە دوا کەوتوەکانیان، هەر زوو پارێزگاری سلێمانی کەوتە خۆی و بە ناوی “ناسکی دۆخەکەوە” بەگونجاوی نازانێ خۆپیشاندان بکرێ! لەوەش زیاتر لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لە بەیانێکدا بەناوی نەبوونی سەقامگیری و نالەباری دۆخەکەوە داوا لە مامۆستایان و مووچەخۆران ئەکات کە خۆپیشاندان نەکەن!

ئەم دوو پەیامە خۆیلەخۆیدا تەنها کاردانەوەیەکی دەسەڵات دەرئەخات تا لەژێر ناوی نالەباری و ناسەقامگیریدا دەست بۆ سەرکوتی هەر دەنگ و ناڕەزایەتیەک ببەن کە لەبەرامبەر ئەم بێمافیەدا بەرز ئەبێتەوە. هەروەک بینیمان کە شەوی ڕابردوو دوو هەڵسوڕاوی مامۆستایان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران. هاوکاتیش هەر ئەمڕۆ و لەکاتی نووسینی ئەم وتارەدا، دوای کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەری کە سەبارەت بەم مەسەلەیە بەڕێوەبرا، چەندین کەسی تریشیان دەستگیرکردووە.

لای هەر کەسێکی ناڕازی، لای هەر کەسێکی هوشیار و چاوکراوە ئەوە ڕۆشن بوو کە دەرکردنی ئەو بەیانەی لیژنەی ئەمنی پەیامێک بوو بۆ دەستکردن بە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان. دەسەڵات و ئیدارەی سلێمانی وەک بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم هۆکارێکی نانبڕین و مووچەخواردن و برسیکردنی جەماوەری بێبەشی کوردستان بووە. لەهەمان کاتیشدا وەک بەشێکی تەواوکار بووە بۆ سەرکوتگەریی لە دژی هەر دەنگێکی ناڕازی کە لە کوردستاندا بەرزبۆتەوە. ئەم دەسەڵاتە خەڵک برسی ئەکات، بەبەرچاوی خەڵکەوە داهات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگە ئەدزێ و لای خۆی کەڵەکەی ئەکات. لەلایەکیشەوە بەشێک لەو پارە و سەروەتە بۆ دابەستەکردنی میلیشیاکانی و هێزە سەرکوتگەرەکانی بەکارهێناوە و دێنێ.

سەیر نییە هێزێک کە بەتەواوی توانایەوە و بەهاوکاری پارتی ناڕەزایەتی و هەستانی جەماوەریی لە ١٧ ی شوباتدا سەرکوت کرد و خوێنی خەڵکی ڕشت، چەندین هەڵسوڕاوی دەستگیر و زیندانی کرد، ئێستاش پێش هەر جموجۆڵێکی ناڕازیانەی خەڵک دەست بۆ ڕفاندن و دەستگیرکردن و سەرکوت ببات. ئەوانە مامۆستایانیان دایە بەر شەق، سوکایەتییان بە خانەنشینان کرد، لەسەر شەقامەکان میلیشیاکانیان بەردایە گیانی گەنجان و مامۆستایان و خەڵکی ناڕازی. ئەم دەسەڵاتە ئەگەر قاچێکی لەسەر دزی و تاڵانی و برسیکردن و گرتنەبەری سیاسەتی سکهەڵگوشین و تەواوی بێمافیەکانی خەڵک وەستابێ، قاچەکەی تری لەسەر هێزنواندن و چاوسوورکردنەوە و هەڕەشە و سەرکوت و زیندانیکردن و تا ئاستی تیرۆرکردن ڕاوەستاوە. سەرکوت پایەیەکی سەرەکی نەک هەر دەسەڵاتی پارتی بووە، بگرە هی یەکێتیش بووە. یەکێتی چاوی لەوە بڕیوە زۆنی ژێردەسەڵاتی خۆی وەک زۆنی پارتی لێبکات کە دارودیوار بکات بە سیخوڕ بەسەر خەڵکی ناڕازیەوە و نەهێڵی دەنگێکی ناڕازی لە دیواری ماڵەکەی خۆی بێتەدەرەوە، تەنانەت ئەگەر پێیان بکرێت لەناو مالەکانیشدا خەفەی دەکەن!

بەڵام باشتر وایە دەسەڵاتی سەرکوتگەر ئەو ڕاستیە باش بزانێ کە جەماوەری ناڕازی، مامۆستایان و موچەخۆران لەوە زیاتر ئەم سەرکوتگەرییە قبوڵ ناکەن و بەهێزی ڕێکخراوبوون و یەکگرتوویی خۆیان ڕووبەڕووی ئەبنەوە. پێویستە دەست لە سەرکوت هەڵبگرن و دەستبەجێ هەڵسوڕاوان و مامۆستایانی ناڕازی و هەر کەسێک کە لەدژی ستەمی ئەمانە دەنگ هەڵئەبڕێ، ئازاد بکەن. دەستبەجێ وەڵامی خواستی مامۆستایان و مووچەخۆرانی کوردستان بدەنەوە و بەبێ دواکەوتن مووچەکانیان پێبدەن. هەرجۆرە سەربادانێك لەم خواستە ڕەوایەی مووچەخۆران، ئەوەندەی دیکە لای خەڵك بێزراو دەبن و تەمەنی خۆیان کورت تر دەکەنەوە!

Check Also

هاورێ حەسەن مارف بۆ هەمیشە جیهێشتین !

بەداخو پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆبەروای١٢ی تەمووز/جولای ٢٠٢٥ هاورێی ئازیزمان حەسەن مارف، هەڵسوراوی کۆمۆنیست و روخسارێکی خۆشەویستی …