بنار مستەفا
ترامپ داوا لە دانیشتوانانی تاران دەکات شارەکە چۆڵ بکەن، تا بێخەم بۆمبارانی خۆیان بکەن و ئامانجەکانیان بپێکن، بێئەوەی “زیان بە خەڵكی بگات”. پایتەختی ئێران، دە ملیۆن دانیشتوانی هەیە و بە چواردەورەکەیەوە دەگاتە نزیکی ١٧ ملیۆن کەس! ملیۆنان مرۆڤ ڕوو بکەنە کوێ، تا ترامپ و سەرانی ئیسڕائیل لەبەرچاوی ڕای گشتی جیهاندا وەک بکوژانی خەڵکی مەدەنی دەرنەکەون؟
هەرچەندە پاش کارەساتی غەززە تازە زۆر درەنگە و ئەستەمە هیچ لێدوان و کردارێک ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەوپەڕی دژەمرۆیی سەرانی ئەمریکا و ئیسڕائیل دابپۆشێت، بەڵام ئەم داواکارییە خۆی لەخۆیدا ئاماژەی بەرجەستەیە بە بێباکی ئەم دارودەستەیە بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی. نە پێشتر چارەنووسی ملیۆنان مرۆڤ بۆیان جێگەی بایەخ بووە، نە ئێستاش نیازیانە شتێکی تر نیشان بدەن.
لەم ساتەدایە لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە بەئاشكرا پێشوازی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆسەر ئێران دەکرێت. دڵخۆشی بەرانبەر ئەم جەنگە دەردەبڕن و لێکەوتە و سیناریۆی داهاتووی پاش جەنگیان بەڕوونی لای خۆیان داتاشیوە، گوایە “کۆماری ئیسلامی دەڕوخێت” یان”کورد ڕزگاری دەبێت” و هتد. بێشەرمانە و بێ پێچوپەنا دەستخۆشی لە سەرانی ئیسڕائیل و ئەمریکا دەکەن و ئایندەی کۆمەڵگای ئێرانیان بە سیاسەتی ئەم تاوانبارانەی مێژووەوە گرێداوە.
سەربەخۆ لەوەی کۆماری ئیسلامی دەڕوخێت یان نا، پێشوازی لە موشەک و جەنگ چێ دەگەیەنێت؟ کاتێک لە بیست مانگی ڕابردوودا ئیسڕائیل لەبەردەم تەواوی ئازادیخوازانی جیهاندا بۆتە مایەی نەفرەت بەهۆی ستەم لە خەڵکی فەڵەستین و بەتایبەتی ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە، دڵخۆشی و چاوەڕوانی لە دەسەڵاتی وەها فاشست چ دەگەیەنێت؟ ئەمریکایەك کەهێرشی بۆسەر هەر ووڵاتێك کردبێت، کۆمەڵگای وێران کردووە و ئایندەی خەڵکی ئەو وڵاتەی تاریك کردووە، ئایا شایستەی پێشوازی لێکردنە؟ ئایا دەرفەتی لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئەم سیاسەت و چاوەڕوانییە لە تڕامپ و سەرانی ئیسڕائیل هەیە؟
ئاکامی جەنگ و ماڵوێرانی، کە ملیۆنان مرۆڤ بەشێوەی جیاواز دەبنە قوربانی، بۆ ئەم ئاراستە سیاسییە جێگەی سەرنج نییە. کارەسات و کاولکاری، کە دەرئەنجامی چاوەڕوانکراو و دەستپێکراوی ئەم جەنگەیە، خەڵکی ئاسایی بە دڵتەزێنترین شێوە باجەکەی دەدەن، بۆ بەشێک لە حزب و لایەنی سیاسی، ئەم کارەساتانە جێگەی بایەخ نییە، بەڵكو گەشتن بە دەسەڵات بە هەر بەهایەک بێت بۆ ئەوان مەسەلەی سەرەکی و ئەسڵیە! قوربانی بەلێشاوی خەڵکی نەک نابێتە ڕێگری بەردەم سیاسەتی هەڵبژێردراویان، تەنانەت ئامادەن پاساویشی بۆ بهێننەوە، بە ڕزگاربوون لە دڕندەیی کۆماری ئیسلامی پاکانەی بکەن. تەنانەت بێشەرمانە، وەستانەوە بەرانبەر بە جەنگیش، بە پاڵپشتی لە کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دەدەن.
ئەمریکا لە هەر شوێنێک دەخالەتی سەربازی کردبێت، وێرانکارییەکی کەموێنەی پاش خۆی جێهێشتووە. پێویست ناکات بۆ ناکازاکی و هیرۆشیما بگەڕێینەوە، هەر لەماوەی ڕابردوو و لە ناوچەکە، عێراق، ئەفغانستان، سووریا و لیبیا نمونەی بەرجەستەن، کە چۆن لەسایەی سیاسەت و دەخالەتی ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپیەوە، ئەو کۆمەڵگایانە خاپوورکران و بەسەریەکدا داڕمان. لە هەر یەکێک لەو وولاتانەدا گوایە کۆتایی بە “دیکتاتۆر” هێنرا، بەڵام لەجێگەی دیکاتۆرێك چەندان سەرکردەی مافیاو کوڵە دیکتاتۆری دیکەیان خستە سەر کورسی دەسەڵات و کۆمەڵگایەکی تەواو شێواو و لەبەریەك هەڵوەشاوەو جێگای گرتنەوە. لەو کۆمەڵگایانەدا نە ئارامییەک و ئەمنەیتێک بۆ دانیشتوانانی مایەوە و نە لە خزمەتگوزارییە هەرە سەرەتاییەکان بەهرەمەندن. بەداوای چۆڵکردنی تاران، هەر لە سەرەتاوە لە زاری خۆیانەوە دەڵێن، کە سیناریۆی باشتر لە ئەزموونەکانی ڕابردوو مایەی چاوەڕوانی نییە.
لە نیوسەدەی ڕابردوودا لە ئێران بزووتنەوەی یەکجار فراوانی جەماوەری بەدیکراوە، کە لە کات و ساتی جیاوازدا هاتۆتە مەیدان. سێ ساڵ بەر لە ئێستا و لە شۆڕشی ژینا جارێکی تر بە فراوانی لە سەرتاسەری ئێراندا هاتەوە مەیدان و تواناکانی خۆی نمایش کردەوە. جەنگ گورزی گەورە دەدات لەم بزووتنەوە جەماوەرییە فراوانە. تەنانەت گورزێکی زۆر بەهێزتر لەوەی بەر کۆماری ئیسلامی دەکەوێ. لە سایەی جەنگدا، لە باشترین حاڵەتدا، وەک عێراق کۆمەڵێک دارودەستەی جیاواز بە ناوی نوێنەرایەتی کۆمەڵە گروپی جیاوازی دانیشتوان بەسەر سەری خەڵکەوە دەسەپێنن و ژیانێکی باشترییش بۆ دانیشتوان دەبێتە ئاواتێکی دوورەدەستتر.
بۆیە لەڕوانگەی جەماوەری خەڵکییەوە جەنگ نەک هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نییە، بەڵكو کارەساتی گەورە و فراوانی لەگەڵدایە، کە هەر لە ئێستاوە ئەزموون کراوە. پێشوازی و دڵخۆشی بە جەنگ، مانای گوێنەدان و بێباکییە بەرانبەر بەو کارەساتەی ڕووبەڕووی خەڵكی دەبێتەوە و ئەو پاشەکشە فراوانەی بەسەریدا دەسەپێت! لە یەک ڕستەدا، پێشوازی لە جەنگ، بە مانای بە قوربانیکردنی خەڵکی دێت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خۆ.